سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سكرتێرى گشتيى ‏UN‏ كۆبوونه‌وه‌‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سكرتێرى گشتيى ‏UN‏ كۆبوونه‌وه‌‏

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2023/3/2 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر، پيشوازى له‌ به‌ڕێز ‏ئه‌نتۆنيۆ گۆتێرێس، سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان كرد.‏

پاشان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌نگاوەكان و گفتوگۆى نێوانيان بۆ چاره‌سه‌كردنى ‏كێشه‌كان، كارنامه‌ى حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و دۆخى شه‌نگال، خرانه‌ به‌ر باس و ‏تاوتوێ كران.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى بنه‌ماكان و ڕێككه‌وتنى پێكهێنانى ‏حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و كارنامه‌كه‌ى خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ ‏كه‌شێكى ئه‌رێنى له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا هه‌يه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، ‏چاوه‌ڕوانيش هه‌يه كە به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى ‏كارنامه‌ى حكوومه‌ت جدييه‌. به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانى له‌ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌زر نرخاند.‏

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان خۆشحاڵيى خۆى به‌ ‏هه‌نگاوه‌كانى گفتوگۆى نێوان هه‌ولێر ـ به‌غدا نيشان دا و پشتگيريى نه‌ته‌وه‌ ‏يه‌كگرتووه‌كانى بۆ هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان دووپات كرده‌وه‌. ‏

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌دا باس له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرا. له‌مباره‌يه‌وه‌ ‏سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وە‌ك سە‌رۆكی ھە‌رێمى كوردستان لە‌ ‏كاتی یاسایيی خۆیدا ڕۆژی ھە‌ڵبژاردن دیاری دە‌كات و دە‌بێ لە‌مساڵدا ھە‌ڵبژاردن ‏ئە‌نجام بدرێت.‏

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستى و گرنگيى جێبه‌حێكردنى ڕێككه‌وتنى ‏حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى ‏دۆخى شه‌نگال، تا ببێته‌ هانده‌ر و ڕێخۆشكه‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ ئێزدييه‌كان بۆ ‏سه‌ر زێد و ناوچه‌كانيان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌يان.‏

ده‌رباره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانيش، به‌ڕێز سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ ‏يه‌كگرتووه‌كان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ ناوخۆييه‌كان و يه‌كڕيزيى ‏لايه‌نه‌ سياسييه‌كان‌، پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى عێراق و له‌ ‏ده‌ره‌وه‌ش به‌هێز ده‌كات. ‏

چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سكرتێرى گشتيى ‏UN‏ كۆبوونه‌وه‌‏
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سكرتێرى گشتيى ‏UN‏ كۆبوونه‌وه‌‏
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سكرتێرى گشتيى ‏UN‏ كۆبوونه‌وه‌‏
Top