پەیامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لە (32)مین ساڵیادی ڕاپەرینی بەهاری 1991

پەیامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لە (32)مین ساڵیادی ڕاپەرینی بەهاری 1991

 

سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر (ڕێنیشاندەری تێکۆشان بۆ ڕزگاربوون لە ستەم و، بەدەستھێنانی مافی ڕەوای گەل و ڕزگارکردنی خاکی کوردستان) و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد

ئەمڕۆ سی و دوو ساڵ بەسەر وەرچەرخانێکی مێژوویی لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستاندا تێدەپەڕێت ئەویش ڕاپەرینی سەرکەوتوی خەڵکی کوردستانە لە بەهاری 1991دا.

ئەو ڕاپەرینە بەرھەمدارە لە کاتێکدا بوو کە ستەم و کیمیاباران و ئەنفال و جینۆسایدەکردن لەلایەن ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە دژ بە گەلەکەمان گەیشتبوونە لووتکە و، لە بەرامبەر ئەمەیشدا زۆربەی دڵسۆزانی جەماوەری کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانەوە ئامادەیی تەواویان هەبوو بۆ گیانفیداکردن لەپێناو ڕزگاری و ئازادی و دیموکراسی و گەیشتن بە تەواوی مافە ڕەواکانمان .

ئەو ڕاپەرینە جەماوەرییە، ڕاپەڕینی خەڵکی خۆڕاگر و شۆڕشگێری گەلێک بوو کە هەمیشە باوەڕ و متمانەی تەواویان بە شۆڕش و بە خۆیان و بە پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان هەبوو، بۆیە لە کاتێک کە بارودۆخی خۆیی و بابەتی لە عێراق تا ڕادەیەک هاتە کایەوە، پێشمەرگە قارەمانەکان و جەماوەر بە یەکگرتوویی هەڵمەتی ڕاپەرینیان لە (5)ی ئاداری ساڵی 1991دا لە لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕینەوە بە سەرۆکایەتیی ڕێزدار کاك مسعود بارزانی دەست پێکرد و، ھەر زۆر زوو تەواوی باشووری کوردستانی گرتەوە بۆ ڕزگارکردنی خاک و خەڵکی کوردستان بە کەرکووکی دڵی کوردستانیشەوە.

ئەو ڕاپەڕینە گرینگە بووە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان بتوانێت بەشێک لە مافە ڕەواکانی بەدەست بهێنێت و، بتوانێت لە ھەڵبژاردنێکی ئازاددا فیدرالیەت بچەسپێنێت و گەل فەرمانڕەوایی خۆی بکات.

لە کاتێکدا یادی ئەم ڕاپەرینە گرینگەی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە، ھێشتا هزری شۆڤێنیی ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو بۆ تەعریب بەعارەبکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و، ستەم دژ بە ڕۆڵە دڵسۆزەکانی کەرکووک و گشت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لە دوای خیانەتی 16ی ئوکتۆبەری 2017ەوە بەردەوامیی پێ دراوەتەوە .

لێرەدا دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە ئەو جۆرە پیلانانە بەرامبەر بە گەلێك لەپێناو وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی دەیان هەزاری لە ڕۆڵەکانی کردبێتە قوربانی و ئەنفال و کیمیاباران کرابێت، بە دڵنیاییەوە بێ ئاکام و پووچەڵ دەبنەوە و گەلی سەربەرزی کوردستان دەگاتە دوا ئامانجەکانی.

لە سی ودووەمین ساڵیادی ڕاپەرینی پڕ شکۆی کوردستاندا، پیرۆزبایی گەرم لە جەماوەری دڵسۆز و سەربڵندی کوردستان و ڕێزدار جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و ھەڤاڵانی پارتیمان و دڵسۆزانی گەلەکەمان لەھەر شوێنێکدا ھەن و گشت پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین.

سەری ڕێز و نوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەرین و گشت شەهیدانی کورد و کوردستان و شەهیدانی ئەنفال دادەنوێنین
سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان

دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان
5ی ئاداری 2023

Top