فڕۆکە جەنگییەکانی هیندستان بۆ مەشقی هاوبەش دەگەنە ژاپۆن
![فڕۆکە جەنگییەکانی هیندستان بۆ مەشقی هاوبەش دەگەنە ژاپۆن](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20230113200707_original_19.jpg )
فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی هیندستان گەیشتنە ژاپۆن بۆ بەشداریکردن لە مانۆڕێکی ئاسمانی هاوبەش کە سەرەتای ئەم هەفتەیە بەڕێوەدەچێت.
بەپێی ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ژاپۆن NHK، تۆکیۆ و نیودەلهی خۆیان بۆ یەکەمین مەشقی ئاسمانی هاوبەش ئامادە دەکەن.
بۆ ئەو مانۆڕە، 4 فڕۆکەی جەنگی جۆری SU-30 سەر بە هێزی ئاسمانی هیندستان (IAF) لە بنکەی هێزی ئاسمانی هیاکۆری هێزی ئاسمانیی ژاپۆن (ASDF) لە ئیباراکی لە باکووری تۆکیۆ جێگیرکران.
ئیشیمورا تاکاهیسا، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ژاپۆن لەم مەراسیمەدا گوتی: یەکەمین مانۆڕی هاوبەشی نێوان ژاپۆن و هیندستان گرنگییەکی مێژوویی هەیە.
هەروەها ڕۆهیت کاپیل، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی هیندستان گوتی: ئەم مانۆڕە هەنگاوێک دەبێت بەرەو قووڵکردنەوەی هاوکاریی بەرگری و پەیوەندییە ستراتیژی دووقۆڵی.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیی هیندستان بەشداری لەو مانۆڕە ئاسمانییەدا دەکەن کە لە ١٦ تا ٢٦ی ژانویە بەڕێوەدەچێت.
گوڵان: سەردار خەلیل