د. تاهیرە عەبدولڕەزاق سادق ئەندامی ئۆفیسی فەرمیی ئایینی بەهائی لە كوردستان: لە ئایینی بەهائیدا ژن و پیاو یەكسانن و بڕیاری پیاو لەناو خێزاندا لە بڕیاری ژن بەهێزتر نییە

د. تاهیرە عەبدولڕەزاق سادق  ئەندامی ئۆفیسی فەرمیی ئایینی بەهائی لە كوردستان:     لە ئایینی بەهائیدا ژن و  پیاو یەكسانن و بڕیاری پیاو لەناو خێزاندا لە بڕیاری ژن بەهێزتر نییە

د. تاهیرە عەبدولڕەزاق سادق، بێجگە لەوەی ئەندامی ئۆفیسی فەرمیی ئایینی بەهائیە لە كوردستان، پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە بواری دەروونی و لە هەمان كاتدا یەكێكە لە ئافرەتانی چالاك و لێهاتوو كە ڕۆڵی گرنگی لە بواری پێكەوەژیانی نێوان ئایین و پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان هەیە و چالاكێكی بواری داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتیشە و لەم گفتوگۆیەشدا بەمجۆرە هاتەئاخاوتن:

جێگەی دەستخۆشییە بۆ بازنەی گفتوگۆ كە پرسی «ڕۆڵ و بەشداریی ئافرەتانی لە كایەی سیاسیدا» وەك پرسێكی كوردستانیی گشتگیر و پرسێك كە هەموو لایەنەكانی كۆمەڵگە لە ئاستیدا بەرپرسیارن و دەبێت هەردوولا (ژن و پیاو) پێكەوە شان بدەنە بەر بەرپرسیاریەتی بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە.

بێگومان ڕۆڵی ئافرەت لە هەموو كایەكانی كۆمەڵگەدا زۆر گرنگە، لەمەشدا نەك تەنیا ڕۆڵگێڕانی ئافرەت لە كایەی سیاسی و لە دروستكردنی بڕیاری سیاسیی ناو حزبەكاندا، بەڵكو ڕۆڵی ئافرەت لە بوارەكانی دیكەی زانستی، زانستی سیاسەت و یاسا، كۆمەڵناسی، پەروەردەیی و تەواوی بوارەكانی دیكەی كۆمەڵگە گرنگە و دەبێت ئافرەت لە هەموو بوارەكاندا ڕۆڵێكی گەورەتری پێ بدرێت و، هەوڵ بدرێت زیاتر وەبەرهێنان لە توانای ئافرەتانی كوردستاندا بكرێت.

من وەك پسپۆڕێكی بواری دەروونی، كێشەی چارەسەركردنی پرسی ئافرەتان بە دەستپێكی شێوازی پەروەردەكردنی كچان دەبینم، بۆیە خاڵی سەرەتا لەناو خێزانەكانەوە دەست پێ دەكات، بەوەی تاچەند بایەخ بە پەروەردەی كچان دەدەن و وەبەرهێنانی تێدا دەكەن، دوای ئەمەش كە دەچێتە قوتابخانە تا چەند بە شێوازێكی بەرزی ستاندەر ئەم كچە پەروەردە دەكرێت. ئەگەر لەسەر ئەم پرسە سەرنج بدەین، ئێمە دەبێت لە پەروەردەكردنێكی دروستی كچانەوە دەست بە چارەسەركردنی كێشەكانی ئافرەتان بكەین، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە كە ئێمە ئەگەر كچانمان زۆر باش پەروەردە كرد، ئەوا ئافرەتی لێهاتوو پێشكەشی كۆمەڵگە دەكەین و ئەو توانایەیان دەبێت كە بتوانن ڕووبەڕووی ئەو ئاستەنگ و تەحەددییانە ببنەوە كە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 لێرەوە ئەگەر لە چوارچێوەی پەروەردەی ستاندەر و دروستی كچانەوە سەیری ئەو ڕاپرسییە بكەین كە بۆ ئەم پرسە گرنگە ئەنجامتان داوە، دەبینین بەشێك لە ئافرەتان گوتوویانە سیاسەت كاری ئافرەت نییە، ئەمەش ڕاشكاوانە مانای ئەوەیە بە لای ئافرەتانەوە هیچ گرنگ نییە كە ئافرەتان لە كایەی سیاسەت و بڕیاردرووستكردن بەشدارییان هەبێت و هاریكاری پیاوان بكەن و ڕۆڵی كاریگەریان لە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە هەبێت.

