پڕۆفیسۆر هوارد فیدرسپیڵ بۆ گوڵان: درەنگ، یان زوو پوتین ئەو قەناعەتەی لا دروست دەبێت كە ناتوانێت شەڕەكە بباتەوە
هوارد فیدرسپیڵ پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی ئۆهایۆ ستەیت لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، وانەبێژ و توێژەری چەند بوارێكی گرنگە، وەك: پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی بەراوردكاری. بۆ تاوتوێكردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و لێكەوتەكانی ئەم شەڕە و ئەگەری گرتنەبەری گفتوگۆ بۆ یەكلاكردنەوەی و چەند پرس و بابەتی دیاریكراو، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا تەنیا پەیوەست نییە بەو دوو وڵاتەوە، بەڵكو كاریگەرییەكانی ئەم شەڕە كاریگەریی لەسەر تێكڕای جیهان هەبووە، لە پەیوەندی بە پرسی ئاسایش و وزەوە و گرانبوونی نرخی خۆراك و چەندین لێكەوتە و دەرهاویشتەی دیكە، ئێوە چۆن لە ڕەوتی ئەم شەڕە و بەرەوپێشچوون و درێژەكێشانی دەڕوانن؟
- دەكرێت لە بارەی تێكڕای شەڕەكەوە لەوە بڕوانین، كە هەڵگیرساندن و بەرپاكردنی ئەم شەڕە لەلایەن سەرۆك ڤلادمیر پوتینەوە پشتڕاست نەبوو بە پاساو و بیانوو، یان هۆكارێكی قەناعەتپێهێنەر و ڕەوا، واتە بیانوو و هۆكارێكی داتاشراو و نادروست هێنرایەوە بۆ شەرعییەتدان بە دەستپێكردن و بڕیاری بەرپاكردنی ئەم شەڕە، ئەوە بوو ڕووسیا لەسەر ئەم بنەما و لێكدانەوە هەڵەیە بڕیاری دا و ڕەفتاری كرد، واتە ڕووسیا مەسەلەكەی بە چەشنێك خستەڕوو، یان گوزارشتی لێ كرد، وەك ئەوەی ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسییەك بووبێتەوە كە هەر دەبێت لەم ڕووەوە پەرچەكدار و كاردانەوەی هەبێت، بە چەشنێك كە ببێتە هۆی ڕەواندنەوە و كۆتاییهێنان بەم مەترسییە، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش بوو كە دەوڵەتە دراوسێكەی (ئۆكرانیا) كردە ئامانج.
* زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە بەلای كەمەوە بەشێك لە بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە و هەڵگیرسانی شەڕەكە دەكەوێتە ئەستۆی وڵاتانی ڕۆژئاوت و خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و، تەنانەت سیاسەتی خودی دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیا، بەڵام هەرچۆنێك بێت، ئێستا شەڕەكە بەردەوامە، ئێوە چۆن لە هەڵوێست و سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڕوانن لە ئاست ئەم شەڕەدا و هەروەها لە پەیوەندی بە هاوكاریكردنی ئۆكرانیا و سزادانی ڕووسیاوە؟
- من دەمەوێت لەم ڕوانگەیەوە لەم پرسە بڕوانم، كە ئەم هاوكاری و سزادانانە بە چەشنێك نەبوون، یان بە ڕاددەیەك نەبوون كە سەر بكێشێت بۆ ئەوەی پێكدادانانی ڕاستەوخۆ لە نێوان ڕووسیا و خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ڕوو بدات، مەبەستم ئەوەیە تا ئێستا سیاسەتی ئەمریكا ئەوە بووە كە ڕاستەوخۆ نەیەتە نێو شەڕەكەوە، واتە سەربازەكانی بێنە نێو بەرەكانی شەڕەكەوە، ئەمەش سیاسەتێكی پەسەندكراو و قبووڵكراوە لە نێو خودی ئەمریكا.
