پڕۆفیسۆر مارك كاتز بۆ گوڵان: شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا هاوشێوەی شەڕی عێراق و ئێران درێژخایەن دەبێت
مارك كاتز پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی جۆرج مەیسۆن، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان، سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی ئەمنی، كاروبارەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، پێشتریش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا شرۆڤەكاری كاروباری یەكێتیی سۆڤییەت بووە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ و شرۆڤە كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرئەنجام و ئاقار و ئاراستەی شەڕەكەوە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* هەروەك ئاشكرایە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لە ئێستادا نەك ئەگەری ئەوە نییە كە كۆتایی پێ بهێنرێت و یەكلا بكرێتەوە، بەڵكو شەڕەكە زیاتر چڕ بووەتەوە و بەرەو هەڵكشان دەچێت، ئێوە چۆن لە بارودۆخی شەڕەكە و درێژەكێشان و بەردەوامبوونی دەڕوانن و پێتان وایە بە چ ئاراستە و ئاقارێكدا دەڕوات؟
- لە ڕاستیدا بارودۆخی شەڕەكە لە ئێستادا بە چەشنێكە كە ڕەنگە بتوانین بڵێین جۆرێك لە بە بنبەستگەیشتنی سەربازی دروست بووە، چونكە ڕووسیا بە زەحمەت دەتوانێت پێشڕەوی بكات و بگرە ناتوانێت بە ئاسانی پارێزگاری لەو خاك و شوێنانەش بكات كە دەستی بەسەردا گرتوون، لە هەمان كاتدا سەرباز و سوپای ئۆكرانیاش تووشی زەحمەت و دژواری بوونەتەوە، لەبەر ئەوە پێم وایە ئەمە پتر هاوشێوەی شەڕی عێراق و ئێرانە لە ساڵانی 1980-1988، كە ڕەنگە ئەمە باشترین، یان وردترین بەراوردكاری بێت كە بتوانین بیكەن لەم ڕووەوە.
* هەروەك ئێوەش ئاماژەتان پێ كرد، ڕووسیا، یان سوپای ئەو وڵاتە تووشی دژوارییەكی زۆر بووەتەوە و پێشتریش تووشی چەندین شكست و پاشەكشە بوون لە شەڕەكەدا، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ڕووسیا هێندە پێداگری دەكات لەسەر ئەم شەڕە و بۆچی بیر لە گرتنەبەری ڕێگەچارەیەك ناكاتەوە كە بە كەمترین زیان لەم شەڕە دەربچێت؟
- جێی خۆیەتی ئێمە لەم ڕووەوە ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین كە ئەگەر سەرۆك ڤلادمیر پوتین لەم شەڕەدا شكست بهێنێت و پاشەكشە بكات، ئەوا دەسەڵات لە دەست دەدات، بە واتایەكی دیكە ئەگەر سەرۆك پۆتین ئاگربەست ڕابگەیەنێت، یان دەستەبەرداری هەر شتێك بێت، دوای ئەو هەموو زیانەی لە سوپای وڵاتەكەی كەوتووە، ئەوا مەترسیی ئەوە دروست دەبێت كە دەسەڵاتەكەی بڕووخێندرێت و لە دەستی بدات.
