مامۆستا مەلا خدر مستەفا خەلیفانی بۆ گوڵان: سەرۆك مسعود بارزانی وەك باوكێك پێویستیی ئەم قۆناغەیە بۆ كوردستان

مامۆستا مەلا خدر مستەفا خەلیفانی بۆ گوڵان:  سەرۆك  مسعود بارزانی وەك باوكێك پێویستیی ئەم قۆناغەیە بۆ كوردستان

 

مامۆستا مەلا خدر مستەفا خەلیفانی بەرپرسی لێژنەی فەتوا لە سۆران و شارەزا لە فقهی ئیسلامی، كە ساڵانێكە لە بواری بڵاوكردنەوەی زانستی شەرعی و بیری میانڕەوی كار دەكات و، دەیان كەس لەسەر دەستی ئەو وانەی شەرعی و فەقێیەتییان خوێندووە و لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی و هەستی نیشتمانپەروەرییەوە كەسێكی دیارە، لە دیدارێكی گۆڤاری گوڵاندا جەختی لەسەر ئاوێتەبوونی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و لایەنی نەتەوەیی كردەوە، هەموو ئەو هزر و بیروبۆچوونە توندوتیژییانە و حزبایەتی بە ناوی ئیسلامەوە كە لە دەرەوەی سنوورەكان هێنراونەتە ناو كوردستانەوە، ڕەت كردەوە. لێرەدا پوختەی وتەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

 

* بەو پێیەی تەمەنێكی درێژتان لە خزمەتی ئایین و خوداپەرستی و وانەوتنەوەدا بەسەر بردووە، لە ئێستاشدا سەرۆكی لێژنەی فەتوای ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن، حەز دەكەین باسی ئەو ڕەسەنایەتییەی ئایینی پیرۆزی ئیسلاممان بۆ بكەیت، كە مەلای كورد پێی بەناوبانگە؟

- بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان. دین و نەتەوە هەرگیز لێك جیا نەكراونەتەوە، ئایینی پیرۆزی ئیسلام زۆر جەختی لەسەر پیرۆزییەكانی خاك و نیشتمان كردووەتەوە، زانایان و مامۆستایانی بەرزی ئیسلامیش لە ناو گەلی كورددا شارەزاییەكی زۆر باشیان لە دەقە پیرۆزەكانی قورئان و فەرموودەكان و مەرجەعەكان هەیە، جگە لەوەی ئەركی ئاراستەكردنی خەڵكیان بەرەو خوداناسی لە ئەستۆ گرتووە، بەردەوامیش نیشتمانپەروەری و خزمەتی نەتەوەكەیان بۆ جیاوازیی ئایین و ئایینزا و پێكهاتەكانی كوردستان بە ئەركی خۆیان زانیوە. خودای گەورە و میهرەبان و پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) لەسەری واجب كردووین. مادام ئیسلام بۆ خێری بەشەرییەت هاتووە و خوداش بە پێغەمبەرەكەی دەفەرموێت تۆمان بۆ ڕەحم و بەزەیی بەشەرییەت ناردووە، بۆیە زانا و مامۆستا و مەلای كورد بەردەوام لە دەوری پیاوچاكان و سەركردە گەورەكان بوون، بۆ ئەوەی زوڵم و چەوسانەوە لەسەر خەڵكی هەڵبگیرێت و بەرگری لە نەتەوەكەیان بكەن، خۆشەویستیی خاك لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا گرنگییەكی زۆری پێ دراوە، كاتێك پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) مەككەی بەجێ هێشت، گوتی: «وەڵا ئەگەر زۆریان لێ نەكردمایە، هەرگیز لێرە نەدەڕۆشتم، تۆ خۆشەویستترین شوێنی سەر زەویت لە دڵمی مندا». لێرەدا مەبەستی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) خاك و نیشتمان و شارەكەی (مەككە) بوو. لە فەرموودەیەكی دیكەدا دەفەرموێت: باشترینی نەتەوەكەتان ئەوەیە بەرگری لە هۆز و نەتەوەكەی بكات، مادام گوناح و هەڵە ناكەن، بەرگریكردن لە خاك بەرگریكردنە لە نامووس، لەم ڕوانگەیەوە بوو سەركردەكانی كورد زۆر گرنگی و بایەخیان بە زانا و مامۆستا و مەلای كورد دەدا.

* باسی سەركردەكانی كوردت كرد، كە زۆر گرنگییان بە ئاوێتەبوونی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و ئایینی پیرۆزی ئیسلام دابوو، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ڕۆڵی مامۆستایان و مەلای كورد لە شۆڕش و خەباتی نەتەوەییدا چۆن بوو؟

- شێخ سەعیدی پیران و قازی محەمەد و مەلا مستەفا بارزانی و شێخ مەحموود و سەركردەكانی دیكەش ئەهلی مزگەوت و خانەقا و كەسایەتیی ئایینی بوون، دەزانیت خۆشەویستترین كەس لای مەلا مستەفا بارزانی مەلا بوو، ئەو سەركردەیەی كورد باش دەیزانی پەروەردەكردنی میللەتەكەی بۆ خوداپەرستی و ڕاستگۆیی و دەستپاكی و نیشتمانپەروەری لای مەلا دەكرا، بە پێچەوانەی ئەم سەردەمەوە كە زۆر شتی نامۆو دوور لە كەلتوور و نەریت و ئایینی كورد دەبینم، دەرئەنجامەكەی زۆر خراپ دەبێت، من لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە وەرتێ فەقێ بووم لای مامۆستا حەمەدەمینی وەرتێ و مامۆستا مەلا محەمەد، كە سەرۆكی لێژنەی فەتوا بوو لە هەولێر، ئەو سەردەمە بڵاو بووەوە كە گوایە ڕەخنەیان لە مەلا مستەفا بارزانی گرتووە، بەوەی دەیەوێت دەسەڵاتی زۆر بە مەلاكان بدات، چونكە بارزانی خۆی بە یەكێك لە مامۆستایانی ئایینی دەزانی و ڕێزێكی زۆری لێ دەگرتن و مەلا لای ئەو سەركردەیە بەڕێز بوون، بارزانی لە وەڵامدا پێیانی گوتبوو لە پێناو پەروەردەی گەلەكەمدا ئەگەر من بمێنم و كوردستان ڕزگاری ببێت، دەسەڵاتی تەواو دەدەمە مامۆستایانی ئایینی. لە 13ی حوزەیرانی 1967 من لە وەرتێ دەمخوێند و لەوێ چاوم بە بارزانی كەوت، ئەو سەردەمە بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانی پێشمەرگە و خەڵكەكەی چەند چاڵێكی لێ دابوو، بەردی گرانبەها و مووروویان لێ دەردەهێنا، كە عەقیقی لێ دروست دەكرا، ئەو دەمە سێ چوار فەقێ بووین چووینە خزمەتی مەلا مستەفا بارزانی و پرسیاری لەمن كرد، گوتی: تۆ چی دەخوێنیت؟ منیش كتێبێكم بە دەستەوە بوو، بە بەڕێزیانم گوت: ئەم كتێبە دەخوێنم، كاتێك بارزانی سەیری كتێبەكەی دەستی كردم ڕاستەخۆ پێی گوتم: تۆ هێشتا منداڵیت، كاتێك بەیانی بووەوە بینیم بارزانی هاتە پێش حوجرەكەمان و گوتی: ئەو حوجرەیە بۆ وا بێ سەروبەرە؟ پێمان گوت: ئەمساڵ دروست كراوە و سواخ نەدراوە، بارزانی ڕاستەوخۆ فەرمووی 20 دیناریان بدەنێ بۆ نۆژەنكردنەوەی حوجرەكەیان، ئەو سەردەمە بەهاكەی 20 دەفتەر دۆلاری ئێستا بوو، كاتێك لە بن چیای كارۆخ بارزانی دانیشتبوو، ئێمە بەردەوام لە دەوری بووین، مەلایەك بە ناوی مەلا خالیدی وەرتێ خاڵەكانی میراتییان بە دایكی نەدەدا، مەلا مستەفا پێی گوت: من كۆمەڵێك مەلا ڕادەسپێرم بە شەرعی خودا بەشی میراتی دایكت وەربگرن، مەلاكەش دوعای بۆ بارزانی كرد و پێی گوت ئینشاڵا ئەم كوردستانە لەسەر دەستی جەنابت ڕزگاری دەبێت. بارزانی تا كۆچی دوایی كرد، خزمەتی ئایین و نیشتمان و ئەم نەتەوەیەی كرد و لە پێناو میللەتەكەیدا، لە دەرگای هەموو وڵات و حكومەت و هێزەكانی دا و ڕێزی لە هەموو ئایین و ئایینزا و پێكهاتەكان گرت، بارزانی پێی دەگوتین: مەسیحی لە جێگەی خۆی و موسڵمانیش لە جێگەی خۆی، هەموومان لە خاكێكدا دەژین، پێویستە هەموومان هاوكار و یارمەتیدەری یەكتر بین، بارزانی ڕێگەی نەدەدا و قبووڵی نەبوو كەس تەعەدا و غەدر لە هیچ كەسێكی دیكە بكات، ئێمە هەر چاوەڕوانی ئەمەمان لە كەسایەتییەكی خاوەن بنەماڵەیەكی ئایینپەروەر و تێكۆشەری وەكو مەلا مستەفا بارزانی دەكرد.

