چاوە جەبار: بۆ سەركەوتن لە كار و بوون بە خاوەن كار تەنیا بڕوانامەی بەرز مەرج نییە  

چاوە جەبار:  بۆ سەركەوتن لە كار و بوون بە خاوەن كار تەنیا بڕوانامەی بەرز مەرج نییە   

 

 

زۆر جار بڕوانامەی بەرز، فاكتی سەرەكییە بۆ ئەوەی خاوەنەكەی بتوانێت لە كەرتی گشتی، یان تایبەت كارێك بۆ مسۆگەركردنی بژێویی خۆی دەستەبەر بكات. بەڵام ژماەی ئەو كەسانەش كە خاوەن بڕوانامەن و بێكاریشن، كەم نییە، بۆیە زۆر جار بە ئیرادە و متمانە بەخۆبوونیان رێكارەكانی تێكەڵبوون بە بازاڕی كار دەدۆزنەوە. چاوە جەبار خانمێكی گوڵفرۆشی دانیشتووی شاری هەولێرە، لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لە هەنگاوە بەردەوامەكانی رێگەی سەركەوتنی لە بواری كارەكەی خۆی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

چاوە جەبار لەدایكبووی شاری هەولێرە و تەمەنی 31 ساڵە، وەك خۆی ئاماژەی پێ دەكات، دەرچووی قۆناغی ئامادەییە و لە ئێستادا دووكانێكی گوڵفرۆشی لە گەڕەكی زانیاری لە شاری هەولێر بەڕێوە دەبات. هەر سەبارەت بە ژیانی خۆی و سەرەتای دەستپێكردنی بە كارەكەی بۆ گوڵان گوتی: «ساڵی 2012 هاوسەرگیریم كرد، كوڕێكم هەیە، تەمەنی 10 ساڵانە، ماوەی ساڵ و نیوێك لە ژیانی هاوبەش و هاوسەری بەردەوام بووین، دواتر جیا بوومەوە و گەڕامەوە ماڵی بابم، لەو ساتەوە لەبەر خاتری كوڕەكەم بە چڕی هەوڵی كاركردنم داوە، ئەگەر بە تەنیا بام، رەنگە بەم شێوەیە خۆم ماندوو نەكردبا، سەرەتا بە شێوەی ئۆنڵاین دەستم بە كاركردن كرد، لە ماڵەوە كێك و جۆرەكانی شیرینم دروست دەكرد و دەمفرۆشتنەوە و موشتەریشم زۆر بوو، تا وای لێهات» چەند خاتوونێك داوایان لێ كردم، خولی فێركاریی دروستكردنی شیرینی بكەمەوە، داواكاری زۆر بوو، دوو جار لەسەر یەك خولی فێركاریم كردەوە، پاشان دووكانێكی گەورەی شیرینیم دانا، سوپاس بۆ خوا سەركەوتوو بووم لە كارەكەم، خۆشحاڵ بووم كە شەش كەس لە پڕۆژەكەم لەگەڵ من كاریان دەكرد و توانیم دەرفەتی كاریان بۆ بڕەخسێنم، ئەگەرچی لە پرۆسەی هاوسەرگیری شكستم هێنا، بەڵام لە بواری كارەكەم سەركەوتوو بووم و بە پێداگریم توانیم ناخۆشییەكان تێپەڕێنم و لەسەر پێی خۆم بوەستم، شانبەشانی كاری هەویركاری و دروستكردنی شیرینی ماوەی شەش ساڵە كاری دیزاینی ئاهەنگەكان دەكەم، ماوەی ساڵێكیشە دووكانێكی خنجیلانەی گوڵفرۆشیم داناوە، پێموایە لە كارەكەم سەركەوتووم، ئەویش بە هۆی ئەوەی كارەكەم بە حەز و ئارەزووی خۆمە و پیشەكەمم زۆر خۆش دەوێت، هەر موشتەرییەك سەردانم بكات، جارێكی دیكە دێتەوە بۆ گوڵ كڕین. جگە لەوەش پڕۆژەی زیاترم بۆ داهاتووی كارەكانم هەیە و بە دڵنیاییەوە درەنگ، یان زوو ئەنجامیان دەدەم، پێش ئەوەی بمرم هەموو خەونەكانم بەدی دێنم و رێگە نادەم خەونەكانم لە ناو بچن».

سەبارەت بە چالاكییەكانی دیكەشی گوتی: «بە خۆشحاڵییەوە چەند جارێك لە ئامادەیی پیشەیی كچان سیمینارم رێك خستووە و تیایدا باسی پیشەی ئافرەتانم كردووە و، ئاماژەم بەوە داوە كە بۆ ئەوەی ئافرەت ببێتە خاوەن پیشەی خۆی و بۆ ئەوەی لە بوارەكانی كاركردن سەركەوتوو بیت، مەرج نییە خاوەن بڕوانامەی بەرز بێت. هەروەها مایەی دڵخۆشییە كە لەم ساڵانەی دواییدا رێژەیەكی زۆری خانمان تێكەڵی دونیای كاركردن و پەیداكردنی بژێوی ژیانی خۆیان و خانەوادەكەیان بوون».

چاوە جەبار ئەوەش ناشارێتەوە كە ژیانیدا تووشی ئاریشەی زۆر بووە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «كە دایك بوویت، كەسێكیش نەبێت دەستت بگرێت، پێویست دەكات» بە خۆت دەستی خۆت بگری و كار بكەیت. لە ئێستادا خۆم و كوڕەكەم بە تەنیا دەژین، ماوەی نۆ ساڵە بە تەنیا خۆم كوڕەكەم بەخێو دەكەم، بێ ئەوەی یەك دووسەدوپەنجایی لە كەس وەربگرم، لە قوتابخانەیەكی ئەهلی دەخوێنێت، دەتوانم بڵێم بۆ كوڕەكەم هەم دایك و هەم باوكیش بووم». لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا پاڵپشتیی خێزان بۆ كچەكانیان تا چەند هەوێن و هۆكاری سەركەوتنە، گوتی: «بێگومان پاڵپشتی و هاوكاریی خێزان زۆر گرنگە، من بەش بە حاڵی خۆم دایكم زۆر زۆر هاوكاری كردووم، پێموایە هاوكاری و هاندانی كەسوكار لە هەنگاونان بەرەوە ئایندە وادەكات ئاسۆی بەردەمت كراوە بێت». 

ئەو خاتوونە خاوەن كارە، لە كۆتایی وتەكانیدا بەمجۆرە پەیامی خۆی ئاراستەی خانمان كرد و گوتی: «ئەو خاتوونانەی كە حەزی كاركردنیان هەیە و پێویستیشیان بە كاركردنە، داوایان لێ دەكەم، بە بێ ترس و دوودڵی توانا و بەهرەكانیان بخەنەگەڕ و هەوڵی كاركردن بدەن، مەرج نییە بۆ دەستپێكی كاركردن پارەیەكی زۆرت هەبێت، ئەگەر ئیرادە و بیرۆكەی باشت هەبوو، بێگومان سەركەوتوو دەبی، ئەگەر سەرەتا بە قازانجێكی كەم قەناعەتت كرد و بەردەوام بوویت، بێگوان سەركەوتوو دەبیت. دڵنیاشم ئەگەر ئافرەت پەرە بە تواناكانی بدات، لە پیاو سەركەوتوو تر دەبێت».

Top