تەنیا گەرەنتی بۆ دووبارەنەبوونەوەی جینۆسایدی گەلی كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە
بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا بە ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەكان دڵخۆشكەرە و دوای هەوڵ و ماندووبوون و چاوەڕوانییەكی زۆر دێت، جینۆسایدی كوردانی ئێزدی زنجیرەیەك جینۆساید و كۆمەڵكوژییە كە كوردانی ئێزدی بەتایبەتی و كورد بەگشتی لە مێژووی خۆیدا بەسەریدا هاتووە، ڕژێم و حكومەتە دیكتاتۆرییەكانی عێراق و ناوچەكە كە گەلی كوردیان بەسەردا دابەش بووە، لە مێژووی كۆن و نزیكدا چەندین جار كۆمەڵكوژییان دەرهەق بە گەلی كورد و پێكهاتە ئایینییەكانی كردووە، بێ ئەوەی لە مێژوودا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئیدانەیەكی وا بكرێت كە لە ئەنجومەنی ئاسایش و دادگای نێودەوڵەتی و پەرلەمانەكانی وڵاتان دۆكیۆمێنت بكرێت و، بەشێوەیەكی فەرمی بەجینۆساید بناسرێت و ئیدانەیەكی فەرمی و فراوان بكرێت، لەم ڕوانگەیەوە ئەم بڕیارەی ئەڵمانیا لە ڕووی دەروونییەوە بۆ كوردانی ئێزدی جێگەی دڵخۆشی بووە، بەتایبەت لەسەر كەسوكاری قوربانیان، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش پێشوازییەكی باشی لێ كرا، پەرلەمانتارانی ئەڵمانیاش ئاماژەیان بە گرنگیی بڕیارەكە كرد، بەوەی «ڕاستە بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدی برینە قووڵەكانیان ساڕێژ ناكات، بەڵام دادپەروەرییەكە بۆ كەسوكاری قوربانیان»، بەڵام تاچەند ئەم بڕیارە هەنگاوێكە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە لەسەر زەویی باوك و باپیرانیان تاوانێكی وا دڕندە دووبارە نەبێتەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارە قورسەیە كە دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بكەین، چونكە زۆرینەی هەرە زۆری كوردانی ئێزدی لە ناو كەمپەكان و لە ئاوارەییدا لە دەرەوەی ماڵ و موڵكی خۆیان ژیان بەسەر دەبەن و، بۆ پاراستنی سەروماڵیان لە ناو هەرێمی كوردستاندان و نەیانتوانیوە بۆ شنگال و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بگەڕێنەوە، بەو هیوایەی بەڵێنەكانی ئەڵمانیا بگەیەننە جێ و لە ئەرزی واقیعدا پارێزگاری لە كوردانی ئێزدی بكەن، نەك بە هاوشێوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەڵنەسن و هەر لە سەركوتكردنی شۆڕش و ڕاپەڕینەكان و دواتر بە جێبەجێكردنی ئەنفال و كیمیاباران و بێسەروشوێنكردنی كوردەكان و وێرانكردنی گوندەكان و دواتر بەكارهێنانی هێز بۆ كوشتن و وێرانكردن و سووتاندنی ماڵی كوردەكان، لە دوای ڕیفراندۆم كورد چەندین جار كۆمەڵكوژ كرا، هەموو ئەمانە لە مێژووی بزاڤی كورددا بە بێدەنگی بەڕێ كران و كەس هەڵوێستێكی توندی لە دژی نەبوو، كە جگە لە جێبەجێكردنی بڕیاری دژەفڕین بۆ پاراستنی گەلی كوردستان لە دوای كۆڕەوە ملیۆنییەكە، هەڵوێستێكی دیكەی ڕوون و پراكتیكیمان نەبینیوە.
ئەم بڕیارەی بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا كە سەیری خاڵەكانی دیباجەی بڕیارەكە دەكەیت، زیاتر ئاماژە بە ساڕێژكردنی سادەیی برینەكە دەكات، بەڵام باس لە وردەكارییەكان و چۆنیەتی بنبڕكردنی برینەكان ناكات، دیباجەكە لایەنی ئەكادیمی و زانستیی لاوازە و نەیتوانیوە چارەسەرەكانی ئەگەری دووبارە نەبوونەوەی بۆ دابنێت، باسی ناوچەكە ناكات كە گەمارۆ دراوە بە دوژمنانێك كە ئەگەر دەستیان بڕوات، زۆر لە داعش دڕندەترن و كورد بە هەموو پێكهاتە ئایینییەكەیەوە كۆمەڵكوژ دەكەن و دەستیان لێ ناپارێزن، ناوچەیەكە پڕە لە كێشە، كە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دابەشكردنی كوردستان لە پەیماننامەی جیهانیی (سایكس پیكۆ و پەیماننامەی سیڤەر و لۆزان و...) كە زۆر پەیمان درا بە خەڵكی كوردستان كە مافەكانیان پارێزراو دەبێت، تا دەگاتە مافی سەربەخۆیی، بەڵام مخابن پاشگەز بوونەوە لە بەڵێنەكانیان و ناوچەكە لە دۆخێكی قەیراناویدا دەژیت، هەتاكوو ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، لە ژێر مەترسی و هەڕەشەو دڵەڕاوكێدا دەژی.
كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش زلهێزەكان و ڕێكخراوی نەتەوە كگرتووەكان و ئاژانسە مرۆییەكان ئەوانیش بە بێدەنگییان لە پاڵپشتیی مافی بوون بە دەوڵەت و سەربەخۆیی، ناڕاستەوخۆ بەشداریی تاوانەكانی هەموو هێزە توندڕەو و شۆڤێنی و ڕەگەزپەرست و تیرۆریستەكانن، لەبەر ئەوەی زۆر چاك دەزانن تاكە ڕێگە چارە بۆ پاراستنی كوردانی ئێزدی، دروستبوونی كیانی سەربەخۆی كوردستانە، كە دەتوانێت كۆكوژی بنبڕ بكات، هەروەك بۆ ئەرمەن و جووەكان و بوسنییەكان و كۆسڤۆییەكان كردیان، بۆیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەداخیشەوە لەلایەن هەندێك نەیارانی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژئاوا زۆر بڕیار و دەستكەوتی گرنگ لە ئەوروپا بە لاڕێدا دەبەن، بۆ نموونە كۆتاییهاتنی ئازار و مەینەتییەكانی كوردانی ئێزدی لە ناو چوارچێوەی پاراستنی كورد و بوون بە خاوەن دەوڵەت دێتە دی، چونكە وەكو ئاماژەم پێ دا، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كوردی بەسەردا دابەش بووە، توندوتیژییەكی زۆری تێدا ئەنجام دەدرێت و زۆر لەكێشەكان ڕەگ و ڕیشەی قووڵی هەیە.
مسعود بارزانی وەكو سەرۆك و ڕەمزێكی گەورەی گەلی كورد لە جیهاندا توانیویەتی فەرهەنگ و كەلتووری پێكەوەژیان لە ناو هەموو پێكهاتە و ئایین و ئایینزا و نەتەوەكاندا بپارێزێت، هەر چەندە هێرشی سەربازی و دوژمنایەتییەكی زۆر لە دژی كورد و كوردستانییان ئەنجام دەدرێت، بەڵام كوردی وەكو قەوارەیەك لە باشووری كوردستان پاراستووە، بۆیە چارەسەركردنی كێشە ئایینی و نەتەوەییەكان لە ناوچەكەدا تەنیا بە گەڕانەوە بۆ كوردستانیبوون و پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە دێتە بەرهەم.
بەپێی ئەزموونی من لە دۆسێیەكانی تاوانەكانی ئەنفال و كیمیابارانی كوردستان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە دامەزراندنی هەرێمێكی سەربەخۆی كوردستانی كرد، بەڵام پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردستانی نەكرد، كە بەپێی ڕێككەوتن و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش و دادگای نێودەوڵەتی پاڵپشتییەكی ڕەها و زۆری دەبوو، هەموو ئەو فرمێسك و بڕیار و هەنگاوانەی تایبەتن بە ئیدانەكردنی كۆمەڵكوژی و بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژییەكان و كۆمەك و هاوكارییەكان، دەریان خست ئەم شێوازە بەرگرییە ڕێگری لە بەردەوامی و دووبارەبوونەوەی جینۆساید ناكات. دەبوایە لە دیباجەی بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی ئاماژە بە خەباتی تێكڕای خەڵكی كوردستان و حكومەت و پەرلەمان و هێزی پێشمەرگە بكرایە، كە زیاتر لە هەشت سەد پێشمەرگە تەنیا لە ڕزگاربوونی شنگال و دەورووبەری و ناوچەی دەشتی نەینەوا خوێنیان ڕشت و شەهید بوون، هەروەها ڕۆڵی سەرەكیی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی جەنگدا لە سەنگەرەكانی پێشەوە كە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی ڕزگاركردنی ناوچەكانی ئیزدینشینی دەكرد، خۆ ئەگەر سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە نەبووایە كۆمەڵكوژییەكە زۆر گەورەتر دەبوو و بە هەزارەها كوردی ئێزدی و كریستیان لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا شەهید دەبوون و كۆمەڵكوژ دەكران، بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە حكومەتی عێراق كەمتەرخەم بوو، بە ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەرانبەر ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال، بە پێچەوانەی گەلی كورد و كوردستانیان و پێشمەرگە و وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەت، كە وێڕای قەیرانی دارایی و خراپیی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، دەستی هاوكاری و یارمەتییان بۆ ژمارەیەكی زۆری ئاوارە درێژ كردەوە و مسعود بارزانی بڕیاری دا، دەرگای مزگەوت و قوتابخانەكان و شوێنە گشتییەكان بۆ ئاوارەكانی كوردی ئێزدی واڵا بكرێت و، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەستی هاوكاری و یارمەتیی خێرا بگەیەننە ئاوارەكانی كوردانی ئێزدی و، هەموو كارئاسانییەكیان پێشكەش بكەن، ئەمە جگە لە ئازادكردنی سەدان كچی كوردی ئێزدی و هێنانەوەیان بۆ كوردستان.
بۆیە چارەسەری كێشەی كوردانی ئێزدی و كورد بەگشتی لە سەربەخۆبوون و زیاتر بەهێزبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەكو چۆن گەڕانەوەی كوردانی ئێزدی بۆ شنگال بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامەی شنگال و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە زامن دەكرێت، ئەم بڕیارەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەگەڵ بڕیاری پەرلەمانی فەڕەنسا و وڵاتانی دیكە پێویستییان بە كاركردنی زیاترە لەلایەن خەڵكی پسپۆڕەوە، بۆ ئەوەی خاڵ لەسەر پیتەكان دابنێن، كە كوردستانێكی سەربەخۆ زامنی گەڕانەوە و ئاوەدانكردنەوەی ماڵی هەموو پێكهاتەكان و هاووڵاتیانی كوردستانە.
رێكخەری كاروباری ناساندنی جینۆساید/ سوید