بازنه‌ی گفتوگۆ ڕۆڵ و بەشداریی ئافرەتان لە كایەی سیاسیدا

بازنه‌ی گفتوگۆ  ڕۆڵ و بەشداریی ئافرەتان لە كایەی سیاسیدا

 

 

ئەڵقەی دووەم

 

ڕۆژی 14ی شوباتی 2023 لێژنەی «بازنەی گفتوگۆ» بە سەرپەرشتیی د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆبوونەوەی مانگانەی خۆی گرێ دا، بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەنجامدانی ئەڵقەی دووەمی «بازنەی گفتوگۆ»، لەم كۆبوونەوەیەدا لەگەڵ ئەوەی گفتوگۆیەكی گرنگ لەسەر چەندین پرسی تایبەت بە كێشەكانی كۆمەڵگەی كوردستان كرا، سەرەنجام دوای گەنگەشەیەكی زۆر ڕێككەوتین لەسەر ئەوەی گفتوگۆی ئەمجارە لەسەر «ڕۆڵ و بەشداریی ئافرەتان لە كایەی سیاسیدا» ئەنجام بدەین، لەبەر ئەم هۆكارانە:

1. ڕۆژی بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتی «بازنەی گفتوگۆ» نزیكە لە ڕۆژی 8ی مارس كە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانە، بۆ ئەمەش بە باشمان زانی لەگەڵ ئەو چەپكە گوڵەی بەم بۆنە جیهانییەوە پێشكەشی ئافرەتانی كوردستانی دەكەین، كۆمەڵێك بیروبۆچوون و پێشنیاری تازەشمان بە دەستەوە بێت و پێیان بڵێین: بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئەقڵییەتێكی مرۆڤسالاری سەیری كێشەی ئافرەتانی كوردستان دەكات و، چارەسەركردنی كێشەی ئافرەتان بە كۆڵەگەی پێشخستنی كۆمەڵگەی كوردستان دادەنێت.

2. كاتێك سەیری ئەو ڕێژە كەمەی ئافرەتان دەكەین لە پرۆسەی سیاسی و پرۆسەی حوكمڕانیدا، هەست دەكەین، دەسەڵاتی سیاسی و كۆی پرۆسەی حوكمڕانی نەیتوانیوە سوودێكی هێجگار باش لە سەرمایەی مرۆیی (50%) كۆمەڵگەی كوردستان وەربگرێت، كە ئەویش توانا و لێهاتوویی ئافرەتانی كوردستانە، بۆیە لەم لایەنەشەوە بە پێویستمان زانی وەبەرهێنان لە سەرمایەی مرۆیی ئافرەتانیش ئاوڕێكی لێ بدرێتەوە.

3. بەپێی توێژینەوە زانستییەكان كۆمەڵگەی خۆشگوزەران و سەركەوتوو بەرهەمی تاك (نێر و مێ)ی سەركەوتووە، تاكی سەركەوتووش لە پەروەردەی خێزانەوە بەرهەم دێت و، فاكتەری سەرەكیی ئەم پەروەردەیەش دایكە، ئەو دایكەش دەبێت خانمێكی بەتوانا و سەركەوتوو بێت، ئەوجا دەتوانێت تاكی سەركەوتوو پەروەردە بكات، ئەم خانمە لێهاتووەش لەو كۆمەڵگەیەوە بەرهەم دێت، كە كێشەی ئافرەتی تێدا دەستنیشان كرابێت.

كۆبوونەوەی «بازنەی گفتوگۆ» ئەم بەڕێزانەی بۆ گفتوگۆ و گەنگەشەی ئەم بابەتە گرنگە دیاری كرد:

1. د. سالار عوسمان، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان.

2. د. كوردستان موكریانی، ئەدیب و نووسەر و سكرتێری پێشووی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان.

3. پ.د. ڕەشاد میران، كۆمەڵناس و جێگری سەرۆكی ئەكادیمیای كوردی

4. د.خانزاد ئەحمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی خانمانی هەرێمی كوردستان.

5. كنێر عەبدوڵا، سیاسەتمەدار و چالاكوانی بواری پرسی ژنان.

6. د.شیرین حەسون سادق، ئەكادیمیست و سیاسەتمەدار و ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان.

7. د. تاهیرە عەبدولڕەزاق سادق، پسپۆڕی دەروونناس و نوێنەری ئۆفیسی فەرمیی ئایینی بەهائی لە كوردستان.

8. ئاوات حوسامەدین، خانمی ئایینی زەردەشتی.

9. شڤان حەمدی،  ئەندامی لیژنەی بازنەی گفتوگۆ.

10. پ.د. نەزاكەت حوسێن ئەندامی لیژنەی بازنەی گفتوگۆ.

11. د.جەلال ئەحمەد، سەرۆكی سەنتەری تویژینەوەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن

12. فەرهاد محەمەد ئەندامی لیژنەی بازنەی گفتوگۆ.

Top