نیكۆڵ كیدمان دەچێتە مێژوو
ئەستێرەی جیهانی (نیكۆڵ كیدمان)ناوی خۆی لە مێژوودا تۆمار دەكات، دوای ئەوەی دەستەی ئەمیندارانی پەیمانگەی فیلمی ئەمریكی (AFI) ڕایگەیاند كە خەڵاتی (دەستكەوتی ژیانی) پەیمانگاكە وەردەگرێت، كە بە بەرزترین خەڵاتی بواری فیلمدا وەسف دەكرێت.
بەمەش كیدمانی (55 ساڵ) دەبێتە یەكەم ئوسترالی كە تا ئێستا بەناوبانگترین خەڵات وەربگرێت. كیدمان كە دواجار لە مانگی نیساندا ڕۆڵی سەرەكیی لە فیلمی (The Northman) بینی، لە ئاهەنگێكدا بۆ ڕێزلێنان لە شانۆی دۆلبی لە لۆس ئەنجلۆس لە ڕۆژی شەممە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ خەڵاتەكە وەردەگرێت، بەمەش دەبێتە ٤٩هەمین كەس كە خەڵاتی دەستكەوتی ژیان لە AFI وەربگرێت. كاسلین كێنێدی سەرۆكی ئەمینداری AFI لە بەیاننامەیەكدا گوتی: «دەیان ساڵە كیدمان بە بوێری هونەری خۆی و نموونەی ئایكۆنێكی شاشە بینەرانی سەرسام كردووە، ئەو بەهێز و بوێرە لە هەڵبژاردنەكانیدا و بوێرە لە هەموو رۆڵەكانیدا، AFI شانازی دەكات كە ٤٩ـەمین خەڵاتی دەستكەوتی ژیانی پێشكەشی بكات».
AFI ئاماژەی بەوەشكردووە، كیدمان بەهۆی بەهرە نائاساییەكانی و پابەندبوونی بە پیشەكەی و كاركردن لەگەڵ سینەماكاران و دەرهێنەران، لەوانە (جین كامپیون، سۆفیا كۆپۆلا، باز لوهرمان، ئەنتۆنی مینگێلا، سیدنی پۆلاك، لارس ڤۆن تریر و ستانلی كوبریك) ناوبانگێكی زۆری پەیدا كردووە.
كیدمان گرێبەستێكی بۆ ماوەی ساڵێك واژۆ كرد بۆ گەڕانەوەی وەك وتەبێژی شانۆی AMC دوای ئەوەی ڕیكلامەكەی ئایكۆنیكی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاو بووەوە، لە ڕیكلامەكەدا كە ماوەی ٦٠ چركە دەخایەنێت، ئەو خانمە ئەكتەرە دوای زریانێكی باران دەچێتە ناو شانۆیەكی AMC، لەوێ ڕوونی دەكاتەوە كە هەوادارانی فیلم دێنە سینەماكانی AMC بۆ پێكەنین و گریان و گرنگیدان، چونكە هەموو كەسێك پێویستی بەو شتە هەیە.