ئەم ئاكامە بەرەنجامی ئەوەیە كە وەك پێویست وەبەرهێنانمان لە پەروەردەكردنی كچەكانمان نەكردووە، لەمەش زیاتر سیستمی پەروەردەشمان نەیتوانیوە هەر لە منداڵییەوە بایەخی هاوبەشی و هاریكاری نێوان پیاوان و ژنان لە كۆمەڵگە گەشە پێ بدات، هەتا كاتێك ئەم كوڕ و كچانە دەبنە پیاوان و ئافرەتانی ئەم كۆمەڵگەیە، پیاوان و ژنانێك بن كە بە دروستی لە بایەخ و كاریگەریی ئەم سەرمایە مرۆییە بۆ كۆمەڵگە تێبگەن و بزانن كە وەبەرهێنان لەم سەرمایە مرۆییەی (ئافرەتان و پیاوان) چەند بۆ پێشكەوتن و ئایندەی كۆمەڵگە گرنگە، بۆیە دووبارەی دەكەمەوە كە قوتابخانە هەنگاوی یەكەمە بۆ پەروەردكردنێكی تەندروستی كوڕان و كچانمان.

خاڵێكی دیكە كە دەمەوێت جەختی لەسەر بكەمەوە، تێڕوانینی ئایینە بۆ پرسی ئافرەت و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگە، من لێرەدا وەك ئەندامی ئۆفیسی فەرمیی ئایینی بەهائی لە كوردستان، دەخوازم تێڕوانینی ئایینەكەی خۆمتان بۆ پرسی ژنان بۆ باس بكەم. لە ئایینی بەهائیدا گرنگترین تێگەیشتن ئەوەیە كە بڕوای بە یەكسانیی نێوان هەر دوو ڕەگەزەكە هەیە، لە ئایینی ئێمەدا دامەزراوەی ڕۆحیمان هەیە و ساڵانە هەڵبژاردن دەكەین، بۆ ئەنجومەنی ئەو دامەزراوە ڕۆحییە ئافرەتانیش خۆیان كاندید دەكەن، تەنانەت ئەگەر ئافرەت و پیاوێك وەك یەك دەنگ بهێنن، ئەوا ئەفزەلییەت دەدرێتە ئافرەتەكە و ئەو دەبێتە ئەندامی ئەو دامەزراوە ڕۆحییە. لایەنێكی دیكە جیاوازیی ئایینی بەهائی لەگەڵ ئایینەكانی دیكە ئەوەیە كە لە ئایینی ئێمەدا پۆستی «پیاوانی ئایینی» بوونی نییە، واتە لە دامەزراوە ڕۆحییەكاندا ئافرەتان وەك ئەندام لەسەر ئاستی لۆكاڵ و وڵات و جیهانیش بوونیان هەیە، ئەندامێتیشیان هیچ جیاوازییەكی لە ڕووی ماف و ئەركەوە لەگەڵ پیاوان نییە، لەسەر ئاستی خێزانیش، ژن و پیاو یەك مافیان هەیە و نابێت هیچ كامیان بڕیاری خۆی بەسەر ئەوی دیكەدا فەرز بكات، ئەمەش بەو مانایەی بڕیاری پیاو لە بڕیاری ژن لە كاروباری خێزاندا بەهێزتر نییە.

بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان كە بووەتە نموونەیەكی باڵای پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان تەواوی نەتەوە جیاوازەكان و هەمووشمان پرسی ئافرەت وەك پرسێكی كوردستانی پێناسە دەكەین، دەتوانین ئەو لێكتێگەیشتن و تەفاهومەی لەسەر ئاستی پێكەوەژیان دروست بووە، بگوازینەوە بۆ كایەی چارەسەركردنی كێشەكانی ئافرەت و سوود لە كەلتوورە جیاوازەكانی یەكتری وەربگرین.

 

Top