ڕۆڵی ژنانی كورد لە بازرگانی و كاركردن لە ڕابردوو و ئێستادا

ڕۆڵی ژنانی كورد لە بازرگانی و كاركردن لە ڕابردوو و ئێستادا

 

 

وەكو دیارە ژنان شان بە شانی پیاوان ڕۆڵی بەرچاو دەبینن لە بازرگانی كردن، هەروەها كاركردن، بگرە زۆر جار ڕۆڵی ژنان زیاترە لە پیاوان، ئەوەی كە زۆر جار ڕۆڵی ژنان بزر بووە، لەبەر ئەوەی ژنان كارەكانیان لە ماڵەوە بووە، یان دوور لە بەرچاو بووە. ئەگەر ژنان هاوكاری پیاوان نەبن، بەشێك لە زۆربەی كارەكان پەكیان دەكەوێت.

ئەگەر تەماشا بكەین خەدیجە (خوای لێ ڕازی بێت) پێش ئەوەی شوو بە پێغەمبەر (د.خ) بكات، یەكێك بووە لە بازرگانە گەورە و سەركەوتووەكان، بەڵام پیاوانی ناردووە بۆ وڵاتان بۆ سەرپەرشتیی سامانەكەی.

دەگێڕنەوە پێشەوا عەلی كوڕی ئەبو تالیب (خوای لێی ڕازی بێت) كاتێك هەندێك كاڵای كاری دەستی دەبردە بازاڕ بۆ فرۆشتن، دەیگوت ئەوە دایكی حەسەن دروستی كردووە، كەواتە هەم بایەخی بە حەزرەتی فاتیمە دەدا و باسی ڕۆڵی دەكرد، هەم گرنگی بە كاڵای خۆماڵی دەدا .

خودای گەورە لە بارەی بەدەستهێنانی ڕزقی حەڵاڵ دەفەرموێت :

(وَمَنْ يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَلْ لَهُ مَخْرَجًا * وَيَرْزُقْهُ مِنْ حَيْثُ لَا يَحْتَسِبُ وَمَنْ يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ إِنَّ اللَّهَ بَالِغُ أَمْرِهِ قَدْ جَعَلَ اللَّهُ لِكُلِّ شَيْءٍ قَدْرًا) [الطلاق:2-3].

واتە: هەر كەسێك تەقوایی خوا بكات، ئەوە دەروی لێ دەكاتەوە، ئینجا ڕزقی پێ دەبەخشێت لە ڕێگایەكەوە كە خۆی حیسابی نەكردووە، لەو ڕێگایەوە ئەو قازانج و دەستكەوتەی دەست بكەوێت.

مەبەست لەو كەسانەیە كە هەوڵ دەدەن بۆ بەدەستهێنانی ڕزقێكی حەڵاڵ .

بێگومان ژنانی كورد لە پێشان و لە ئێستاشدا بەردەوام لە هەوڵی بەدەستهێنانی پاروویەكی حەڵاڵن بۆ منداڵەكانیان .

دەربارەی ئەو كەسانەی نانی دەستی خۆیان دەخۆن، پێغەمبەر (د.خ) فەرمویەتی: «ما أكَلَ أحدٌ طعامًا قطُّ خيرًا من أن يأكل من عمل يده، وإن نبيَّ الله داود عليه السلام كان يأكُلُ من عمل يده».

واتە: هیج كەسێك نانێكی باشتری نەخواردووە لەو نانەی كە بە دەستەكانی خۆی پەیدای كردبێت. ئینجا فەرموی: پێغەمبەر داود (سەلامی خوای لەسەر) نانی دەستی خۆی خواردووە، كەواتە كەسابەتی كردووە .

 خودای گەورە لە (سورة الجمعة) دەفەرموێت: (فَإِذَا قُضِيَتِ الصَّلَاةُ فَانْتَشِرُوا فِي الْأَرْضِ وَابْتَغُوا مِنْ فَضْلِ اللَّهِ وَاذْكُرُوا اللَّهَ كَثِيرًا لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ).

واتە : لە دوای تەواوبوونی نوێژتان (نوێژی هەینی) پەرت و بڵاو بن بە سەر زەوی و لەو بەرەكەتانەی خودای پێی بەخشیون، لێی كۆبكەنەوە (بە حەڵاڵی) دواتر یادی خوا بكەن بۆ ئەوەی سەربەرز و سەركەوتوو بن.

ژنی كورد جاران ئەم كارانەیان دەكرد:

1. شینایی كردن و بەخێوكردنی ڕەز .

2.  دۆشین و بەخێوكردنی مەڕ و بزن و چێڵ و مانگا.

3.  نانكردن و ئامادەكردنی شێو سێ ژەمە .

4.  مەشكە هەژاندن و دروستكردنی ماست و پەنیر و ژاژی و لۆرك و كەشك و دۆ .

5. ساوار كوڵاندن و باراش لێكردن .

