ئەمریکا فرۆشتنی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیای چینیی قەدەغە کرد
ئەمریکا هاوردەکردن و فرۆشتنی "ئامێری نوێی پەیوەندییەکان"ی لە پێنج کۆمپانیای تەکنەلۆجیای چینی لەوان هواوی قەدەغە کرد، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکانی ئاسایشی نیشتمانی.
کۆمیسیۆنی پەیوەندییە فیدراڵیەکانی ئەمریکا بە کۆی دەنگ یاسای نوێی قەدەغەکردنی فرۆشتن و هاوردەکردنی ئامێرە پەیوەندییەکان کە لەلایەن کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیای چینییەوە دروستکراون پەسەندکرد.
جسیکا روزن ورسل، سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە فیدراڵیەکان، گوتی: یاسا نوێیەکان بەشێکی گرنگن لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی خەڵک لە هەڕەشەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە بواری پەیوەندییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد: کۆمیسیۆن پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی لەڕێگەی دڵنیابوون لەوەی کە ئامێری پەیوەندیی بێ متمانە لە ناو سنوورەکانی ئەمریکا بەکارنەهێنرێت.
لە نێو ئەو کۆمپانیایە تەکنەلۆجییانەدا کە بەرهەمەکانیان لە وڵاتدا هاوردە و فرۆشتنی قەدەغە کراوە، دەتوانین ئاماژە بە هواوی و هەروەها ZTE، Hikvision، Dahua و Hytera بکەین.
هاوکات کۆمپانیای Hikvision کە کۆمپانیایەکی دەوڵەتی چینییە و کەرەستەی چاودێری مەدەنی و سەربازی دروست دەکات، ڕایگەیاندووە، بەرهەمەکانیان هیچ مەترسییەکی ئەمنی بۆ ئەمریکا دروست ناکەن.
گوڵان: سەردار خەلیل