* كورد لەسەر دەستی ڕژێمەكانی عێراق و ناوچەكە تووشی زوڵم و چەوسانەوە بووە، دژایەتیكردنی گەلی كوردی موسڵمان و زەوتكردنی مافەكانی تاچەند لە دژی دەقە پیرۆزەكانی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەرن (دروودی خوای لەسەر بێت)؟

- هەموو ئەو زوڵم و چەوسانەوەیە بۆ دووبەرەكی و یەكنەبوونی كورد لە ناوخۆ دەگەڕێتەوە، دوژمنەكانی كورد باش ئەم ڕاستییە دەزانن و كاری زۆریان لەسەر نانەوەی فیتنە و دووبەرەكی و شەڕ و ئاشووب لە نێوان كوردەكاندا كردووە، لاپەڕەكانی مێژوو بخوێننەوە، پڕیەتی لە خیانەت و خزمەتكردنی دوژمن لەسەر حیسابی دۆزی ڕەوای گەلی كورد، ئەو ڕژێم و دەسەڵاتدارانەش باش دەزانن زوڵم و چەوسانەوە و غەدر گوناحێكی گەورەیە، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و لە ڕق و كینەیان بەرانبەر گەلی كوردستان بەردەوام بوون لە كیمیاباران و ئەنفال و دەركردن و بڕینی قووتی كوردەكان، خودای گەورەو میهرەبان و پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) نەهی لە ئازاردانی مرۆڤ و نەتەوەكانی دیكە كردووە، لە دەقی قورئانی پیرۆزدا هاتووە: «يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ * إِنَّ ٱللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ».

* مەلای كورد بەردەوام دژی توندوتیژی بووە و ڕێگەی نەداوە هزری نامۆ تێكەڵ بە دینەكەیان ببێت، هاوكات نموونەی پێكەوەژیان و كەلتووری یەكترقبووڵكردن بوون، ئایا ئێستا بۆچی ڕێگە دراوە ئەو هەموو فیكرە نامۆیە بە ڕەسەنایەتیی ئیسلام بێتە ناو هەرێمی كوردستانەوە؟

- ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ مرۆڤایەتی هاتووە و مەلای كوردیش جوان لەم دینە تێگەیشتووە، بۆیە نەیهێشتووە فكری نامۆ و توندوتیژی بهێنرێتە ناو هەرێمی كوردستانەوە و گەنجەكان لەخشتە بەرن، لەلایەكی دیكەوە ڕێگەیان نەداوە بە ناوی حزبی ئیسلامی بۆ مەرامی دونیایی بەكار بهێنرێت، هەمووان هەست بەوە دەكەین حزبە سیاسییەكان لە مەسەلەی نیشتمانی و نەتەوەییدا كەمتەرخەمن، ئەوان زۆر مەسەلەی چارەنووسسازی نەتەوەكەیان تێكەڵ بە ململانێی سیاسی كردووە، ئەركی پیاوچاكان و موسڵمانانە هانی حزبەكانیان بدەن، شێوازی كێبڕكێی نێوانیان بگۆڕن و كێبڕكێ لەسەر بەرگریكردن لە مافی نەتەوەكەیان و كاری باشە و چاكە بكەن، با لە دەقە پیرۆزەكانی قورئان فێری ڕەوشت و كاری باشە بین، نابێت كەسانی نەزان و قین لە دڵ و توندوتیژ بۆ بەدیهێنانی مەرامی تایبەتیی خۆیان حزبە سیاسییەكان بەكار بهێنن، من داخی گەورەم لەو مەلا بەتوانا و شارەزایانەیە كە بە دوای هەندێك لە حزبە ئیسلامییەكان كەوتوون، باشیش دەزانن دوژمنانی كورد بۆ مەبەست و مەرامی تایبەتی خۆیان بەكاریان دەهێنن و هزر و بیروبۆچوونی توندوتیژی و نامۆ بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام پەیڕەو دەكەن.

