بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لە یادی (32) ساڵەی ئازادکردنی شاری سلێمانی - لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991

بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لە یادی (32) ساڵەی ئازادکردنی شاری سلێمانی - لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991



لە ساڵیادی ڕاپەڕین و ئازادکردنی یەک لە دوای یەکی شارەکانی باشووری کوردستان لە بەهاری 1991دا، سڵاو لە ڕۆحی پاکی بارزانیی نەمر کە سەرکردایەتیی خەباتێکی بێوێنەی کرد لەپێناو ئازادی و شکۆ و بنیادنانی داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوو... سڵاو لە گیانی کاک ئیدریس بارزانیی هەمیشە لەیاد.

ئەمڕۆ 32 ساڵ بە سەر ئازادکردنی شاری سلێمانی لە ڕژیمی لەناوچووی بەعس لە 7ی ئاداری 1991دا تێدەپەڕێت ، دوای ئەوەی لە پێنجی ئاداری 1991دا بڵێسەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان لە ڕانیەوە دەستی پێکرد. قەڵاکانی ڕژیمی دیکتاتۆر خۆیان پێ نەگیرا لە بەرامبەر ئیرادەی گەل و خۆڕاگری و بەرخودانی کاروانی قوربانیدان لە پێناو ئازادی و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی. هەڵمەتی ڕەوای جەماوەری دڵسۆزمان و هێزی قارەمانی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتیی برای خەباتگێڕمان ڕێزدار سەرۆک کاك مەسعوود بارزانی، وەکو بەرپرسی بەرەی کوردستانی وفەرماندەی شەڕە مەیدانییەکان لە کاتی ڕاپەڕیندا، زەوییان لە ژێر پێی ستەمکاراندا هەژاند و کاردانەوەکانی باڵیان کێشا بەرەو زۆربەی ناوچە و شار و گوندەکانی باشووری کوردستان تا بە ئازادکردنی کەرکووک - دڵی کوردستان گەیشتە لووتکە.

ئازادکردنی شاری سلێمانی و ئەو شارانەی بەدوای دەروازەی ڕاپەڕین -ڕانیا- لە ٥-٣-١٩٩١ و شاری سلێمانی لە ٧-٣-١٩٩١ ئازاد کران لە ڕاپەڕینی گەلێک کە گرەوی لە سەر لەناوچوونی ڕژیمی سەرکوتکەر کردبوو، پاش ئەوەی ئەو ڕژیمە دڕندەترین شێوازەکانی سەرکوتکاری و کوشتنی بەکۆمەڵ (جینۆساید) و بۆردومانکردن بە چەکی قەدەغەکراوی جۆراوجۆری بەکار هێنا بوو گەورەترین بەڵگەی گیانفیدایی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و هێزی پێشمەرگەی قارەمانە لەپێناو ئازادکردن و پاراستنی خاکی کوردستان. ڕاپەڕینی بەهاری 1991 و هەڵمەتەکانی دواتر زۆرترین کاریگەرییان لەسەر لاوازکردنی ڕژیمی لەناوچوو هەبوو و، پایەکانی ئەزمونێکی پێشەنگ و ناوازەیان چەسپاند، کە هەرێمی کوردستانە بە دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییەوە.

لەم ڕۆژە شکۆدارەدا، پیرۆزبایی یادی ئازادکردنی شاری سلێمانی لە گەلەکەمان و سەرۆک مەسعوود بارزانی و هێزی پێشمەرگەی قارەمان و هەڤاڵانمان لە پارتی دیموکراتی کوردستان وگشت لایەنە بەشداربووەکان دەکەین و، سڵاو و دروود ئاراستەی گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕینی پیرۆز و گشت شەهیدان و شەھیدانی ئەنفالی کوردو کوردستان و و کەسوکاری سەربەرزی گشت شەهیدان و قوربانیان دەکەین.

دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان
7ی ئاداری

Top