سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکایان تاوتوێکرد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکایان تاوتوێکرد.

 

ئەمرۆ چوارشەممە 14/12/2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە خاتوو ئەلینا رۆمەناوسکی، باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق کرد و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان دەربارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکایان کرد.

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەت و کارنامەی وەزاری.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە گفتۆگۆ و دانوستانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ھەمەلایەنە و دادپەروەرانە لە سەر ھەموو کێشە ھەڵپەسێردراوەکان کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دابین بکات و لە بەرژەوەندی گشت ھاووڵاتییانی عێراقدا بێت.

چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و زەمینەسازکردن بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوانیان بوو.

Top