سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى باڵاى ئه‌مه‌ريكى كۆبووه‌وه

ئیمشه‌و دووشه‌ممه 2023/1/16 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز برێت مەکگورک نێردەی سەرۆكی ئەمه‌ریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریكا كرد كه به ياوهريى شاندێكى باڵاى وڵاته‌كه‌ى، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه به‌ڕێز ئامۆس هۆكستاين، نێرده‌ى سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌مه‌ريكا بۆ ژێرخانى جيهانى و ئاسايشى وزه و خاتوو ئالينا ڕۆنانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له عێراق ئاماده‌ى بوون، دوايين پێشهاته سياسييه‌كانى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى يه‌كخستنى پێشمه‌رگه‌یان، تاوتوێ كرد.
به‌ڕێز مه‌كگورك به‌رده‌واميى پشتيوانيى ئه‌مه‌ريكاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ولێر و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له هه‌موو بواره‌كاندا، دووپات كرده‌وه، به‌تایبه‌تیش له بواری وزه و پاراستنی ئاسایشی وزه‌دا.
لاى خۆيه‌وه سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، باسێكى وردى ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان پێشكه‌ش كرد و دووپاتى كرده‌وه كه له‌گه‌ڵ دامه‌زرانى حكوومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراق، ده‌رفه‌تێك بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و فيدراڵى هاتووه‌ته ئاراوه و له‌مباره‌يه‌وه هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌موو هاوكارييهك ئاماده‌يه.
گرنگیی پێکه‌وه‌کارکردن بۆ پاراستنی سه‌قامگیری، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو، كه ژماره‌يه‌ك له به‌رپرسان و ڕاوێژكارانى هه‌ردوولا ئاماده‌ى بوون.