سەرۆكی هەرێم و پاكێجی چارەسەر

سەرۆكی هەرێم و پاكێجی چارەسەر



لە كۆڕبەندە نێودەوڵەتییەكەی روداودا لە هەولێر، سەرۆكی هەرێم قەبارەی ئاڵانگاری و مەترسییەكانی سەر هەرێمی بچوك پیشان نەدا و گەشبینیی بێ بنەمای نەبەخشییەوە. بەڵام وەك هەمیشە نەخشەڕیی چارەسەری خستەروو، چارەی مومكین و قابیلی جێبەجێكردن نەك مەحاڵ و خەیاڵی.
روانگەی نێچیرڤان بارزانی بۆ كۆی كێشە و گرفتەكان، ئێستا بۆتە پاكێجێكی كامڵ، لە چارەی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمەوە تا چارەی كێشەی هەرێم و بەغدا، تا كێشەی بەغدا و دەوروبەرەكەی دەگرێتەوە.
لە ئاستی ناوخۆدا: سەرۆك پێیوایە ناكۆكیەكانی پارتی و یەكێتی میللەتەكەمانی ماندوو كردووە، ئەو دوو حزبە جگە لە رێكەوتن و پێكەوەكاركردن هیچ بەدیلی دیكەیان نییە، بۆیە: پارتی دەبێت لە نیگەرانییەكانی یەكێتی تێبگات، یەكێتیش دەبێ بایكۆت و گۆشەگیرییەكی بشكێنێ. لەم روانگەیەوە پەیامی سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی و كاك قوباد و تیمەكەی پێدەچێ ئیجابیانە وەڵام بدرێتەوە.
جیهان لە قەیرانی ووزەدایە، كوردستان و عێراق دەبێ یەك لە دابینكەرە سەرەكییەكانی ئەو ووزەیە بن كە جیهان پێویستییەتی، ئەمە بۆ عێراق و بۆ كوردستانیش دەرفەتێكی زێڕینە. لەو پێناوەدا دەبێ پارتی و یەكێتی تەبا بن، دەبێ لەگەڵ بەغداش رێك بن، دەنا ناتوانن وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەكانی جیهان بن و ئەم فورسەتەش لەدەست دەچێ. لەبەردەم ئەم ئاڵانگارییە گەورەیەدا سەرۆكی هەرێم پێیوایە ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی خۆمەژغوڵكردنە بە شتی بچوكەوە.
لە ئاستی عێراقدا: ئێمە و بەغدا دەبێ چیتر كات بە خەیاڵ و دروشمی بەتاڵ وبەدیهێنانی مەحاڵەوە نەكوژین، نە ئەوان دەتوانن هەرێم بگێڕنەوە بۆ پێش دەستور، نە ئێمەش دەتوانین بێ بەغدا چیتر بەرەوپێش بچین. بەغدا قوڵایی ستراتیجی كوردستانە و نابێ چیتر بە دروشمی عەوامفڕیودەر، بەغدا وەك داگیركەر لە زهنی گەنجەكانماندا وێنا بكەین. نە ئێمە لە لاوازیی بەغدا سوود دەبینین و نە عەرشی بەغداش بە پێشكەوتنی ئێمە دەلەرزێ، سەرۆكی هەرێم دەڵێ: ئێمە و بەغدا دوو قەوارەیەن لە ناو یەك دەوڵەتدا. پیادەكردنی زیرەكانەی ئەم دەستەواژەیە لە كایەی سیاسیی كوردستانی وعێراقیدا، خێرێكی یەكجار زۆری بۆ هەموو لایەك لێدەكەوێتەوە.
لە ئاستی دونیادا: ئێمەی كورد گەر لە ئیمتیحانی دیموكراسی و رێزگرتنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ژنان و ئازادی رادەربڕین و هەڵبژاردنی بە وادە و دەستاودەستی دەسەڵات و فرەیی سیاسییدا سەركەوتوو بین و پاشەكشە نەكەین، دۆستانمان سەرباری كەمبوونەوەی حەوسەڵەیان، هێشتا لە پشتیوانیمان بەردەوام دەبن، بەڵام ئەگەر لەو ئیمتیحانەدا نمرەكانمان لە كورتی بدەن، حەوسەڵەی دۆستانمان رۆژێك دێت كۆتایی دێت. سەرۆكی هەرێم پێیوایە هەم هەرێم و قەوارە و ئەزمونەكەمان، هەم ئەو ئازادی و مافانەی خەڵكەكەشی كە بە خوێن و خەباتێكی زۆر بەدەستهاتوون، بۆ ئەوە ناشێن پاشەكشەیان لێ بكرێ و لەدەستبدرێن.

Top