پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینییەوە

بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زایینی، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانییانی ئازیز لە سەرتانسەری جیهان دەکەین و، پیرۆزبایی تایبەتمان ئاراستەی خانەوادەی بەڕێز و سەربەرزی شەهیدان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتیمان و جەماوەری دڵسۆزی گەلەکەمان دەکەین.
هەلومەرجی سیاسیی عیراق پاش پێکهێنانی کابینەی نوێ دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، ئەو قۆناغەش پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگووتاریی سیاسیی حزب و هێزە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە، کە ئەجێندایەکی تێر و تەسەل لەخۆ بگرێ بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکیی کێشە و پرسە هەڵواسراوە درێژخایەنەکان، بەجۆرێک کە لە خزمەتی دۆز و مافە رەواکانی گەلی کوردستاندا بێت، لەوانەش جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور و دابینکردنی شایستە داراییەکان و چەسپاندنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بە پێی ئیستیحقاقی دەستووریی.
بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی (٢٠٢٣)ـی زایینییەوە جارێکی دیکە بەڵێن بۆ گەلەکەمان نوێ دەکەینەوە، کە وەک هەمیشە لە ئاست خواست و ویستی گەلە خۆڕاگر و سەربەرزەکەمان بین و سووربین لەسەر پتەوکردنی سەقامگیری و ئاسوودەیی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی و باشترکردنی بژێوی هاووڵاتیان و برەودان بە فەرهەنگی نەتەوەییمان و ڕەوتی ئاشتەوایی و گیانی فرەڕەنگی و، پاراستنی دەستکەوتەکانمان و قەوارە سیاسی و یاساییەکەی هەرێمی کوردستان.
هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی بنبڕکردنی کێشە و گرفت و ئاریشه و دەردەسەرییەکان بێت.. ساڵێکی بە هات و هیوابەخش بێت بۆ گەلەکەمان و، هەموو لایەک لە دەرد و بەڵا و ناخۆشی بەدوور بن.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٣١ـی١٢ـی٢٠٢٢