* بە تێڕوانینی ئێوە بۆچی ڕووسیا لەم شەڕەدا تووشی ئەم بارودۆخە بووەتەوە، بە واتایەكی دیكە ئایا ئەمە دەرئەنجامێكی چاوەڕوانكراو بوو بۆ ڕووسیا؟ بۆچی شەڕەكە هێندە درێژەی كێشاوە و سوپای ڕووسیا نەیتوانیوە و پێ ناچێت بتوانێت لە بەرژەوەندیی خۆی یەكلای بكاتەوە؟
- لە ڕاستیدا ڕووسیا تووشی تێڕوانین و حیساباتی هەڵە بوو، پێی وابوو بە چەشنی دەستبەسەرداگرتن و كۆنتڕۆڵكردنی هەرێمی كریمیا لە ساڵی 2014 دەتوانێت ئەم شەڕ و دەستەبەسەرداگرتنەشی بە ئاسانی بۆ بچێتە سەر و پێی وابوو دەتوانێت بچێتە ناو خاكی ئۆكرانیا و دەست بەسەر ئەو وڵاتەدا بگرێت و ئەمرێكی واقیع دروست بكات، ڕۆژئاواش ناچار بێت كە قبووڵی بكات و مامەڵەی لەگەڵدا بكات، واتە سەرنجدانێكی سووكی هەبوو بۆ تواناكانی ئۆكرانیا، لە هەمان كاتدا دەزگای هەواڵگریی وڵاتەكەی دەقاودەق ئەوەیان بە سەرۆك پۆتین دەوت كە خۆی دەیویست ببیستێت، واتە بە هەمان شێوەی سەدام حوسێن بوو لە ساڵی 1980 بڕیاری داگیركردنی ئێرانی دا، و پێی وابوو وڵاتەكە توانایەكی گەورە و بێشوماری هەیە و ئێران توانایەكی كەم و لاوازی هەیە و بواری نەدا كە هیچ كەسێك شتێكی جیاوازی پێ بڵێن، كە ئەمەش بارێكی مەترسیدارە و پێم وایە سەرۆك ڤلادمیر پوتین تووشی هەمان حاڵەت بووەتەوە.
* كەواتە لە ئێستادا دەكرێت پێشبینی ئەوە بكرێت كە شەڕەكە بەردەوام دەبێت و بۆ ماوەیەكی زیاتر درێژە دەكێشێت، بەتایبەتی كە ئێمە هیچ هەوڵێكی جددی لە بواری دیپلۆماتی و سیاسیدا بەدی ناكەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و ڕێگەچارەیەكی ئاشتی، بەڵكو چڕبوونەوەی زیاتری شەڕەكە بەدی دەكەین؟
- بەڵێ، من پێم وایە شەڕەكە درێژە دەكێشێت، كە دەبینین وڵاتانی ڕۆژئاوا چەكی زیاتر بۆ ئۆكرانیا دەستەبەر دەكەن و ئێرانیش چەك بۆ ڕووسیا دابین دەكات، هەروەها لە ئێستادا ئەگەری ئەوە بەدی ناكرێت، هیچ لایەك تووشی شكست ببنەوە، تەنیا لە چەند حاڵەتێكدا نەبێت، بۆ نموونە ئەگەر چیتر سوپای ڕووسیا ئامادە نەبێت شەڕەكە بكات و درێژەی پێ بدات، كە حاڵەتێكی هاوشێوە لە سەروەختی جەنگی یەكەمی جیهانیدا ڕووی دا، یان ئەگەر لەبەر هەر هۆكارێك بێت وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەوانەكردنی چەك بۆ ئۆكرانیا ڕابگرن، بەدەر لەم حاڵەتانە، ئەوا پێشبینی ئەوە دەكەم كە شەڕەكە بەردەوام بێت.
* هەروەك ئاشكرایە كە ئەمە بە تەنیا شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا نییە، بەڵكو ڕۆژئاوا بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ و بە قورساییەكی زۆرەوە لە نێو شەڕەكەدایە، لە ڕێی گرتنەبەری چەندین ڕێكاری ئابووری و دارایی لە دژی ڕووسیا و دەستەبەركردنی چەك و هاوكاری و دارایی بۆ ئۆكرانیا، كەواتە لە ئێستادا چۆن لە پەیوەندیی هێزە جیهانییە مەزنەكان دەڕوانیت و ئایا پێت وایە ئەمە هاوشێوەی سەروەختی شەڕی ساردە؟
- لە ڕاستیدا ڕەنگە بتوانین بڵێین لە شەڕی سارد دەرچووە و بووەتە شەڕێكی گەرم، بەڵام هەرچۆنێك بێت، هاوشێوە، یان لێكچوونێكی هەیە لەگەڵ سەروەخت و ڕۆژگاری شەڕی سارددا، چونكە لەو ڕۆژگارەدا چەندین شەڕ و ناكۆكی لە ئارادابوون، شەڕی كۆریا و شەڕی ڤێتنام و چەندین ناكۆكی و شەڕی دیكە، ئەوەی ئێستاش لە ئارادایە ناكۆكییەكی زۆر گەورەیە كە یەكێك لە هێزە مەزنە جیهانییەكان تەواو لە شەڕەكەدا تێوەگلاوە و ڕووبەڕووی دژواری و زەحمەتی بووەتەوە و، هێزی دیكەی جیهانی هەن كە هاوكارن، كەواتە بە دڵنیاییەوە لەم ڕووەوە بارودۆخ و هەلومەرجەكە لێكچوونێكی هەیە لەگەڵ ڕۆژگاری شەڕی سارددا.
