بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لە ساڵیادی کۆچی دوایی سەرکردە مستەفا بارزانی

بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لە ساڵیادی کۆچی دوایی سەرکردە مستەفا بارزانی




ئەمڕۆ چل و چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ڕێبەری نەتەوەی کورد و باوکی ڕۆحیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و کوردستان، تێکۆشەری نەمر مستەفا بارزانی تێدەپەڕێت...

ماوەی نێوان ساڵیادی کۆچی دوایی لە یەکی مانگی ئاداردا و ساڵیادی لەدایکبوونی لە 14ی ئاداری 1904 تەنیا چواردە ڕۆژە و، لە نێوان ئەو دوو ڕێککەوتەدا حەفتا و پێنج ساڵ باوەڕی ڕەها بە دۆزی کورد و کوردستان چڕ بووەتەوە، سەرباری ئەو کاتە سەختانەی ماف و خواستەکانی گەلی سەربەرزمان داگیرکراو بوون. لەبەر ئەمەیش گەلی کورد لە سەرانسەری هەر چوار پارچەی کوردستان، خۆشیان ویست و چەکیان لەگەڵ هەڵگرت و لە ژێر ئاڵا و سەرکردایەتیی ئەودا خەباتیان کرد. ڕێباز و تێکۆشان و قوربانیدان و خۆڕاگریی ئەم سەرکردە گرینگە لە ئاست ئالنگارییە جۆراوجۆرەکان و، جوامێریی لە سەرکردایەتیکردنی شۆڕشگێڕان و، فەلسەفەی خەباتگێڕانەی کە ئەو پەیماننامە نێودەوڵەتییانەی پەیڕەو کرد کە مافی گەلان بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان زامن دەکەن و بنەماکانی دیموکراسیی ڕاستەقینە دەچەسپێنن، بوو بە ڕێبازێک بۆ بزووتنەوەی کورد بە گشتی و بۆ نەوە لە دوای نەوەی گەلەکەمان و، ئێمەیش پێشمەرگەی ئەو ڕێبازە پیرۆزە دەبین لەپێناو بەدەستهێنانی گشت مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و لە بەرەوپێشبردن و پاراستنیان بەردەوام دەبین.

مستەفا بارزانی تەنیا سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕ نەبوو، بەڵکو دیپلۆماتکارێکی نیشتمانپەروەر و سیاسەتمەدارێکی هەڵکەوتووی بێوێنە بوو، بە لێهاتووییەک سەرکردایەتیی دیپلۆماسیەتی کوردی کرد کە دوژمنانی ناچار کرد دان بە ڕەوایەتیی خەباتی کورددا بنێن، هەروەها پرسی کوردی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەرجەستە کرد و، هەستی نەتەوەیی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا چەسپاند و، بوو بە فاکتەرێکی جەوهەری بۆ داڕشتنی بناغەکانی خەباتی کورد و، سروشتی دۆزی کورد و کوردستان و، پرەنسیپەکانی خەباتی گەلی کورد، ئەوە بوو ناسنامە و خەباتی کورد و کوردستان بە ناو و خەباتی ئەو سەرکردە سەربەرزەوە گرێ دران. هەڵوێستی مەبدەئیی ئەم سەرکردە مەزنە لە کاتی دانوستانەکان بۆ گەڕانەوەی شەرەفمەندانەی لە یەکێتیی سۆڤیەتی جارانەوە بۆ عێراق لە پاش شۆڕشی 1958دا نموونەیەک بوو لە هاوئاهەنگیی گیانی شۆڕشگێڕانە لەگەڵ هەستی نەتەوەیی و چەسپاوەکانی پرسی کورد و بنەما سیاسییەکان و دانوستانە دیپلۆماسییەکان. لەو کاتەدا کە دنەدەر و خەڵاتی جۆراوجۆری پێشکەش کرا، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر جێبەجێکردنی بەشێکی داواکارییەکانی گەلی کورد بگەڕێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی پرسی کورد پارچە پارچە نەبێت ئەوەی ڕەتکردەوە و، دەستەواژە بەناوبانگەکەی "سازش لە سەر کوردستان نییە" تا ئەمڕۆ بوو بە سەرمەشق بۆ خەباتی کورد لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە جۆراوجۆرەکاندا. ئەوەی سەرکردە بارزانی جیا دەکاتەوە، پێداگری و ئیرادەی درێژەدانی بوو بە گوڕی خەباتی کورد. ئەوە بوو لە دەیە جیاجیاکانی سەدەی ڕابردوودا سەرکردایەتیی چەندین شۆڕشی گەورەی لە کوردستاندا کرد و، ئەو شۆڕشانە ترسیان خستە دڵی ڕژێمە دیکتاتۆرییە کەللەڕەقەکانی ناوچەکە و، پیلانگێڕیی دژ بە خواستەکانی گەلی کوردیان تێکشکاند، تا ئەو ڕادەیەی وای لە دوژمنانی سەرسەختی یەکتر کرد هاوپەیمانی لە دژی سەرۆکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان مستەفا بارزانی ببەستن، بۆ ئەوەی زەبر لە کاروانەکەی بدەن، بەڵام شکستیان خوارد و ئەو هاوپەیمانییانە بوون بە مایەی ماڵوێرانی و شەڕی درێژخایانی نێوانیان، لە کاتێکدا کاروانی خەبات و تێکۆشانی بارزانیی سەرکردە بەردەوام بوو و، سەرەڕای ئەو هەموو پیلانگێڕییانە ڕێبازە پیرۆزەکەی بەردەوام بوو.

لە ساڵیادی کۆچی دواییدا، سەری ڕێز بۆ قوربانیدان و خۆبەختکردنی گەورەی لە پێناو گەلی کوردستان لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان دادەنەوێنین و، بەڵێنی پێ دەدەین کە ئێمەی ڕۆڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە کەرکووک کار دەکەین، "سازش" ناکەین و بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ گشت چاکەخوازاندا لەپێناو پاراستنی "کەرکووکی دڵی کوردستان" وەک جەنابیان لە وتە بەناوبانگەکەیدا وەسفی کردووە و باوەڕی تەواوی ئەو سەرکردە نەمرەمان بە گرینگیی پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بۆ هەمیشە چوارچێوەی کارەکانمان دەبێت لەم پارێزگا ئازیزەدا.

دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان
1ی ئاداری 2023
Ahmad
Ahmad Glli
سڵاو رێز برای خۆشه‌ویست... زۆر سوپاست ده‌كه‌م گه‌ر ئه‌رك بكێشی له‌سایته‌كه‌مان بڵاوی بكه‌ن

Top