میانمار ١١٢ موسڵمانی ڕۆهینگیای دەستبەسەر کرد
![میانمار ١١٢ موسڵمانی ڕۆهینگیای دەستبەسەر کرد](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20230110225435_original_43.jpg )
میانمار 112 کەسی لە ڕۆهینگیا زیندانی کردووە کە 12یان منداڵن.
ئەو موسڵمانانە لە پارێزگای ڕاخین هەڵدەهاتن کاتێک لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی میانمارەوە دەستگیرکراون. لە کۆی ١٢ منداڵ، ٥ منداڵی خوار تەمەنی ١٣ ساڵ بە دوو ساڵ و منداڵانی گەورەتر بە سێ ساڵ زیندانی سزادراون. هەروەها گەورەساڵان هەموویان سزای پێنج ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا.
موسڵمانانی ڕۆهینگیا لە میانمار کە زۆرینەی ئایینی بودایی تێدایە، ڕەگەزنامە و مافە سەرەتاییەکانی دیکەیان لێ زەوت دەکرێت. حکومەتی سەربازی میانمار بانگەشەی ئەوە دەکات کە خەڵکی ڕۆهینگیا خەڵکی بەنگالن و هیچ شوێنێکیان لە میانماردا نییە. لە هاوینی 2017ەوە سوپای میانمار بە پاڵپشتی توندڕەوانی بوزی، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانیان لە پارێزگای ڕاخین دەستپێکرد و لە مانگی یەکەمی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا شەش هەزار و 700 موسڵمان کوژران.
هەروەها موسڵمانانی ڕۆهینگیا بۆ دەربازبوون لە کوشتن و ئەشکەنجە و ناوزڕاندن بەرەو بەنگلادیش هەڵاتوون و ئێستا نزیکەی یەک ملیۆنیان لە بەنگلادیش لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژین. ناوبەناوە هەواڵی خنکانی دەیان موسڵمان لە ئاوەکانی دەوروبەری وڵاتانی ناوچەکەدا بڵاو دەکرێتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل