ئایدن مەعرووف وەزیری كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: سەرۆك بارزانی وەكو خەمخۆر و مەرجەعی گەلی كوردستان گرنگییەكی زۆری بە پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكان داوە
یەكێك لە سیما جوانەكانی هەرێمی كوردستان پرسی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانە، كە نەك تەنیا لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە، بەڵكو لە ڕووی جیهانییشەوە كوردستان بە مەكۆی پێكەوەژیانی نێوان ئایین و ئایینزا و پێكهاتەكان دادەنرێت. ئەم پرسە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری سەرەكیی دیداری گۆڤاری گۆڵان لەگەڵ ئایدن مەعرووف وەزیری كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.
* یەكێك لە جوانییەكانی هەرێمی كوردستان كە بووەتە جێگای شانازیی هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، ئەو پێكەوەژیانەیە كە ئێستا لە كوردستان هەیە، هەموو جیهانیش بە چاوی ڕێزەوە سەیری ئەم لێبوردەیی و پێكەوەژیانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان دەكەن، ئایا ئێوە وەك نەتەوەی توركمان چۆن سەیری ئەم پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان دەكەن؟
- كوردستان بە هەرێمی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی ناسراوە، لێرە هەمووان بە جیاوازیی پێكهاتەكانەوە بە ئاشتییانە و بێ گرفت پێكەوە دەژین، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پاڵپشتی ئەم كەلتوورە جوانەی پێكەوەژیانەیە و، كار بۆ پتەوكردن و بەهێزكردنی دەكات، بە ڕاددەیەك ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەنگاوی باشتر و زیاتر بۆ دەستەبەری مافی نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاوازەكان دەنرێت، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ پاڵپشتیكردنی پێكەوەژیانێكی لێبوردەیی و ئاشتییانە و مافی مرۆڤ و بەرجەستەكردن و بەرەوپێشەوەچوونی بنەماكانی دیموكراسییەت لە هەرێمی كوردستاندا.
نەتەوەی كورد و توركمان دوو نەتەوەی زۆر لە یەك نزیكن و خزمایەتی و دۆستایەتییان لەگەڵ یەكتردا هەیە و خوێنیان تێكەڵی یەك بووە، پێكەوەژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان لە ڕابردووەوە لە هەرێمی كوردستان هەبووە و مێژوویەكی قووڵی هەیە، دەبێت بە هەمووان پارێزگاری لێ بكەین. ئەگەر لاپەڕەكانی مێژوو هەڵبدەینەوە، دەبینین كەلتووری یەكترقبووڵكردن هەبووە و هۆكار و فاكتەری سەرەكیی ئەو پێكەوەژیانە، ئاشتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان بووە، لەم ڕوانگەیەوە پێویستە زیاتر گرنگی بە بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان پێكهاتە ئایینی و ئایینزاكان بدرێت، تاوەكو پێكەوەژیانەكە لە ڕووی سیاسی و دیپۆماسی و پەروەردە و كەلتوورەوە بەهێزتر ببێت. هەبوونی وەزارەتێكی تایبەتیش لەم كابینەیەدا بۆ كاروباری پێكهاتەكان كە بۆ یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا دادەمەزرێت، بە گۆڕانكارییەكی بەرچاو و گەورە دادەنرێت، بۆ بەرەوپێشەوەچوونی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستاندا، ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی كە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بۆ ئایین و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستان هەیە، یەكێكە لەو هەنگاوە كردەییانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسی، بەتایبەت جەنابی سەرۆك بارزانی كە مەرجەعی گەلی كوردستانە، گرنگی بە پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە و ئایینی و ئایینزاكان لە كوردستان دەدەن.
* ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان درێژەپێدان و پشتگیركردنی تەواوی ئەو پێكەوەژیانەیە، هەر لە ماوەی كابینەی نۆیەم پاپای ڤاتیكان سەردانی هەولێری كرد و ڕووداوێكی گەورەش بوو لەسەر ئاستی جیهان، ئایا ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەم بۆ زیاتر قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و پێكەوەژیان لە كوردستان چییە؟
- وەك لە پێشتریش ئاماژەم پێ دا، لەم كابینەیەدا چەندین دامەزراوە كە تایبەتە بە كاروباری پێكهاتەكان دامەزراون، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە پاڵپشتییەكی گەورە و تەواو بۆ پێكەوەژیان لە نێوان پێكهاتەكانی هەرێمدا هەیە، هەموو لایەك بەتایبەت ئێمە وەك نەتەوەی توركمان و كلد و ئاشوور و سریانی و هەموو پێكهاتەكانی دیكە و ئایین و ئایینزاكان، دەبینین لە كابینەی نۆیەمدا كار دەكرێت بۆ پشتگیری و زیاتر بەدیهاتنی مافەكانمان، دەبێت ئەوە لە بیر نەكەین كە هێزی پێشمەرگە بە بێ جیاوازی بەرگری لە خاك و هەموو نەتەوە و ئایینزاكانی نەك تەنیا هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە عێراقیشی كرد و مێژوو شاهیدە كە هێزی پێشمەرگە بە ڕابەرایەتی و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی شنگالی لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار كرد، لەو پێناوەشدا ژمارەیەكی زۆر شەهید و بریندارمان بەخشی، لەلایەكی دیكەوە لەو خول و كابینەیەدا جگە لە دامودەزگاكانی حكومەت، بەشدارییەكی باش و بەرچاوی پێكهاتەكان لە پەرلەمان هەیە، لە وانە بەڕێز خاتوو مونا قهوەچی وەك نەتەوەی توركمان سكرتێری پەرلەمانە و لە ئەنجومەنی وەزیران و چەندین جومگەی ئەو كابینەیەدا بەشداری كارای هەموو پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكان هەیە، هەروەها لەم دواییانە بە فەرمانی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیار دراوە كە ئەكادیمیای نەتەوەی توركمان و ئەكادیمیای كلد و ئاشووری لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە شاری هەولێر دابمەزرێت، كە لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا ئەو دامەزراوە گرنگە كە گرنگیدانە بە كەلتوور و مێژوو و زمانی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دادەمەزرێت و دەستبەكار دەبێت، ئەو ڕەوشە باش و پاڵپشتی و گرنگیدانەی بۆ پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستان هەیە، بە هیچ شێوەیەك بەشێكی بچووكیشی لە عێراق بەرچاو ناكەوێت.
* لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری كوردستان، سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە نوێنەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان خۆیان مافەكانی خۆیان لە دەستووری كوردستاندا بنووسنەوە و بە ئاستێك بێت كە خۆیان پێی ڕازی بن، ئایا ئێوە وەك توركمان دەتانەوێت مافەكانتان لە دەستووری كوردستاندا چۆن دیاری بكرێت؟
- سەرەتا ئێمە بە پێویستی دەزانین هەرێمی كوردستان دەستوورێكی هەبێت كە لە ئێستادا پڕۆژە دەستوورێكی هەیە و كار لەسەر ئەو پڕۆژە دەستوورە دەكرێت، ئەگەرچی دیارە دووبارە لایەنە سیاسییەكان نەگیشتوونەتە یەك بۆ تەواوكردنی نووسینەوەی پڕۆژە دەستوورەكە، ئێمە داوامان كردووە لەو كاتەی كە لێژنەی نووسینەوە و ئامادەكردنی دەستوورەكە دادەنرێت، نوێنەری پێكهاتەكان بەتایبەت توركمان و كلد و ئاشوور و سریانی لەناو لیژنەكەدا بەشداربن، بۆ ئەوەی ئێمە ئاگاداری ماف و ئیمتیازەكانی خۆمان بین، كە لە ناو دەستوورەكەدا هەبێت و جێگیر بكرێت. هەموو كات لە پڕۆژە گرنگ و چارەنووسسازەكاندا چ لە كوردستان و چ لە عێراق بووبێت، جەنابی سەرۆك بارزانی لەسەر بەشداری و مافی هەموو پێكهاتەكان پێداگری كردووە، لە نووسینەوە و ئامادەكردنی دەستووری هەرێمی كوردستانیشدا سەرۆك بارزانی وەك خەمخۆری هەمیشەیی و مەرجەعی گەلی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئێمە هەموو پێكهاتەكان ڕاستەوخۆ بەشدار بین لە نووسینەوەی پڕۆژەی دەستوورەكەدا و، ئەوەی كە ماف و پێویستە بۆ پێكهاتەكان بە بێ كەموكووڕی لەلایەن خۆمانەوە دیاری و جێگیر بكرێت.
* لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا هەر لە ساڵی 1992ـەوە تا ئێستا، بۆ پاراستنی فرەڕەنگی سیستمی كۆتا بۆ نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان دانراوە و، ژمارەی كورسییەكانی كۆتا 11 كورسییە كە بە سەریاندا دابەش كراون، لە بەرانبەر ئەم 11 كورسییە 100 كورسیی دیكە هەیە كە بەسەر هێزە كوردییەكاندا دابەش كراون، پرسیار ئەوەیە بۆچی كە دێتە سەر باسی دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە كوردستان، هەندێك لە لایەنە كوردییەكان دێنە سەر كورسیی كۆتاكان و ئەم پرسەیان كردووە بە كێشە، ئایا لە پێناو چارەنووسی خۆتان وەك پێكهاتە جیاوازەكان و بەشێكی سەرەكیی گەلی كوردستان، سەبارەت بە گوشاری ئەو حزبە سیاسییانە بۆ لەبەر یەكهەڵوەشاندنی كورسیی پێكهاتە جیاوازەكان هەڵوێستتان چۆنە؟
- ئەو قسانەی لەو بارە بەتایبەت لەلایەن هەندێ لایەنی سیاسی لە هەرێمی كوردستان لەسەر كورسیی كۆتاكان دەكرێت، زیاتر مەبەستیان موزایەدەی سیاسییە و هەموو كات داوامان لە لایەنە سیاسییەكان كردووە كە لە گفتوگۆ و كێشەكاندا پێكهاتەكان نەخەنە ناو ململانێ و موزایەدەی سیاسییەوە، چونكە بوونی نەتەوە و پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكان زۆر لەوە گرنگتر و گەورەترە، پێویستە هەموو لایەك بەرگری لە پێكهاتەكان بكەن، چونكە لە ساڵی 1991ـەوە تاوەكو ئێستا، ئەوە 30 ساڵە پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەشدارن لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا، كە بە یاسا ڕێك خراوە و ئێمە بە فەرمی داوامان كردووە و لێرەش لە گۆڤاری گوڵان جەختی لەسەر دەكەینەوە، كە پێنج كورسی بۆ نەتەوەی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان زۆر كەمە، چونكە بەپێی دەستووری عێراقی توركمان سێیەم نەتەوەی عێراقە و لە هەرێمی كوردستانیش نەتەوەی دووەمە، بۆیە داوامان كردووە لە پێنج كورسیی كۆتا بۆ توركمان بكرێتە 10 كورسی و بۆ پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانی دیكەش ژمارەی كورسیی پەرلەمانی زیاد بكرێت، ئێمە هیچ كاتێك لە نێوان ململانی لایەنە سیاسییەكاندا لایەنگر نین، بەڵكو ئێمە دەمانەوێت ببینە فاكتەرێكی گرنگ بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان لە نێوان لایەنە سیاسییەكان، بەتایبەتی پارتی و یەكێتی، چونكە دوو حزبی سەرەكین لە هەرێمی كوردستان و تەواوكاری یەكترن لە ناو حكومەتی هەرێمدا.
* كورسیی كۆتای نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان زۆرجار لە ناو پەرلەماندا لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی هاوهەڵوێستن، ئەمەش وای كردووە كە حزبەكانی دیكەی كورد بەوە تاوانبارتان بكەن كە ئێوە پارتین، پرسیار ئەوەیە بۆچی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هاوهەڵوێستن؟ بۆچی لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستانیش هاوهەڵوێستن؟
- لێرەدا جەخت لەوە دەكەمەوە كە وجوودی كۆتای پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە
یەكەم: نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی نەتەوەكانی خۆیان دەكەن.
دووەم: ئێمە وەك نەتەوەی توركمان و وەك لایەنی سیاسی لە كابینەی نۆیەمدا هاوپەیمانیمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە لە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا، هەر وەك ئەو ڕێككەوتن و هاوپەیمانییەی كە یەكێتی و گۆڕان لەگەڵ پارتی هەیانە، ئێمەش وەك توركمان پابەندین بەو هاوپەیمانییەی كە لەگەڵ پارتی كردوومانە، بە دڵنیایەوە ئێمە لایەنگری هیچ لایەنێكی سیاسی نین و دەبێت هەموومان، لەوانەی كە بەشدارن لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، پابەند بین بە بڕیارەكان، بەو بڕیارانەشی كە لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەردەچێت، لەلایەكی دیكەوە ئێمە وەك نوێنەرانی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان زۆرجار لە چەندین بابەت لەگەڵ لایەنی سیاسیی دیكە یەك ڕاوبۆچوونمان هەبووە و وەك ئەوان سەرنج و تێبینیمان هەبووە، بەڵام لە یاسا و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكاندا هەموومان پێویستە بە یەكەوە كار بكەین، كە لە بەرژەوەندیی هەموو گەلی هەرێمی كوردستانە، هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو جومگە و دامودەزگاكانی حكومەت و لە ناو پەرلەمانی كوردستانیشدا زیاتر بەرگری لە دۆسییەی پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكان دەكات و، هەموو كات بەتەنگ پێكەوەژیانە لە كوردستان و لە عێراقیشدا.
* هەتا ئێستاش پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری لەوە دەكات كە هەڵبژاردنی كوردستان یەك بازنەیی بێت و دابەش نەكرێت، ئایا بۆچی گرنگە كورسیی كۆتاكان لە یەك بازنەدا دەنگی پێ بدرێت؟
- ئەم پرسیارە زۆر گرنگە كە بۆ ئێمە بەتایبەت لەو كات و ساتەدا، وەك توركمان و پێكهاتەكان و ئایین و ئایینزاكان پەیوەندیمان بە جیاوازیی ڕاوبۆچوونی حزبەكانی وەك پارتی و یەكێتی و ئەوانی دیكەوە نییە، بەڵام بۆ توركمان و كلد و ئاشوور و سریانی كە وەك نەتەوە لە پەرلەمان بەشدارین، ئەوە داوامان كردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەك بازنەیی بێت، ئەمەش هیچ پەیوەندیی بە ڕاوبۆچوونی پارتی و یەكێتی نییە، چونكە ئێمە بارودۆخێكی تایبەتمەندمان هەیە، لە كاتێكدا هەڵبژاردن بە یەك بازنەیی نەبێت، ئەوە دەنگەكانی ئێمە پەرش و بڵاو دەبێت و دەنگەكانمان بزر دەبێت، داوا دەكەین پێكهاتەكان لە دەنگدانی تایبەتدا وەك پێشتر نەبێت، چونكە زۆر دەستتێوەردانی تێدا كراوە و داوامان كردووە كە نوێنەری نەتەوەی توركمان و كلدان و ئاشووری و سریانی لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت، لێرەدا داواكارین لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بە پارتی و یەكێتی و گۆڕان و حزبەكانی دیكەش، بەوەی پاڵپشتی داواكاریی ئێمە بن، چونكە لە ئێستادا توركمان لە پارێزگای هەولێر و كفری هەیە و توركمان لە هەڵەبجە و ڕاپەڕین و دهۆك و زاحۆ نییە و، كریستیانیش لە هەولێر و دهۆك هەیە لە شار و شوێنەكانی دیكە هەشبێت زۆر كەمن، بۆیە پێداگری لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە یەك بازنەیی دەكەینەوە، لە كاتی پێداگری لەسەر چەند بازنەییش، ئەوە ئێمە وەك نەتەوەی توركمان داوا دەكەین لە جیاتی پێنج كورسیی پەرلەمان بكرێتە 10 كورسی و ئەندامێكیشمان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەبێت، جەخت لەسەر ئەوەش دەكەمەوە هەر كار و بڕیارێك لە هەرێمی كوردستان، پێویستە بە ئاگاداری و ڕاوێژكردن بێت لەگەڵ ئێمە و نوێنەرانی هەموو پێكهاتەكان بێت، لە دەرەوەی ئەوەدا هەر بڕیارێك بدرێت، ئەوە ئێمە وەك توركمان و پێكهاتەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان قبووڵی ناكەین.