دەستەی ژینگە:پوختەی كاری ساڵی ڕابردوو، كورتەی پلانی داهاتوو

دەستەی ژینگە:پوختەی كاری ساڵی ڕابردوو، كورتەی پلانی داهاتوو

 

 

هەندێك لە كارەكانی دەستەی ژینگە لە ساڵی 2022 دا

یەكەم: لە بواری كارگێڕی و یاسایی و دارایی

1- لە بواری كارگێڕیدا: كردنەوەی فەرمانگەی ژینگە لە پارێزگای هەڵەبجە.

كردنەوەی فەرمانگەی ژینگە لە سۆران.

وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كردنەوەی فەرمانگەی ژینگە لە زاخۆ و دابەزاندنی دەسەڵات بۆ فەرمانگەكانی ژینگە، بە مەبەستی كەمكردنەوەی ڕۆتین.

پەسەندكردنی پەیكەری نوێی دەستەی ژینگە.

2- لە بواری یاساییدا : پێداچوونەوە بە هەردوو یاسای ژمارە (8) ساڵی (2008) و، یاسای ژمارە (3)ی ساڵی (2010) بە مەبەستی هەمواركردنەوەیان لە بەرژەوەندی ژینگەی كوردستاندا.

ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2022 ی تایبەت بە دانانی چاودێریی ژینگەیی لەسەر پڕۆژەكان.

ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2022ی تایبەت بە بەخێوكردنی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی.

ڕێنمایی ژمارە (3)ی ساڵی 2022ی تایبەت بە پۆڵێنكردن و مەرجە ژینگەییەكانی پڕۆژەكان.

ڕێنمایی ژمارە (4)ی ساڵی 2022ی تایبەت بە پاراستنی چینی ئۆزۆن.

ڕێنمایی ژمارە (5)ی ساڵی 2022ی تایبەت بە سەرچاوە تیشكدەرەكان.  هەمواركردنەوەی ڕێنمایی تایبەت بەر ڕاوكردن.

هەمواركردنەوەی ڕێنمایی تایبەت بە سزادانی سەرپێچییە ژینگەییەكان.

3- لە بواری داراییدا: ڕێنمایی (2)ی ساڵی 2022 وەزارەتی دارایی تایبەت بە ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی كاریگەریی ژینگەیی.

ڕسووماتی پشكنینی سەرچاوەكانی تیشك. ڕسووماتی بەخێوكردنی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی، ڕسووماتی پشكنینەكانی تاقیگە.

دووەم: لە بواری هونەری و تەكنیكیدا ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی كاریگەریی ژینگەیی بۆ پڕۆژەكان لەلایەن فەرمانگەكانی ژینگەوە. كاراكردنی پەیڕەوی تایبەت بە پێكهێنانی لێژنەی باڵای پارێزراوە سرووشتییەكان و بەشداریی شاندی دەستەی ژینگە لە كۆنفڕانسی گلاسكۆ لە بەریتانیا.

بەشداریكردنی شاندی دەستەی ژینگە لە كۆنفڕانسی (شرم الشیخ) لە وڵاتی میسر بوون بە ئەندام لە 15 لێژنەی نیشتمانیی تایبەت بە بوارەكانی ژینگە لەسەر ئاستی عێراق. هاوكاری و هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدان. پەسەندكردنی پلانی ساڵی 2023ی تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە

سێیەم: لە بواری هۆشیاریی ژینگەیی و ڕاگەیاندن: نووسین و دابەشكردنی دە هەزار دانە لە كتێبی ڕێبەری ژینگەیی بۆ ناوەندەكانی خوێندن بە هاوكاریی دەزگای ڕوانگە.

بەشداربوونی ڕۆژانە لە كەناڵەكانی میدیا و ڕاگەیاندن بۆ پێدانی زانیاری و هۆشیاریی ژینگەیی.

كاراكردنی پەیجی دەستەی ژینگە و گەیاندنی زانیاریی ژینگەیی بە زۆرترین كەس.

دیاركردنی ڕۆژی ژینگەی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ.

چوارەم: لە بواری پەیوەندیی لەگەڵ وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمدا

بەردەوامیی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگە و نوێكردنەوەی پەیڕەوی ئەنجومەن، ڕێكخستنەوەی كۆبوونەوەكانی و تەوەری باسەكانی.

پێنجەم: لە بواری پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عیڕاقدا

بوون بە ئەندام لەگشت ئەو ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییانەی تایبەتن بە بوارەكانی ژینگە، كە عێراق واژۆی لەسەریان كردووە.

ئەنجامدانی وۆڕكشۆپی هاوبەش لە بوارەكانی ژینگە لە بەغدا و هەولێر. پێكەوە ئامادەكردنی ستراتیژیەتی درێژخایەن بۆ ژینگە، هەماهەنگی لە داڕشتنی سیاسەتی ژینگەیی بەپێی دەستوور. دانانی سیستمی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە لەبارەی ماددە تیشكاوەرەكانەوە لە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر و سلێمانی و دهۆك.

شەشەم: لە بواری پەیوەندی لەگەڵ كونسووڵخانەی وڵاتاندا كونسوڵخانەی ژاپۆن دامەزراندنی پڕۆژەی ڕیسایكلینی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان. كونسووڵخانەی وڵاتی چین بۆ دروستكردنی پاركێكی ژینگەیی. كونسووڵخانەی ئەمریكا بۆ وەبەرهێنانی ژینگەیی لە هەرێمی كوردستان.

