ئاماژەكانی قورئان بۆ ڕۆڵی ئینسان لە پاراستنی ژینگە و ژیان

ئاماژەكانی قورئان بۆ ڕۆڵی ئینسان لە پاراستنی ژینگە و ژیان

 

 

لە دواهەفتەی مانگی ئاداری ساڵی 2004 كە ئەو كات وەزیری ژینگەی عێراق بووم، هاوڕێ لەگەڵ وەزیرانی ژینگەی وڵاتانی عەرەب بەشدار بووم لە سیمیناری ژاپۆنی -عەرەبیی وەزیرانی ژینگە لە تۆكیۆی پایتەخت.

لەو دیدار و كۆبوونەوانەی كە بۆم ڕێك خرا لەگەڵ هەر یەك لە بەڕێزان:

خاتوو یۆریكۆ كۆیكە وەزیری ژینگەی ژاپۆن.

خاتوو یۆریكۆ كاواگۆچی وەزیری دەرەوەی ژاپۆن.

كۆیچی ئۆباتا باڵیۆزی ژاپۆن لە شانشینی ئوردن.

ماسا میتسۆ ئۆكی باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق.

سوچی كاتۆ بریكاری وەزیری ژینگەی ژاپۆن.

ساتۆشی تاناكا بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوكاریی ژینگەیی لە وەزارەتی ژینگەی ژاپۆن.

ئیشینۆ كۆیا بەڕێوەبەری نووسینگەی نێودەوڵەتیی ژینگەیی لە وەزارەتی ژینگەی ژاپۆن.

موخلیس عەلی ڕەجەب: كارمەند لە باڵیۆزخانەی عێراق لە ژاپۆن.

ئەم بەڕێزانە جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە ئەزموونی ژاپۆن ئەم سیفاتانەی هەیە:

یەكەم: ئەوان دەڵێن بۆ پێشكەوتن ڕێگەیەكی دیكە هەیە، جیا لە ڕێگەی ڕۆژئاوا.

دووەم: دەبێت پێشكەوتنی ماددی هاوشانی پارێزگاریكردن لە داب و نەریتی خۆماڵی بێت.

سێیەم: پاراستنی زمان و ڕێنووسی نەتەوەیی كە زیاتر لە (3000) پیت و وێنە و ڕەمزە.

چوارەم: توندوتۆڵیی كۆمەڵایەتی و تاك لە خزمەتی كۆمەڵگەدا.

پێنجەم: ئەوپەڕی پێشكەوتن بۆ ئافرەت لەگەڵ بەختەوەریی خێزان و بایەخدان بە منداڵ.

شەشەم: ئایین لای ئەوان ڕەوشت و ڕاستگۆیی ڕاپەڕاندنی كارە.

ئەم خاڵەی دوایی زۆر بە جوانی لە گشت بوارەكانی ژیانیاندا ڕەنگی داوەتەوە، بەتایبەت لە بواری پاراستن و چاككردنی ژینگەدا.

بۆیە بە باشم زانی كە تیشكێك بخەمە سەر پاراستن و چاككردنی ژینگە لە ڕوانگەیەكی ئایینییەوە، بە ئومێدی ئەوەی كە ئایین لای ئێمەش ڕەوشت و ڕاستگۆیی ڕاپەڕاندنی كار بێت.

سێ بنەمای سەرەكی هەن، كە قورئانی پیرۆز ئاماژەی بۆ كردوون وەك ڕێنماییەك بۆ مرۆڤەكان، بە مەبەستی مامەڵەكردنێكی تەندروستانە لەگەڵ ژیان بەگشتی و ژینگە بەتایبەتی، كە ئەوانیش بریتین لە:

 

1. جێنشینی:

خودای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت (وإذ قال رِبك للملائكة إني جاعل في الأرض خليفة) البقرة: 30، بە واتای ئەوەی كە مرۆڤ تەنیا بوونەوەرێكە لە سەر زەویدا، زەویش تا ئێستا تەنیا لانكە و ماڵی مرۆڤەكانە بۆ ژیان، بۆیە دەبێت هەموو مرۆڤێك لەو ڕاستییە بگات، كە جگە لەو، كەسی دیكە نییە كارەكانی ئەو بكات، بۆیە نابێت كەمتەرخەم و خەمسارد و ناكارا بێت لە ئاست ماڵەكەیدا، كە گۆی زەوییە.

 

2. خستنەبەردەست:

خودای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت (وسخر لكم ما في السموات وما في الأرض) الجاثية: 13، خودا بە حیكمەتی خۆی ئەم بوونەوەرەی وەك سپاردە و ئەمانەتێك خستووەتە بەردەستی مرۆڤەكان، بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن، دواتریش بە جوانی و پاكیی خۆیەوە ڕادەستی نەوەكانی دوای خۆیانی بكەن، چونكە بوونەوەر موڵكی گشت نەوەكانە، نەك نەوەیەك، لێرەوە مرۆڤی چاك ئەو كەسەیە كە ئەم ئەمانەتە بپارێزێت و پاك ڕایبگرێت و ڕادەستی بكات، مرۆڤی خراپیش ئەوانەن كە بوونەوەر تێك دەدەن و پیسی دەكەن و بە شێوێندراوی ڕادەستی نەوەی دوای خۆیانی دەكەن.

 

3. ئاوەدانكردنەوە:

خودای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت :(هو أنشأكم من الأرض واستعمركم فيها) هود: 61، ئاوەدانكردنەوەی زەوی بۆ ئامادەكردنیەتی بۆ عیبادەت، بە مانا فراوانەكەی و جێبەجێكردنی ڕێنمایی و فەرمانەكانی خودا، ئاوەدانكردنەوەش داوای خودایە لە هەموو مرۆڤەكان و، هەموو پێغەمبەرانیش (دروودی خودایان لەسەر) ئەم ئەركەیان بیری مرۆڤ خستووەتەوە، بۆیە ئیمامی (قورتوبی) لە بەرگی (3)ی (احكام القران)دا دەڵێت: (ئیستعمار داوایە لە مرۆڤ بۆ ئیعمار، داواش ئەگەر لە خوداوە بوو، دەبێتە واجیب).

هەروەها ئیمامی (ماوەردی)یش دەڵێت: (ئاوەدانكردنەوە و فراوانكردن بە هاوكاری و شەراكەت و هاوبەشی، ئاشتی و هەرزانی و خۆشی بۆ هەمووان دەستەبەر دەكات).

 

Top