* ئەگەر بە دیاریكراوی باس لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكەین، یان باسی ڕۆڵ و كاریگەریی هاوكارییەكانی ئەمریكا بكەین، ئایا پێت وایە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن لەم ڕووەوە ئەدایەكی باشی نواندووە، بەتایبەتی كە ئێستا ئۆكرانیا دەتوانێت درێژە بە بەرگرییەكانی بدات و لە هەمان كاتدا ئەمریكاش ڕاستەوخۆ لە شەڕەكەوە تێوەنەگلاوە؟
-لە ڕاستیدا من پێم وایە ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن ئەدایەكی باشی هەبووە، چونكە هەوڵ و هاوكارییەكانی ئەمریكا بوونەتە بەربەست لەبەردەم ڕووسیادا، لە هەمان كاتدا ئەمریكا بە چەشنێكی ڕاستەوخۆ بەشدار نەبووە لە شەڕەكەدا و ئەمەش دەرئەنجامێكی باشە بۆ ئەمریكا.
* باشە پێت وانییە لە ساتەوەختێكدا هەردوو لایەنی شەڕەكە (ڕووسیا و ئۆكرانیا) بگەنە ئەو دەرئەنجام و قەناعەتەی كە درێژەكێشانی شەڕەكە لە زیان و كاولكاری زیاتر هیچی دیكەی لێ ناكەوێتەوە و، دەبێت دەست بە جۆرێك لە جۆرەكانی دانوستاندن و گفتوگۆ بكەن، بۆ ئەوەی كۆتایی بە شەڕەكە بهێنرێت، ئایا ئەمە ڕێی تێدەچێت؟
- ئەمە بەندە بەوەی كە گفتوگۆ و دانوستاندنەكان چۆن دەبن، چونكە ڕاستە سەرۆك ڤلادمیر پوتین باسی لەوە كردووە و ئاماژەی بەوە كردووە كە دەیەوێت دەست بە گفتوگۆ بكات، بەڵام بە بێ ئەوەی ئامادە بێت دەست لە هیچ شتێك هەڵبگرێت، بۆ نموونە نایەوێت و ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو خاك و ناوچانە ببێت كە ڕایگەیاند بەشێكن لە ڕووسیا، ئەگەرچی لە ڕووی واقیعەوە كۆنتڕۆڵی بەسەر بەشێكیاندا لە دەست داوە. هەروەها دەبێت ئەوەش ڕەچاو بكەین كە وا دیارە ئۆكرانیا ئەمە قبووڵ ناكات و سازشی لەسەر ناكات، من پێم وایە تەنانەت ئەگەر سەرۆكی ئۆكرانیا ڤلۆدۆمیر زیلینسكی-یش بەمە ڕازی بێت، ئەوا ڕای گشتی و گەلی ئۆكرانیا ڕەتی دەكەنەوە و پێی ڕازی نابن، كەواتە لە ئێستادا هیچ ڕوون نییە، ئایا چارەسەرێكی بەدیهاتوو لە ڕێی گفتوگۆوە چۆن دەبێت و ڕواڵەت و ڕەهەندەكانی چی دەبن، چونكە ئەوەی لەم ساتەوەختەدا بەدی دەكرێت ئەوەیە كە ئۆكرانیا پێداگری دەكات لەسەر ئەوەی دەبێت ڕووسیا بكشێتەوە لە خاكی وڵاتەكەی، ڕووسیاش ئەم ڕەت دەكاتەوە، كەواتە دووبارەی دەكەمەوە ئەمە هاوشێوەی شەڕی عێراق و ئێرانە كە بۆ ماوەیەكی زۆر درێژەی كێشا.