نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایی له‌ یەکێتیی قوتابیانی کوردستان ده‌كات

نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایی له‌ یەکێتیی قوتابیانی کوردستان ده‌كات


هەڤاڵان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت، سەرجەم هەڤاڵانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان

حەفتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، بە گەرمی لە خۆتان و تێکڕای ئەندامانی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و قوتابیانی کوردستان به‌گشتى پیرۆز دەکەم، هیوادارم ئەم یادە هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ برەودانی زیاتر بە خەباتی ڕێکخراوەییتان لەپێناو ماف و خواستەکانی قوتابیانی کوردستاندا.

یەکێتیی قوتابیانی کوردستان خاوەنى مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە، قوتابخانەیەکی نیشتمانی بووە بۆ پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و تێکۆشەری دیاری گەلەکەمان کە ڕۆڵی گرنگیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازیماندا بینیوە، چەندین شەهیدی قارەمانی بەخشیوەتە گەل و نیشتمان.

یەکێتییەکەتان وێڕاى به‌رپرسیاریه‌تیی ڕێکخراوەیی بۆ بەرگری لە مافه‌كانى قوتابیان و پێشکەوتنی توانای زانستی و پەرەپێدان بە بەهرەکانیان كه‌ له‌گه‌ڵ پێشکەوتنی خێراى سەردەم لە بواری زانست و خوێندن و پەروەردەدا بێت، بەرپرسیاریەتیی پێگەیاندنی تاکی هۆشیار و کادیری دڵسۆز و کارمەندی لێهاتووى له‌ ئه‌ستۆدایه‌ بۆ خزمەتی نیشتمان و کۆمەڵگە، هه‌روه‌ها بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی لێبوردەیی و یەکڕیزی و تەبایی و پاراستنی پێکەوەژیان و ئاشتی، بۆ ئەو مەبەستەش وه‌ك هه‌میشه‌ پشتیوانتان دەبین.

کار و خەباتی مەدەنیانەتان بەرز دەنرخێنین. هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین.

بەرز و شکۆدار بێت یادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان.

دروود بۆ گیانی پاكى شەهیدانى یەکێتیی قوتابیان و سەرجەم شه‌هیدانی کوردستان.

 

نێچیرڤان بارزانى

١٨/٢/٢٠٢٣

Top