نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: کۆچی دوایيی پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا حەمید ئەفەندی، زۆر خەمگینی کردم

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:  کۆچی دوایيی پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا حەمید ئەفەندی، زۆر خەمگینی کردم

بۆ بنەماڵە و هەڤاڵانی تێکۆشەری دێرین و ئازا حەمید ئەفەندی

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایيی تێکۆشەری دێرین و سیاسەتکار و وەزیری پێشمەرگە لە کابینەی چوارەم، حەمید ئەفەندى ـ م پێگەیشت. کۆچی دوایيی پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا حەمید ئەفەندی، زۆر خەمگینی کردم.

خوالێخۆشبوو حەمید ئەفەندی، وەک کادیرێکی لێهاتوو و پێشمەرگەیەکی ئازا، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا بە ڕابەرایەتيی بارزانيی نەمر. ڕۆڵێکی گرنگی لە وشیاکردنەوەی جەماوەردا دەگێڕا. لە کاتی نسکۆی شۆڕشدا زۆر خۆڕاگر بوو، زۆر جێگەی متمانەی خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی و سەرۆک مەسعوود بارزانی بوو. لە کاتی سەرکردایەتيی کاتيی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا، ڕۆڵێکی زۆر گرنگی گێڕا لە خەباتی پێشمەرگایەتی و سیاسیدا. بەرپرسیاريه‌تيی گەورەی لە هەموو ناوچەکانی شۆڕشدا بەوپەڕی لێزانییەوە ئەنجام دا.

کاک حەمید ئەفەندی، ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا و لە بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین، هەروەها لە کابینەی چوارەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا وەک وەزیری پێشمەرگە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو. سەرەڕای تەمەنەکەی، لە شەڕی داعشدا بەشدار بوو و ڕۆڵی ئازایانەی گێڕا.

لەدەستدانی تێکۆشەرێکی ئازا و لێزانی وەک کاک حەمید ئەفەندی، زیانێکی زۆر گەورەیە بۆ گەلی کوردستان، بەڵام ڕۆڵی ئەم تێکۆشەرە مەزنە بە خەباتی خۆی، هەمیشە لە یادی ئێمە و هەڤاڵانی و گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2023/2/17

Top