نێچیرڤان بارزانی بۆ شێخ نەهرۆ: پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى قووڵتان ئاراستە دەکەم

نێچیرڤان بارزانی بۆ شێخ نەهرۆ: پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى قووڵتان ئاراستە دەکەم

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسه‌نامه‌يه‌ك ئاراستەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دەکات، ئەوەش بەبۆنەی کۆچی دوایی کوڕەکەیەوە کە بەیانیی ئەمڕۆ کۆچی دواییکرد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەکەیدا دەڵێت، "پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى قووڵم ئاراسته‌ى به‌ڕێز شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، رێبەری تەریقەتی قادری ـ کەسنەزانی و خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى به‌ڕێزيان ده‌كه‌م بۆ مه‌رگى ناواده‌ى خوالێخۆشبووى كوڕى كه‌ ئه‌مڕۆ كۆچى دوايیكرد."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "له‌م خه‌م و كۆسته‌ گه‌وره‌يه‌دا دڵم لايانه‌ و هاوخه‌م و هاوسۆزيانم‌. له‌ خواى مه‌زن داواكارم ئارامى و دڵنه‌وايى به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت و گيانى خوالێخۆشبوو به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات."

رۆژی یەکشەممە 16-06-2024 شێخ عەلی کەسنەزانی، ئامۆزای شێخ نەهرۆ کەسنەزانی بە رووداوی راگەیاند، کوڕەکەی شێخ نەهرۆ "شەوی رابردوو چووەتە حەمام بۆ خۆشۆردن، لەوێ کەوتووە و سەری بەر زەوییەکە کەوتووە، بەهۆی ئەمەوە تووشی خوێنبەربوون بووە، دواتر براوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا."

ئەو ئامۆزایەی شێخ نەهرۆ دەڵێت، کوڕەکە "ناوی محەممەد بوو، تەمەنی نزیکی 18 ساڵە، دانیشتووی عەممان بووە و بڕیارە هەر لەوێش بە خاک بسپێردرێت."

تەرمی کوڕەکەی شێخ نەهرۆ لە ئوردن بە خاک دەسپێردرێت بەڵام شێخ عەلی کەسنەزانی گوتی، "لە سلێمانی پرسەی بۆ دادەنرێت و ئەمڕۆ یەکەم رۆژی پرسەکەیەتی لە تەکیەی سەرەکیی تەریقەتی کەسنەزانی لە سلێمانی."

لە رۆژی 4ی تەممووزی 2020 شێخ محەممەد عەبدولکەریم کەسنەزانی کە دەکاتە باوکی شێخ نەهرۆ لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە ئەمریکا کۆچی دواییکرد. شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لەلایەن باوکیەوە بە جێگرەوە و رێبەری تەریقەتەکە دیاریکرابوو و جێگەی گرتەوە.

تەریقەتی قادری - کەسنەزانی تەریقەتێکی ئیسلامییە لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان شوێنکەوتووی هەن، بارەگەی سەرەکی تەریقەتەکە لە شاری سلێمانییە.

Top