بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک ـ گەرمیان بەبۆنەی هەشتی ئادار - ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان
ئەمڕۆ کە یادی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان دەکەینەوە، شانازی بە ئیرادەی ئافرەتانی کوردستان و ڕۆڵی دیاریان دەکەین لە کاروانی قوربانیدان و خۆبەختکردن لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا. هەروەها مکوڕبوون و ویستی بەشداریکردنیان لە هەوڵەکانی گەشە و پێشکەوتن و چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بەرز ڕادەگرین و، باوەڕی تەواومان بە توانای تەواویان لە سەرکەوتن و داهێنان لە کۆمەڵگەدا لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کولتوورییەوە، دووپات دەکەینەوە.
لە کاتێکدا یادی ڕۆژی ئافرەتانی جیهان لە ئافرەتانی کوردستان پیرۆز دەکەین، پێویستە دیدگای سەرکردەی نەمر مستەفا بارزانی لە بەهێزکردن و پاڵپشتیکردنی ڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئافرەتان بەبیر بهێنینەوە، هەروەها دەبێت هەنگاوەکانی لە گرینگیدان و چەسپاندنی ڕۆڵ و کاریگەریی هۆشیارکەرەوەی ئافرەتان لە شۆڕشەکان و لە بنیاتنانی خێزان و نەوەکاندا لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا بەبیر بهێنینەوە، کە دیدگایەکی پێشوەختە بۆ داهاتوو دەردەخەن و پێش سەردەمی خۆی کەوتبوون. بە شانازیشەوە ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ئەو سەرکردە مەزنە بەرز ڕادەگرین لە دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە ساڵی (1952)دا کە بووە یەکێک لە گرینگترین ڕێکخراوەکانی شۆڕشی کوردستان.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە و ئێستایش یەکێکە لەو حزبە پێشکەوتنخوازانەی قۆناغی گرینگیان بەرەو چەسپاندنی ڕۆڵی سیاسیی ئافرەتان و بەشداریکردنیان لە بڕیاری سیاسیدا بڕیوە، ئەوەتا شەهید لەیلا قاسم بوو بە ڕێپێشاندەر و نموونەی ئافرەتی تێکۆشەر کە تا دواساتی ژیانی پڕ شانازیی خۆی دەستبەرداری بیر و باوەڕەکەی نەبوو.
بە درێژایی چەندین دەیەی خەباتی کورد کە بە قوربانیدان و ئالنگاری نەخشێنراوە، ئافرەتی کورد بەردەوام ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبووە، کە لە یەک کاتدا ڕۆڵی دایک و باوک و خوشک و برا و هاوسەر و هاوڕێی گێڕاوە و، خێزانەکەی پاراستووە و هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە ستەمکارانەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو و، لەو کاتانەدا کە برا و باوک و هاوسەر لە ماڵەوە نەبوون و لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی قارەماندا خەباتیان دەکرد، خێزانەکەی لە ستەمی ستەمکاران پاراستووە. کاتێکیش باوک و هاوسەر و برا شەهید دەبوون یان ڕووبەڕووی گرتن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دەبوون و، پێویست بوو بژێویی خێزانەکانیان دابین بکەن و بەخێویان بکەن، ئافرەتانی کوردستان ئەرکی باوک و هاوسەر و برایان دەگرتە ئەستۆ. لە هەمان کاتدا ئافرەتانی کوردستان قوتابخانە و مامۆستای نەوەکانمان بوون بە گیانی نیشتمانپەروەری و بەرخودان و، قەوارەی ماڵ و خێزانەکانیان پاراست و، بەم هەڵوێستە شەرەفمەندانەیە بوونە قەڵغانێک کە ڕێگر بوو لە داڕمانی خێزانی کورد و کۆمەڵگای کوردستان. هەر لەبەر ئەمەیش ئافرەتانی کوردستان بوونە کۆڵەکەی چەسپاوی ڕاگرتنی خێزانەکانیان و، فاکتەرێکی کاریگەر بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی کوردستان.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە ئافرەتانی کوردستان بە پاڵپشتیی سەرۆکی تێکۆشەر مسعود بارزانی، لە چەندین دەستکەوت بەهرەمەند بوون، کە دوایینیان بڕیاری کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی بوو، کە لە تشرینی دووەمی 2022 بەڕێوە چوو، بە زیادکردنی رێژەی ئەندامانی ئافرەت لە کۆمیتەی ناوەندی بە شێوەیەک لە 15% کەمتر نەبێت، بۆ ئەوەی ببێتە جێبەجێکردنی کردەیی دیدگای سەرۆک بارزانی سەبارەت بە گرینگی پێگەی ئافرەت لە کایەی سیاسیدا.
لە کۆتاییدا و بە بۆنەی ڕۆژی جیهانییانەوە گەرمترین پیرۆزباییمان ئاراستەی ئافرەتان دەکەین. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ئافرەتی کوردستان و سەرجەم شەهیدان وشەھیدانی ئەنفال و قوربانییانی کورد و کوردستان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان.
دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان
8ی ئاداری