لە یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی عەزیز سەلامدا ڕێز لە ژمارەیەک هونەرمەند دەگیرێت

لە یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی عەزیز سەلامدا ڕێز لە ژمارەیەک هونەرمەند دەگیرێت


گرووپی (Z) بۆ کاری هونەری لە یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گۆرانیبێژ (عەزیز سەلام) کاتژمێر ٣ـی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٥/١٢/٢٠٢٢، لە هوتێل چوارچرا لەژێر دروشمی (کۆچ) بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و ڕوشنبیران و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕێز لە ١٥ هونەرمەندی گۆرانیبێژ گرت، هاوکات کلیپێکی نوێ بۆ یەکەمجار نیشان درا کە هۆنینەوەی گۆرانی (کۆچ)ـی هونەرمەندی کۆچکردووە لە لایەن دەستەیەک لە هونەرمەند و موزیکژەنان گوتراوە.
(زانا مەرزانی) سەرپەرشتیاری گرووپی Z بۆ کاری هونەری ڕایگەیاند: لە یەکەمین ساڵیادی کۆچی ئەو دەنگە زوڵاڵەی کە ساڵی ڕابردوو لە ڕووداوێکی نەخوازراودا گیانی سپارد و کۆچی ناوادەی دڵی هەموومان هێنایە هەژان، بڕیارماندا لەو ساڵیادە غەمگینەدا، کلیپێکی نوێ کە گۆرانی (کۆچ)ـە و بەدەنگی چەند هونەرمەندێکی دەنگخۆش و هاوڕێی (عەزیز سەلام)ـی هونەرمەند گوتراوە پێشکەش بە ئامادەبووان بکرێت، هاوکات ڕێز لە ١٥ هونەرمەندی گۆرانیبێژ و موزیکژەنان نرا کە لە ئێستادا سەرگەرمی گۆرانی و داهێنانن لە بواری موزیکدا.
هەر لە چوارچێوەی ساڵیادەکەشدا چەند وتار و دێڕە شیعرێک پێشکەش بە (عەزیز) و ڕوحە شیرینەکەی هەولێر کران کە دەنگ و گۆرانی و ئاوازەکانی لە دڵی هەموواندا هەر بەزیندوویی دەمێننەوە.
جێگەی باسە، (عەزیز سەلام) لە ساڵی ١٩٧٣ لە هەولێر لە دایکبووە و لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٢ دەستی بە کاری هونەری کردووە و لە ساڵی ٢٠٠١ کوردستانی جێهێشت و لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێ بوو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ گەڕایەوە کوردستان و لە ١٦/١٢/٢٠٢٢ لە ڕووداوێکی نەخوازراودا گیانی سپارد و ماڵئاوایی لە ژیان و هونەر و هونەرمەندان دا کرد.

Top