دكتۆر هومام ئەلشەماع ڕاوێژكارو شارەزای بانكی و نەختینەیی عێراقی بۆ گوڵان: بانكەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان نەیانتوانیوە متمانەی جەماوەر بەدەست بهێننەوە

دكتۆر هومام ئەلشەماع  ڕاوێژكارو شارەزای بانكی و نەختینەیی عێراقی بۆ گوڵان:  بانكەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان نەیانتوانیوە متمانەی جەماوەر بەدەست بهێننەوە

 

 

سیستەم و یاساو كاروباری بانكی لە دونیای ئەمڕۆدا گۆڕانكاریی زۆری بە سەردا هاتووە، لە هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا بانك نەیتوانیوە لە سیستەمە كۆن داخراوەكانی ساڵانی پێشوو دەربازی بێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بە ناجێگیریی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر هومام ئەلشەماع پسپۆڕ و شارەزای بانكی و نەختینەیی عێراقی سازدا.

 

* وەكو پسپۆڕێكی ئابووری و ناسراو و شارەزا لە بواری بانكی و نەختینەیی لە عێراقدا، دەكرێت بزانین خوێندنەوەتان بۆ ڕۆڵی بانكە حكوومییەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەگشتی چییە؟

- بانكەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا ڕووبەرووی كۆمەڵێك كێشە و گرفتی ئاڵۆز و كەموكورتیی زۆر بوونەتەوە، ئەمەش كەڵەكەبووی ساڵانی پێشووە، ئەو دەمەی عێراق لە دەیەی نەوەدەكانی سەدەی پێشوو بە هۆی گەمارۆی ئابوورییەوە لە جیهانی پێشكەوتووی تەكنەلۆژیا دابڕا، ئەمە وێڕای داشكانی بەهای دینار و خراپبوونی ڕەوشی ئابووری كە هەموویان وای كرد، بانكەكان متمانەی خۆیان لەلای هاووڵاتیان لەدەست بدەن. ئەو سیستەمە تایبەتییەی بانكیش لە دوای ڕاپەرینی 1991 كە هەرێمی كوردستان بە خۆیەوە بینی و دیناری ناسراو بە چاپی سویسری بەكار هێنا، نەیتوانی ببێتە خاوەنی سیاسەتێكی نەختینەیی سەربەخۆ، بارودۆخی بێ متمانەیی بانكەكانی هەرێم و عێراق درێژەی كێشا، تاوەكو ساڵی 2003ی ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەو دەمەش بوونی كێشەیەكی زۆری سەربازی و سیاسی كە ڕێگر بوو لە بەردەم گەڕانەوەی متمانە و هێنانی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو بۆ ناو بانكەكان، بەمەش بانكە حكوومییەكان جگە لە سندوقێكی مەسرەفی بۆ پێدانی مووچە و وەرگرتنی پارە، هیچ ڕۆڵێكی دیكەیان لەناو ئابووریی هەرێم و عێراقدا نەگێڕا.

* چی بكرێت بۆ ئەوەی بانكەكان ڕۆڵی سەرەكیی خۆیان بۆ بگەڕێتەوە لەناو پەرەپێدانی ئابووری و بەهێزكردنی سیاسەتی دارایی و نەختینەیی؟

- لەم سەردەمەدا بانك چەندین ئەركی مەسرەفی و بانكی و پەرەپێدان بەخۆیەوە دەبینێت، بانك بۆیە پەنا بۆ پاشكەوتكردنی پارە دەبات، تاوەكو لە بوارەكانی قەرزپێدان و عەقارات و وەبەرهێناندا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، نەوەكو تەنیا قاسەیەك بێت بۆ وەرگرتنی پارە و دابەشكردنی بە شێوەی مووچە. نەبوونی سیاسەتی نەختینەیی ڕاست و دروست وای كردووە، بانك نەك نەبێتە هۆكارێك بۆ پەرەپێدانی ئابووری، بەڵكو بووەتە ڕێگر و ڕۆڵی لە ناسەقامگیری و ناجێگیری بەهای دراوی نیشتمانیش هەیە، هەروەكو چۆن لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بینیمان كە ناجێگیریی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار چ شوێنەوارێكی خراپی لێ كەوتووەتەوە.

