ئافرەت لە بەرامبەر توندوتیژیی گۆڕانی كەشوهەوادا

ئافرەت لە بەرامبەر  توندوتیژیی گۆڕانی كەشوهەوادا

 

 

 

لە هەڵمەتی شازدە ڕۆژەی بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان، زۆرتر ئاماژە بە جۆرە باوەكانی توندوتیژی دەكرێت، بۆیە لە ڕووی ژینگەییشەوە وا چاكە ئاماژە بە جۆرێكی دیكەی توندوتیژی بدەین، كە ئەویش توندوتیژیی گۆڕانی كەشوهەوایە.

رۆژانە باس لە ئاسەوار و كاریگەرییە زۆرەكانی گۆڕانی كەشوهەوا دەكرێت، بەڵام كەمتر باس لەو لایەنەی دەكرێت كە پەیوەستە بە زیانەكانی لەسەر توێژی ژنان، جا ئەو زیانانە سرووشتیی بن، یان دەستكردی مرۆڤەكان بن.

ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژ زیاتر ئەوە دەبینرێت كە ژنان زۆرتر زەرەرمەند دەبن بە هۆی كاریگەرییە زۆرەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لە زۆر بواردا، بە هۆی ئەوەی ژنان:

1. زیاتر پشت بە دەرامەتەكانی سرووشت دەبەستن لە كارەكانیاندا.

2. ژنان زیاتر تووشی نایەكسانی و هەژاربوون و بێكاری دەبن.

3. لە ناوچە دوورەدەستەكاندا بە زەحمەتتر دەتوانن نان و ئاو و سووتەمەنی دەست بخەن، چونكە بە كەمبوونەوەی دەرامەتەكان لەو شوێنەدا، وا دەكات ژنان بۆ زۆر شوێنی دوورتر بڕۆن، بەمەش تووشی دەستدرێژی و توندوتیژی دەبن.

4. هەر بە هۆی ئاسەوار و كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەواوە، زۆرێك لە كچانی ئەو ناوچە زیانلێكەوتووانە بە زۆر بە شوو دەدرێن، لەبەر هەژاری و كەمدەرامەتی، چونكە بەپێی توێژینەوەیەكی نەتەوە یەكگرتووەكان دەركەوتووە كە دیاردەی هەژاری لە نێو ژناندا زیاتر بووە تا پیاوان.

بۆیە بە هۆی ئەمانەی لە پێشەوە ئاماژەمان پێ كردن و زۆر هۆی دیكەش، هەتا ئەم ساتەش بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی (ئافرەتان لە پێناوی دادپەروەریی كەشوهەوای نێودەوڵەتی) كاریگەریی نەرێنی گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوا لەسەر ژنان 14 ئەوەندەی كاریگەرییەكەیەتی لەسەر پیاوان.

بۆ نموونە: ژمارەی ئەو ئافرەتانەی خنكان بە هۆی سۆنامییەكەی ساڵی 2004ی ئەندۆنیزیاوە، سێ ئەوەندەی ژمارەی پیاوە خنكاوەكان بوون، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ژنان كەمتر فێری مەلەوانی دەكرێن.

هەروەها هەمان ڕاپۆرت ئاماژە بەوەش دەكات كە لە دوای نیشتنەوەی ئاوەكە و تەواوبوونی سۆنامی، گرفتی ئەو كچانە دەست پێ دەكات كە كەسوكاریان لەدەست داوە و، لە ناچاریدا بە زۆر بە شوو دەدرێن، ئەمە جگە لەوەی هەندێكیان دەكەونە بەر توندوتیژی و دەستدرێژیكردنە سەریان.

5. لە ڕووی دادپەروەریی كۆمەڵایەتییەوە هێشتا لە زۆربەی كۆمەڵگەكاندا كۆت و بەندی زۆر هەن لە بەردەم پڕۆسەی پەروەردە و فێربوونی كچان و، تەنانەت قەدەغەكردنی خوێندنیش لێیان.

6. هەرچەندە ژنان زیاتر زەرەرمەندن لە ئاسەوارەكانی گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا ڕێژەی بەشداریی ژنان لە هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوا سنووردار و كەمە، وەك لە ڕاپۆرتێكی سایتی دۆچەڤیلە بە ناونیشانی (ژنان لە ڕووبەڕووبونەوەی گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوادا) هاتووە، كە ڕێژەی بەشداریپێكردنی ژنان لە شاندە بەشداربووەكانی گشت وڵاتاندا دەگاتە یەك لەسەر سێی ڕێژەی پیاوان.

هەروەها لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا، لە هەر پێنج شانددا یەك شاند بە سەرۆكایەتی ئافرەت بووە.

لە توێژینەوەی (بەشداریكردنی ژنان لە دانوستانەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا)یشدا هاتووە كە: هەرچەندە وڵاتێك كاریگەرییەكانی گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوای زیاتر لەسەر بووبێت، ژمارەی ژنانی بەشداری ئەو وڵاتە كەمتر بوون لە شاندەكانی دانوستاندنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانكاریی ئاو و هەوا، ئەمە لەو كاتەی كە بەپێی خەمڵاندنەكانی (بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە) نزیكەی 80%ی ئاوارە و پەنابەران بە هۆی كاریگەرییەكانی گۆڕانكاریی ئاو و هەواوە لە توێژی ژنانن.

چی بكرێت بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانكاریی ئاو و هەوا لەسەر ژنان؟

1. گێڕانەوەی ڕۆڵی ئافرەتان لە بایەخدان بە جوان مامەڵەكردن لەگەڵ پێكهێنەرەكانی ژینگەدا.

2. سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئافرەتانی جیهان لە خەباتی ڕێكخراوەیی ژینگەییدا.

3. پەسەندكردنی یاسا و ڕێنمایی تایبەت بەم بوارە و كارپێكردنیان بۆ پاراستنی ئافرەتان لە توندوتیژیی دەرهاویشتە لە كاریگەرییەكانی گۆڕانكاریی ئاو و هەوا.

4. دداننان بە بوونی پەیوەندییەكی تەواو لە نێوان توندوتیژی لە ئەنجامی گۆڕانی كەشوهەوا و توندوتیژیی كەلتووری.

5. تواناداركردنی ژنان لە بواری ئامادەسازی لە بەرانبەر كارەساتە ژینگەییەكاندا.

6. دابینكردنی هۆكارەكانی خودبژێوی بۆ ئافرەتان لە قۆناغی دوای قەیرانەكانی پەیوەست بە گۆڕانی كەشوهەوا.

7. هاندانی دامودەزگا فەرمییەكان بۆ لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژی.

8. بەردەوامیدان بە هەڵمەتەكانی هۆشیاری بۆ سەلماندنی مافە كەلتووری و ژینگەییەكانی خانمان.

9. داكۆكیكردن لە خانمانی ژینگەپارێز لە بەرانبەر ئەو هەڕەشانەی كە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

10. پێدانی هەلی وەك یەك لە بەشداریكردنی ژنان لە كۆبوونەوەكانی تایبەت بە كاریگەرییەكانی گۆڕانكاریی ئاو و هەوا.

 

Top