* تا چەند گرنگە دەسەڵاتدارانی كوردستان لە مامۆستایان و زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام نزیك بن، بۆ ئەوەی ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە دۆزە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا بگەڕێتەوە؟

- جیاوازییەكی زۆر لە نێوان سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی و ئەم سەردەمەی سەرۆك مەسعود بارزانی هەیە، واقیعی كۆمەڵگە و عێراق و ناوچەكە و جیهانیش زۆر جیاوازترە، لەم سەردەمەدا ئەوەی ئەركی سەرشانی سەرۆك مسعود بارزانی قورس كردووە، ناكۆكیی توندی نێوان حزبەكان و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگەیە لەلایەن ئایدیۆلۆژیا و حزبایەتی و كەسایەتیی نابەرپرسەوە، لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانیدا حزبایەتی نەبوو، بۆیە خەڵك بە ئاسوودەیی دەژیان، لەبیرمە كاتێك وتیان تانكەكانی ڕژێم پەڕیونەتەوە بۆ ئەم پەڕی زێ، بارزانی دەستی دایە تفەنگ و هەموو پێشمەرگە پێكەوە تفەنگیان هەڵگرت و چوونە بەرەكانی شەڕ، ناچار تانكەكان و هێزی دوژمن تێكشكان و كشانەوە، بارزانی حزبایەتی نەدەكرد، سەرۆك مسعود بارزانی  بۆ ئێستای ئێمە وەكو مەرجەعی كورد و كوردستانە، هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزا و حزبەكان و ئایدیۆلۆژییەكان پێویستیان پێیەتی، ئێمە كاك مسعودمان پێویستە وەكو باوكێك بۆ هەموو نەتەوە و ئایینەكانی كوردستان، سەرۆك مسعود بارزانی خاوەن بنەماڵەیەكی ناسراوی ئایینی و كوردپەروەرە و مێژوویەكی پاكی هەیە و خەباتگێڕێكی گەورەیە و دوژمن و دۆست حیسابی وردی بۆ دەكەن و ئەو هەموو دەمپیس و دوژمن و قین لە دڵە قسەی پێ دەڵێن، هەمووی لەبەر ئەوەیە پیاوێكی گەورەیە و كۆڵەكەی قەوارەی كوردستانە، دارێك بەرهەمی زۆر بێت هەموو كەسێك داروبەردی بۆ دەهاوێژێت، كاری مسعود بارزانی زۆر قورسترە لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی، لەم سەردەمەدا ناكۆكی و حزبایەتی و دوژمنی كورد زیاترە، كاك مسعود چارەنووسی میللەتێكی گەورەی كەوتووەتە ئەستۆ، هەموومان چاومان لە دەستی جەنابیانە تا كورد لە ئاشووب و فیتنە و نەهامەتی و هێرشی دەرەكی بپارێزێت. من وەكو مەلایەكی كورد كاتێك سەیری سۆشیاڵ میدیا دەكەم، وەڵاهی لە خشتەبردنی گەنجی كورد و تێكچوونی شیرازەی خێزان و نەتەوە و نەهامەتی میللەتەكەمان زیاتر هیچی دیكەی تێدا نابینم، باشە بۆ دەبێت ئێمە لە ڕەخنە و ناكۆكیدا ئێسكی یەكتر بشكێنین و بەو زمانە ناشیرین و دوور لە دین و ئەخلاقە قسە بە یەكتر بڵێین؟ میللەتی كورد پێویستی بە كەسایەتییەكی وەكو مسعود بارزانی هەیە، بۆ ئەوەی وەكو مەرجەعێك هەموو لایەك كۆبكاتەوە و لە فیتنە و ئاشووب و دووبەرەكی و ئەو هەموو دوژمنەی گەلی كوردستان بمانپارێزێت و لە ناكۆكییە گەورەكاندا یەكمان بخات.

Top