* بەڵام لە دوای 2003 بانكی ناوەندیی عێراق لە ڕێگەی چاپكردنی دیناری ناسراو بە بریمەر و سیاسەتی نەختینەیی و تەنانەت بوونی یەدەكێكی گەورەی دراوی گرانبەها، ئایا ئەم بانكە بۆچی نەیتوانی بانكەكان لە چوارچێوەی داخراوی كەموكورتییەكانی ساڵانی پێشوو دەرباز بكات؟

- لە ڕێگەی بانكی ناوەندیی عێراقەوە چەند بانكێكی ئەهلی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دامەزران، بۆ نموونە بانكی كوردستان كە لە 2005 دامەزرا، دواتریش كۆمەڵێك بانكی دیكەی ئەهلی و ناوخۆیی و بیانی و لقەكانی بانكە نێودەوڵەتییەكانی دیكە دامەزران، بەڵام ئەم بانكانە نەیانتوانی متمانەی جەماوەر بەدەست بهێننەوە. گرفتە گەورەكە ئالێرەدایە بانك پێویستی بە متمانە هەیە بۆ ئەوەی گەنجینەكەی زۆرترین بڕە پارەی تێدا بێت، هەرچەندە وردە وردە مامەڵەی هاووڵاتیان لەگەڵ بانكەكاندا دەستی پێ كردووەتەوە و ڕووی لە باشی كردووە، ئێمە پێویستمان بە هوشیاری و متمانە هەیە و بەشی هوشیاری لە ناو بانكی ناوەندیی عێراق و لقەكانی لە پارێزگاكان و تەنانەت لە ناو بانكە ئەهلییەكان دەستی بە دامەزراندن كردووە، كە بەشێكە سەر بە ئەنجومەنی كارگێڕیی بانكەكەیە، ئامانجی سەرەكیی بەشی هوشیاری كۆكردنەوەی زۆرترین بڕە پارەیە بۆ پاشكەوتكردن و دواتر بەكارهێنانی لە پرۆسەی وەبەرهێنان و پێدانی قەرزی عەقاری، ئەركی سەرەكیی بانك ئەوەیە پارەكان كۆ بكاتەوە و ئاراستەی بكات لە جووڵە و كاری بازرگانی لە بری ئەوەی لە پاشكەوتێكی مردووی ناو ماڵەكاندا ئەمبار بكرێت.

* لە زۆربەی وتارەكانتدا باس لە ئەلیكترۆنیكردنی بانك و مامەڵەكردنی دیجیتاڵیی ئۆنلاینی مەسرەفەكان و بانكەكان دەكەیت، ئایا چۆن بتوانین بانكەكانی كوردستان بەرەو بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی و ئۆنلاین ببەین؟

- پرسیارە گرنگ و قورسەكە ئەوەیە، چۆن دەست بكەین بە بەكارهێنانی كارتی ئەلیكترۆنی و چۆن متمانەی هاووڵاتیان بە بانك و بانكیش بە هاووڵاتیان بگەڕێنینەوە، لە ڕێگای ئەم كارتە ئەلیكترۆنییانەوە سیولەی نەختینەیی پارە لە بانكەكان زیاد دەكات و، هەموو هاووڵاتییەك بەم كارتانە كەلوپەل و پێداویستییەكانی دابین دەكات، بەمەش بانكەكان دەبنە بنەمایەك بۆ پەرەپێدان و پێشكەوتنی هەرێم. لەمەش گرنگتر بانكەكان بە هۆی بوونی سیولەی نەختینەیی زۆرەوە دەتوانن بە شێوەیەكی فراوانتر لە پرۆسەی وەبەرهێنان بەشدار بن و بەشدارییەكی باشیان لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق هەبێت و، مۆڵەتیان پێ بدات، بانكەكانی هەرێمی كوردستان و مەسرەفەكان قەرز لە بانكەكە وەربگرن، ئەم بانكانەش قەرزی كورتخایەن و درێژخایەن بدەنە هاووڵاتیان بەتایبەتی بۆ كڕینی عەقارات، لەم ڕوانگەیەوە بانكەكان دەبێت پشت بە داهاتەكانیان ببەستن، نەوەكو قەرزكردن لە بانكی ناوەندی، چەند بانكەكان توانییان پارە لە خەڵكی كۆبكەنەوە، ئابووری دەبووژێتەوە، ئەمەش پێویستی بە متمانە هەیە، چونكە لە كوردستان تریلۆنات دینار لەناو ماڵەكاندا هەڵگیراوە. لەلایەكی دیكەوە دەبێت حكومەت زۆر لە یاسا و ڕێنماییەكانی بانكەكان بگۆڕێت، یان هەمواریان بكاتەوە، وەكو یاسای ڕەهنی خانو بەرە و یاساكانی بانكی ئەهلی. لە ئەمەریكا ڕەهنی خانووبەرە بنەمایەكی سەرەكیی بووژانەوەی ئابوورییە. یەكێك لەو گرفتانەی دیكەی بەردەم پێشكەوتنی بانكەكان نەبوونی كادیری بانكیی بەتوانا و شارەزایە، ئەمەش پێویستی بەوە هەیە كادیرەكانی بانك بخرێنە ناو خولی فێركردن و پەرەپێدانەوە.