* هەندێ جار ئاماژە بە گریمانە، یان ئەگەری ئەوە دەكرێت كە لە حاڵەتی درێژەكێشانی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیادا، ئەوا ڕەنگە هاوكاری و یارمەتییە سەربازییەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەردەوام نەبن بۆ ئۆكرانیا، بەڵام تا ئێستا ئەم هاوكارییانە بەردەوامن و كاریگەریی بەرچاو و نكۆڵی لێ نەكراوییان هەبووە، لەسەر ئاراستەی شەڕەكە، هەرچەندە نەبوونەتە هۆی یەكلاكردنەوەی پارسەنگی هێز، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن؟
- لە ڕاستیدا دەتوانین ئێمە لە ڕوانگەی چەند ئەزموونێكەوە لەم پرسە بڕوانین، چونكە لە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانییەوە، سوپای ئەمریكا لە چەند وڵاتێكدا جێگیر بووە و، تا ئێستاش بەردەوامە و درێژەی هەیە، بەڵام لە هەندێ وڵات بە پەلە و بە خێرایی كشایەوە، لێرەدا ئەو پرسەی بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت لەلایەن خودی خەڵكی ئەمریكاوە، ئەوەیە كە وڵاتەكەیان بە چەشنێك تێوەنەگلێت كە ببێتە هۆی ئەوەی ڕۆژانە سەربازی كوژراو بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكە، واتە ئەمە بەرهەڵستی و ناڕەزایەتی دروست دەكات.
* بەڵام ئەوەی تا ئێستا بەدی هاتووە، ئەوەیە كە ڕووسیا نەیتوانیوە بەرهەمێكی ئەوتۆ لەم شەڕە بچنێتەوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە ڕووسیا تووشی چەندین شكست و ڕووبەڕووی چەندین خەسارەت و زیانی سەربازی بووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا سوورە لەسەر درێژەپێدانی ئەم شەڕە، ئایا لۆژیك ئەوە نییە، ڕووسیا هەوڵ بدات كە دەروازە و دەرفەتێك بۆ كۆتاییهێنان بەم شەڕە بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر ئەم خوێنبەربوونە سەربازییە بەردەوام نەبێت؟
- گومان لەوەدا نییە كە ڕووسیا پێشبینیی بەدیهێناتن و هاتنەئارای ئەم دەرئەنجامە نەخوازراو و پێچەوانەیەی نەدەكرد، بەڵكو گریمانە و چاوەڕوانیی ڕووسیا ئەوە بوو، كە ڕۆژئاوا بەگشتی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەتایبەتی هەڵوێستێكی سەرسەخت و ئەوتۆ ناگرنەبەر، كە لە دەرئەنجامدا ئۆكرانیا بتوانێت بەرهەڵستی و بەرگرییەكی ئەوتۆ بكات، كە بتوانێت بەرەنگاری هێرشەكانی ڕووسیا ببێتەوە و، بەرپەرچی پەلامارەكانی بداتەوە، بەڵام هەڵوێست و سیاسەت و بڕیارەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ڕێگریكردن لە سەركەوتنی ڕووسیا، بوونە هۆی ئەوەی ڕووسیا خۆی لە هەلومەرجێكدا بدۆزێتەوە كە ڕووبەڕووی دەرئەنجامێكی نەخوازراو ببێتەوە.