باراش لێكردن یەعنی جونە ئاش بۆ لێكردنی (ئارد و ساوار و گەنم كوتا و پڕوژ و.. هیتر)

6.  تەشی ڕێستن و دروستكردنی لیفكە.

7. دروستكردنی ڕایەخ جاجم و لباد و لێف و دۆشەك هەر لە خوری و مووی بزن .

8. دروستكردنی بەڕ لەو پەڕۆیانەی كە بە كەڵكی بەكارهاتن نەدەهات .

9. دروستكردنی حەسیر لە قەمیش .

10. دروستكردنی سەبەتە بە داری بی و هیتر .

11. چاندن و دروستكردنی گێسك بە داری گێسك.

12. داركۆكردنەوە، پێیان دەگوت تێلای دار.

13. دروستكردنی كڵاش و كەڕك كر و.. هیتر.

14: دروست كردنی تورشی و مەرەباو ئاو تەماتە و هیتر .

15. دروومانی جلوبەرگ بۆ خۆیان .

زۆر كاری دیكە كە پێشینان كردوویانە. ئەمانەی باسمان كرد، بەشێكی زۆریان بە خۆیان، یان لەلایەن پیاوەكان دەبردرانە بازاڕ و دەفرۆشان، كەواتە ژنانی كورد لە ماڵەوە كارگەیەكی خۆماڵیی بچووك بوون. جگە لەمە كار و كەسابەتێكی حەڵاڵیان كردووە و هاوكاری پیاوەكانیان بوون، بۆیە خودای گەورە خۆشی و بەختەوەری و بەرەكەتی خستبووە ماڵ و تەمەنیانەوە .

ژنانی ئێستا

بەشێكیان بەتایبەتی ئەوانەی گوندنشینن، وەكو پێشان بەردەوامن لە خزمەتكردن شان بەشانی پیاوان و دەست ڕەنگینن لە كارەكانیان .

بەشێك لە ژنانی ئێستا خەریكی بازرگانیكردنن و كۆمپانیا و دووكانیان هەیە و خۆیان سەرپەرشتی دەكەن .

لە بەشێكی زۆری ماركێتەكان، یان بەڕێوەبەرن، یان لەسەر كالا و كاشێر كارمەندی سەركەوتوون .

لە زۆربەی فەرمانگەی حكوومی و ناحكوومی ڕێژەی زۆرینەی لە ژنان پێك هاتووە و لە پیاوان زیاتر سەركەوتووترن.

ژمارەیەكی زۆری پزیشكی ژنانمان هەیە .لە پەرلەمان ژمارەی ژنان زۆرن و سەرۆكی پەرلەمانیش ژنە و چەند وەزیرێكی ژنیشمان هەیە و لە ناو حزبە سیاسییەكانیش لە پێگەی بەرز پۆستیان هەیە، ئەمانەش هەمووی كارن .

ژنانی ئێستا بە هۆی مووچەكانیانەوە دەورێكی كاریگەریان لە هاوكاریكردنی پیاوەكانیان هەیە.

بەشێك لەو ژنانەی كە خاوەن پێداویستیی تایبەتن، یان منداڵی یەتیمیان هەیە، كاری دەستی دەكەن و بژێوی حەڵاڵ بۆ منداڵەكانیان پەیدا دەكەن .

بەشێك لە ژنانی كورد چێشتخانەی تایبەت بە خۆیانەوە هەیە و هەندێكی دیكەشیان نانەواخانەی نانی تیرییان داناوە و فرۆشیان زۆرە.

بەشێكی دیكە لە ژنانی سەربەرزی كورد لە شەقام و لە ناو بازاڕەكان عەرەبانەیان داناوە و گەس و شیرینی و شتی بچووك دەفرۆشن .

خوێنەری بەڕێز دەبێ ئەوەش لەبیر نەكەین، بەشێكی زۆر لە ژنانی ئێستا داویانەتە تەمبەڵی و ئەو كارانەی باسمان كرد، نەك نایكەن و نایزانن ئەنجامی بدەن، بگرە ناوەكانیشیان نازانن، واتە داویانەتە تەمبەڵی بۆیە زۆربەیان نەخۆشن. جا ئەوەی مەبەستە ئەوەیە كە ژنانی كورد لە بەرەوپێش چوونی وڵات و نیشتمانیش ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبووە و هەیە.

ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەوەیە كە هەندێك لە ژنان و كچانی كورد، خەریكی پەیداكردنی پارە و بازرگانی كردنن بە لەش و لاریان و خەریكی تێك تك و ڕێكلام كردنن بۆ كاڵای ناپەسەند و ناشەرعی و دوور لە تەندروستیی كەلتووری خۆمان، جگە لە ژنان، پیاوانیش خەریكی تێك توك و سناپ چات و هیترن، ئەمەش دەبێتە هۆی داڕمانی دارایی وڵات و لە دەستدانی گەنجی وڵات .

 

 

بەڕێوەبەری مزگەوتەكان و پشكنین لە دیوان وەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئایینی

 

Top