* بەو پێیەی بانكی ناوەندیی عێراقی وا باس دەكرێت كە سەربەخۆیە، ئایا لە حكومەتێكی فیدڕاڵیدا ئەركی سەرشانی ئەو بانكە نییە لە هەرێمە فیدڕاڵییەكان لقی هەبێت؟

-  بانكی ناوەندیی عێراقی لقی لە پارێزگاكانی كوردستان هەیە، بەڵام منیش پێم وایە دەبێت بانكی ناوەندیی عێراق وەكو پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا نەكات، بەڵكو دەبێت وەكو هەرێمێكی فیدڕاڵی لە هەولێری پایتەخت لقی خۆی هەبێت، ئێمە لە بانكی كوردستان بە هاوكاریی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی كردنەوەی ئەو لقەی بانكی ناوەندین بۆ هەموو هەرێمی كوردستان نەوەكو تەنیا وەك پارێزگایەك، هەر بۆیە لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش گفتوگۆمان كردووە، بەو ئومێدەین ئەو هەوڵانە دەست پێ بكەینەوە. هەر خۆی لە خۆیدا پێویستە ئەندامێكی سەرەكیی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانكی ناوەندیی عێراق نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت، بۆ ئەوەی هەماهەنگی و پەیوەندی نێوان بانكی ناوەندی و بانكەكانی كوردستان بەردەوام بێت. حكومەتی ناوەندیش دەبێت پێداچوونەوەی ورد بە مەسەلەی كڕین و فرۆشتنی دۆلار لە ڕێگەی پەنجەرەی كڕین و فرۆشتنەوە لەگەڵ بانكە ئەهلییەكان بكات، چونكە زۆر لەو بانكانە تەنیا سەرقاڵی بەدەستهێنانی قازانجی زۆر بوون، بێ ئەوەی گوێ بە بەرژەوەندییەكانی عێراق بدەن.

* دواپرسیارمان تایبەتە بە مەسەلەی كڕین و فرۆشتنی دۆلار و ئەو ناجێگیرییەی لەم ماوەیەی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینی. ئایا وەكو كەسێكی شارەزا لە بانك و بواری نەختینەیی چۆن لەم بابەتە دڕوانیت؟

- خۆی لە خۆیدا ئابووریی عێراق ئابوورییەكی پشتبەستووە بە داهاتی پترۆدۆلار و 90%ی بودجەی گشتییش پشت بەم داهاتە دەبەستێت، ئەم ئابوورییەش بە دەست كۆمەڵێك كێشەی قورس و ئاڵۆزەوە گیرۆدە بووە، لایەنی بانكی و دارایی و نەختینەییش زۆر باش نییە. كێشەی ئابووریی عێراق لەوەدایە ئەم داهاتە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و یەكسان لە نێوان هاووڵاتیانی عێراقدا دابەش نابێت و تەنیا 5%ی دانیشتووانی عێراق زۆرترین داهاتیان بۆ دەچێت. بە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عێراق كێشەی هەڵاوسان و بێ بازاڕیی زیاتر بووە. ئەم ناجێگیرییەی بەهای دۆلار كە قسە و باسێكی زۆری لەسەر دەكرێت، گرفتەكەی لەوەدایە بانكی فیدڕاڵی ئەمریكا دەستتێوەردانی كردووە، بە هۆی ئاودیوكردنی بڕە دۆلارێكی زۆرەوە بۆ ئێران، بەمەش ئەو بڕە پارەیەی دۆلار كە بانكەكان لە ڕێگەی بەنچەرەی فرۆشتنەوە دەستیان دەكەوت و بە قازانجێكی كەم دەخرایە بازاڕەوە، لە ئێستادا لەلایەن بانكی ناوەندییەوە زۆر كەم دەخرێتە بازاڕەوە، پێشتر بانكی ناوەندی ڕۆژانە 250 تا 300 ملیۆن دۆلاری دەخستە بازاڕەوە، لە ئێستادا تەنیا 60تا70 ملیۆن دۆلار دەخرێتە بازاڕەوە، هەتا ئەو لایەنە سیاسییە عێراقییانەی كە دۆلار هەناردەی ئێران دەكەن، بەردەوام بن، بارودۆخی بەرزیی نرخی دۆلار هەر بەم شێوەیە دەمێنێتەوە.

Top