ئۆکرانیا: ٦٤ سەربازی وڵاتەكەمان و هاووڵاتییەکی ئەمریکی ئازاد کران
ئۆکرانیا ئازادکردنی 64 سەربازی ئۆکرانیایی و هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی وەک بەشێک لە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ ڕاگەیاند.
ئەندری یەرماک، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا لە تویتێکدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ، ٦٤ سەربازی ئۆکراینی و هاووڵاتییەکی ئەمریکی ئازادکراون.
گوتیشی: ئەم سەربازە ئۆکرانیایانە کە لە ناوچەی دۆنێتسک و لوهانسک شەڕیان دەکرد دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
هەروەها مۆركز سویدی، هاووڵاتییەکی ئەمریکی کە هاوکاری خەڵکی ئۆکرانیای دەكرد، ئازاد کرا.
هەروەها تەرمی 4 ئۆکراینی گوازرایەوە بۆ کیێڤ.
لە ئاڵوگۆڕیی دیلەكان لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ٦ی کانوونی دووەمدا، ٦٠ سەربازی ئۆکراینی و ٦٠ سەربازی ڕووسی ئازاد کران.
گوڵان: سەردار خەلیل