پێویستى هه‌ڵسه‌نگاندنى خوله‌كانى ڕاهێنان

پێویستى هه‌ڵسه‌نگاندنى خوله‌كانى ڕاهێنان

ڕاهێنه‌رى ئه‌مریكی تۆپى باسكه‌ (موغان ووتن) ده‌لێ" بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ركه‌وتوو بی له‌ ڕاهێنان، پێویسته‌ له‌ سه‌رت هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌ت بكه‌ى وه‌كو یه‌ك خێزان، چونكه‌ سه‌ركرده‌ پێوێستى به‌ پاڵپشتى هه‌مووانه‌".
شاراوه‌ نییه‌ لاى كه‌سمان كه‌وا ڕاهێنان پرۆسه‌یه‌كه‌ له‌ پێناو وه‌رگرتنى زیاتری زانیاری و كارامه‌ییه‌كان له‌ هه‌مان كاتدا ده‌توانین بلێن ڕاهێنان چالاكییه‌كه‌ ئامانج لێی په‌ره‌پێدانى توانا و كارامه‌یی كه‌سه‌كانه‌ به‌ره‌و باشتر و باشتر له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ هۆى گۆڕانكاری ئه‌رێنى و باش له‌ ڕه‌فتار و گوفتار و كرداری كه‌سه‌كان.
چۆن جوتیار گرنگى به‌ تۆوی باش ده‌دات و ده‌یچێنێ و ئاو و خۆراكی باشى پێ ده‌دات تا بتوانرێ به‌رهه‌مێكى به‌ تام و چێژى هه‌بێ، ڕاهێنه‌رانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌بێ گرنگی به‌ مامۆستا بدات و بتوانێ گۆڕانكاری ئه‌رێنى و ڕیشه‌یی له‌ مامۆستا به‌دی بكات و ڕاهێنانیش ئامانجى خۆى به‌ده‌ست بێنێ، به‌ دڵنیایی به‌شداری بوون له‌ هه‌ر خولێكى ڕاهێنان سوود و قازانجی هه‌یه‌ ئه‌ویش فێربوون و په‌ره‌پێدانى تواناكان و كارامه‌ییه‌كانه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پێویسته‌ ساڵانه‌ پلان و ستراتیژیه‌تى كردنه‌وه‌ى خوله‌كان ڕابگه‌یه‌نرێت به‌ كۆمه‌لێ مه‌رج و پێوه‌ر پاڵپشت به‌ دیدگایه‌كى ڕۆشن و دوور مه‌ودا كه‌ په‌یام و ئامانجه‌كان ڕوون بكاته‌وه‌، له‌وه‌ش گرنگتر هه‌ر رێكخراوێكى ناحكومی نێوده‌وڵه‌تى یان ناوه‌خۆ، یانیش به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ كردنه‌وه‌ى هه‌ر خولێكى ڕاهێناندا جگه‌ له‌و چوارچێوه‌ گشتییه‌ى سه‌ره‌وه‌ كه‌ باسمان كرد گرنگه‌ پرۆگرام و بابه‌ته‌كان چین و چى پێویسته‌ له‌و خولانه‌ به‌ گرنگیه‌وه‌ باس بكرێ، له‌وه‌ش گرنگتر به‌ بۆچوونى من ڕاهێنه‌ره‌كه‌یه‌ كه‌ بابه‌ت و پرۆگرامه‌كان بۆ به‌شداربووان شى ده‌كاته‌وه‌ و چوارچیوه‌ گشتییه‌كه‌ چى به‌ جێ ده‌كات، چونكه‌ سه‌ركه‌وتنى هه‌ر خولێك سه‌ره‌تا به‌ ڕاهێنه‌ره‌كه‌یه‌تى ده‌بێ ئه‌وپه‌رى بڕوا و باوه‌ڕى به‌ ئه‌نجامدانى خوله‌كه‌ و بابه‌ت و پرۆگرامه‌كه‌ بێت و شاره‌زایی و ئه‌زموونى باشى هه‌بێت و، له‌گه‌ڵ هه‌بوون ئاره‌زوو و خواستێكى قوول بۆ سه‌ركه‌وتنى خوله‌كه‌ و فێربوونى به‌شداربووان و گه‌یاندنى بابه‌ته‌كه‌ى بۆ به‌شداربووان.
خواست و ئاره‌زوو چه‌ند گرنگه‌ بۆ ڕاهێنه‌ره‌كه‌ى كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ گرنگه‌ بۆ مامۆستایانى به‌شداربوو، ده‌بێ حه‌زیان له‌ فێربوون و گه‌شه‌پێدانى توانا و كارامه‌ییه‌كانیان بێت و كێبڕكێ بكه‌ن بۆ زیاتر به‌شدارى كردن و بره‌ودان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى خۆیان به‌ گشتی. له‌ بیرمان نه‌چێ له‌ كۆتایی هه‌ر خولێك پێویسته‌ هه‌ڵسانگاندن و فیدباك هه‌بێ بۆ چۆنیه‌تى به‌رێوه‌چوونى خوله‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تى و رێكخراوی په‌یوه‌ندیدار یانیش ده‌زگاى به‌رزتر له‌و ده‌زگایانه‌ى خوله‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌، سه‌ره‌تا گرنگه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕاهێنه‌ره‌كه‌ بكرێ گه‌ر وه‌كو پێوست نه‌بوو ئه‌وا ده‌بێ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ گرێبه‌سته‌كه‌ ئاماژه‌ى پێ بدرێ بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر خۆى ماندوو بكات و ئامانجه‌ گشتییه‌كه‌ به‌ ده‌ست بێت، ئه‌ویش تا چه‌ند رٍِاهێنه‌ر پابه‌ند بووه‌ به‌ كات و پرۆگرام و مه‌رجه‌كانى خول و چۆنیه‌تى پێشكه‌ش كردنى بابه‌ت و شاره‌زایی و ئه‌زموون و، تا چه‌ند ڕه‌خنه‌ و پێشنیاری په‌سند كردووه‌ و بڕواى ته‌واوى به‌ خول و پڕه‌سنیپه‌ نه‌گۆڕه‌كان هه‌یه‌، تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ گه‌یاندنى بابه‌ت و چه‌نده‌ها خاڵى تر. پێویسته‌ مامۆستایانى به‌شداربوو به‌ متمانه‌ و بوێرییه‌وه‌ بۆ ڕای خۆیان بنوسن له‌ سه‌ر ڕاهێنه‌ر و ، هه‌روه‌ها له‌ سه‌ر ژینگه‌ى خوله‌كه‌ و خزمه‌تگوزاری و به‌رده‌ست بوونى پێداویستییه‌كانى و هى تر.
به‌هه‌مان شێوه‌ پێویسته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى نوسین و زاره‌كی و سیمینار بۆ به‌شداربووان ئه‌نجام بدرێ تا چه‌ند سوودیان وه‌رگرتووه‌ و تێیدا سه‌ركه‌وتوو بونه‌.
نموونه‌ى ولاتان زۆره‌ نامه‌وێ وتاره‌كه‌ درێژبكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام پێویسته‌ كردنه‌وه‌ى هه‌ر خولێكى ڕاهێنان ئامانجه‌كانى دیارى بكرێ و فیدباك و هه‌ڵسه‌نگاندنی گشتیی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ ئه‌نجام بدرێ.

 


به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top