* ئاشكرایە ئەم شەڕە نەك تەنیا وڵاتانی ناچار كردووە كە پێداچوونەوە بە پرسی ئاسایشی سەربازیی خۆیاندا بكەنەوە، بەڵكو هەندێ لە وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا، خۆیان لە دۆخێكدا بینییەوە كە ناچار بوون پێداچوونەوەی جددی بە ئاسایشی وزەشدا بكەن، لەبەر ئەوەی ڕووسیا پرسی هەناردەكردنی نەوت و غازی بۆ ئەوروپا وەك چەكێك لەم شەڕەدا بەكارهێنا، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
- نكۆڵی لەوە ناكرێت كە بەرزبوونەوەی نرخی وزە، مایەی ناڕەحەتی و نیگەرانی بووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی ئەگەر ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین كە چەند وڵاتێكی دیاریكراوی نێو ئەوروپا، وەك ئەڵمانیا، بە ڕاددەیەكی گەورە پشتبەستوو بوون بە هاوردەكردنی وزە لە ڕووسیاوە، لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمە چ دەرئەنجامێكی لێ دەكەوێتەوە؟ ئایا ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی بە جددی بیر لەوە بكرێتەوە كە دەست بە گفتوگۆ بكرێت لەگەڵ ڕووسیادا، بۆ ئەوەی كۆتایی بە شەڕەكە و بەو پێیە بە پرسی پەیوەست بە وزەشەوە بهێنرێت؟ چونكە نابێت ئێمە ئەوە نادیدە بگرین كە وڵاتانی ئەوروپا ترس و نیگەرانییان هەیە لە ڕووسیا و، بوونی ڕووسیایەكی بەهێز بە چەشنێك لێك دەدەنەوە كە مایەی نادڵنیایی و نائارامیی ئەوان بێت، بەتایبەتی ئەم ترسە لە وڵاتانی بەڵتیكدا پتر هەستی پێ دەكرێت و بەرجەستەیە، پوختەی مەسەلەكە لێرەدا ئەوەیە كە وڵاتە ئەوروپییەكان دەیانەوێت پاڵپشتی و پشتیوانیی ئۆكرانیا بكەن و هاوكاری و یارمەتیی پێویستی بۆ دەستەبەر بكەن، لەم ڕووەوە نایەوێت ئۆكرانیا تووشی داڕووخان و داگیركاری ببێتەوە، ئامادەن داراییەكی زۆری وڵاتەكانیان بۆ هاوكاریكردنی ئۆكرانیا تەرخان بكەن، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن ئەم دەرئەنجامە بێتەئاراوە و ڕووسیا باڵادەست و سەركەوتوو بێت و لەشەڕەكەدا زاڵ بێت، بەڵكو دەیانەوێت بارودۆخەكە بە ئاراستەیەكدا بشكێتەوە كە ڕووسیا ڕێگەی ئاشتی و ئاشتەوایی بگرێتەبەر و دووبارە نەوتیان پێ بفرۆشێتەوە.
* كەواتە لە ئێستادا ئایا هیچ ئاسۆیەك بۆ گرتنەبەری ڕێگەچاری گفتوگۆ بەدی دەكەن؟ ئایا بە لەبەر چاوگرتنی دۆخی گۆڕەپان و بەرەكانی شەڕ، پێت وایە ڕووسیا بیر لەوە بكاتەوە كە هەنگاوێكی لەم چەشنە بگرێتەبەر، یان بەلای كەمەوە ئامادە بێت بۆ ئەوەی دەرفەتێك بە هەوڵ و كۆششەكانی ئاشتی بدات؟
- بەڵێ، من پێم وایە ئەگەر و دەرفەتێكی لەم چەشنە لە ئارادایە و هەیە، ئەویش لەو ڕوانگەیەوە كە درەنگ، یان زوو سەرۆك ڤلادمیر پوتین دەگاتە ئەو ڕاستیییە و ئەو قەناعەتەی لا گەڵاڵە دەبێت كە بەم چەشنە كە ئێستا لە ئارادایە، ناتوانێت شەڕەكە بباتەوە و، ئەو ویستەی بۆ دروست دەبێت كە كۆتایی پێ بهێنێت و خۆی لێ ڕزگار بكات، چونكە پێم وانییە ڕووسەكان لەم ڕووەوە جیاوازییەكی ئەوتۆیان لەگەڵ ئەمریكییەكاندا هەبێت، مەبەستم ئەوەیە كاتێك ڕووبەڕووی دۆخێكی نالەبار و كێشەیەكی قورس دەبنەوە، ئەوا دەست هەڵدەگرن و هەڵدێن و پشتی تێ دەكەن. لەبەر ئەوە پێم وایە ئەگەر ڕووسیا ئەو ئامادەییە دەرببڕێت، مەبەستم بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەرێكی ئاشتییانە بۆ یەكلاكردنەوە و كۆتاییهێنان بە شەڕەكە، ئەوا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەڵامدانەوەی دەبێت و بەدەم ئەم خواستەوە دەچێت، تەنانەت ئەگەر ئۆكرانییەكانیش ڕای بگەیەنن كە نایانەوێت گفتوگۆ بكەن لەگەڵ ڕووسیادا، لەبەر ئەوە پێم وایە لە میانەی ساڵێكدا ئەم گفتوگۆیانە دەست پێ دەكەن و دێنەئاراوە.