پێداچوونەوە بە یاسا و ڕێنماییە ژینگەییەكاندا لەلایەن ڕێكخراوی (جی ئای زێد) بە هاوكاریی كونسووڵخانەی ئەڵمانیا.

هەوڵدان بۆ دابینكردنی پێداویستیی تاقیگەی ژینگەیی لەلایەن ككونسووڵخانەی بەریتانیاوە. هەوڵدان بۆ دامەزراندنی پارێزراوی سرووشتی لەلایەن كونسووڵخانەی وڵاتی ئیماراتەوە.

حەوتەم: پەیوەندیی زانستی لەگەڵ زانكۆكانی هەرێم

1- یاداشتنامەی لێكگەیشتن لەگەڵ بەشی زانستەكانی ژینگەی كۆلێژی زانستی زانكۆی سەڵاحەددین.

2- یاداشتنامەی لێكگەیشتن لەگەڵ سەنتەری توێژنەوەی ژینگەیی زانكۆی كوردستان.

3- یاداشتنامەی لێكگەیشتن لە نێوان فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی و كۆلێژی زانستی زانكۆی سلێمانی.

4- ئەنجامدانی سیمیناری ژینگەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان.

پلانی ساڵی 2023ی ئەنجومەنی ژینگە لە بارەی گۆڕانكاریی كەشوهەواوە

لە بەر مەترسیی ئاسەوارە زیانبەخشەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لە هەرێم و عێراقدا، ئەنجومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان كە سەرۆك و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەكانی دەستەی ژینگە و نوێنەرانی زۆربەی وەزارەت و دەستەكانی تێدا ئەندامن، توانی ئەركەكانی هەر وەزارەت و دەستەیەك دیاری بكات لە بواری كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گازە گەرمكارەكان و خۆگونجاندنیش لەگەڵ هەندێك لە ئاسەوارەكانی گۆڕانی كەشوهەوا. هەروەها لە ڕووی پەیكەرییشەوە ئەنجومەنی وەزیران لە هەنگاوێكی بایەخداردا ڕەزامەندیی نیشان دا بە كردنەوەی بەشی گۆڕانكاریی كەشوهەوا لە دەستەی ژینگە، وەك بەدەمەوەچوونێك بۆ ئەو بایەخپێدانە جیهانییەی كە بۆ پرسی گۆڕانی كەشوهەوا هەیە.

بۆیە لە پاڵ ئەركە سەرەكیی و هەنووكەییەكاندا، ئەنجومەنی ژینگە لە پلانی ساڵی داهاتوویدایە، كە كاری زیاتر لەسەر بابەتی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بكات، ئەمەش بۆ باشتر بەدیهێنانی ئامانجەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە مەبەستی:

یەكەم: جێبەجێكردنی پابەندییەكانی نێو بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكانی پەیوەست بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا.

دووەم: بەجێهێنانی ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام و قەڵاچۆكردنی هەژاری و پاڵپشتییكردنی توێژ و چینە زیانلێكەوتووەكان بە هۆی گۆڕانی كەشوهەوا، كە هەندێك لە ئاسەوارەكانی دەركەوتوون، وەك كەم ئاوی و بەبیابانبوون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، كەمبوونی ڕووبەری سەوزایی.

سێیەم: داواكردن لە دەستە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ پاڵپشیكردنی هەرێمی كوردستان، بە تەكنۆلۆژیای هاوڕێی ژینگە و، سوودوەرگرتن لە سەرچاوەكانی وزەی نوێبووەوە و خاوێن.

چوارەم: سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو بۆ گواستنەوە بەرەو كشتوكاڵكردنی زیرەك و فرەچەشنكردنی ئابووری.

پێنجەم: بایەخدان بە وەبەرهێنانی ژینگەیی، زەمینەسازی و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ كۆمپانیا بیانییەكان بۆ كاركردن لە بواری وەبەرهێنانی ژینگەییدا، وەك ئەو جۆرە پڕۆژانەی كە دەبنە مایەی كەمكردنەوەی گۆڕاكارییەكانی كەشوهەوا، یان بە هۆیانەوە مرۆڤ دەتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئاسەوارەكانیدا، لە نموونەی ئەو پڕۆژانە:

1- هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كارەبا بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر و ئاو و با.

2- هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە بۆ دابینكردنی هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتیی بەردەوام.

3- هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بۆ پڕۆژەی بینا و باڵەخانەی ڕێگەوبانی ژینگەیی.

4- هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ دامەزراندنی پارێزراوە سرووشتییەكان.

5- هاندانی بانكە تایبەتەكان بۆ پشتگیریكردنی پڕۆژە بچووكەكانی تایبەت بە لاوان و ئافرەتان لە بواری ئەو كارانەی كە ئاسەوارەكانی گۆڕانكاریی كەشوهەوا كەم دەكەنەوە.

6- هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی بۆ پڕۆژەكانی ڕیسایكلینی ئاوی قورس و پاشەڕۆكان و سەوزكردنی شار و زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی.

7- هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، بۆ كاركردن لەسەر سوود وەرگرتن لە تەكنۆلۆژیای نوێ لە بواری پیشەسازیی نەوتدا.

8- بەردەوامیدان بە پڕۆژە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە بواری دابینكردنی وزەی خاوێندا.

9- كاراتركردنی لێژنەی گۆڕانكاریی كەشوهەوای هەرێم لە ڕێگەی سەرپەرشتیكردنی لەلایەن سەرۆكی دەستەی ژینگەوە.

 

 

Top