پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی(٧٠)ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان
بەڕێزان/ سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و هەڤاڵانی لیژنەی ڕاپەڕاندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان..
ئەمڕۆ یادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانە، ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرەی کە بەر لە(٧٠) ساڵ بە بڕیار و ڕێنمایی (بارزانیی نەمر) و پارتی دیموکراتی کوردستان لە(١٨ـی شوباتی ١٩٥٣)دامەزرا، دەسکەوتێکی دیکە و گرنگی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان و، هەروەها یەکەمین سەکۆ و بڵندگۆی ڕێکخراوەیی و پیشەیی قوتابیانە لە مێژووی دێرین و نوێی ئەو توێژەدا.
یەکێتیی قوتابیانی كوردستان، ڕێکخراوێکی گرنگی ناو بزاڤی ڕێکخراوەیی کۆمەڵگاکەمانە، لەبەرئەوەی قوتابیان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە پێشکەوتن و گۆڕانکاری و بەرەوپێشبردنی وڵات و کۆمەڵگا.
ڕۆڵ و سەنگی یەکێتیی قوتابیانی كوردستان لە هەموو بارودۆخێکدا بایەخدار و هەستیار بووە، هەمیشە هێزێکی کۆمەڵایەتی و مەدەنی بووە و لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی پێگەیاندن و هۆشیارکردنەوە و زانستدا.
بە درێژایی خەباتی ڕێکخراوەیی خۆی وەک نوێنەری ڕاستەقینەی توێژی قوتابیان، بەرپرسانە داکۆکی لە داخوازییەکانی سەرجەم قوتابیان و پاڵپشتی داواکاری و خواستە ڕەواکانیان بووە، هەروەکو لەسەرجەم قۆناغەکانی خەباتی رزگاریخوازیی نەتەوەییشماندا ئامادەگی و ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، بۆیە ئەو مێژووە پڕبەخششەی جێگای شانازییە، کە بەدەیان سەرکردە و کەسایەتیی ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداری پێگەیاندووە.
ئاواتەخوازین بۆ لەمەودواش بە گیانی بەرپرسیاریەتی و دڵسۆزانە بەردەوامبن لە نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم قوتابیانی کوردستان و، بەپێی گۆڕانکارییەکانی قۆناغەکەش نوێکاری لە کاری ڕێکخراوەییدا بکەن و کار و چالاکییەکانتان لە هەموو ئاستێکدا پەرە پێبدەن بەجۆرێک کە لە خزمەت ئەو توێژە و ڕەوتی زانست و خوێندن و ڕۆشنبیری و پەروەردەی دروست و، دروستکردنی تاکی بەرهەمدار بێت لە وڵاتەکەماندا.
بەو بۆنەیەوە وێڕای پیرۆزباییمان بۆ ئێوە و سەرجەم کادیر و ئەندامانی ڕێکخراوەکەتان و تێکڕای قوتابیانی کوردستان، پشتیوانیی خۆمان بۆ خواست و داواکارییەکانتان دووبارە دەکەینەوە، ئومێدەوارین هەردەم لە ئاست ئەو پەیامە پیرۆزەتان بن و دەسکەوتی زیاتر بۆ قوتابیان بەدی بێنن.
سڵاو لە گیانی پاکی ئەو پێشەنگ و سەرکردە و کادیرە نەمرانەی لە رێگای خەباتی یەکێتیی قوتابیان کوردستان گیانیان بەخشی..
سڵاو لە خەبات و بیرەوەریی (٧٠) ساڵەی دامەزراندن و تێکۆشانی بەردەوامی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان..
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٨ـی٢ـی٢٠٢٣