مەیسەر عوبێد نەهێلی سكرتێری یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:   حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخی زۆری بە لاوان و گرنگییەكی زۆریشی بە پڕۆژە و پێشنیارەكانیان داوە

مەیسەر عوبێد نەهێلی  سكرتێری یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:     حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخی زۆری بە لاوان و گرنگییەكی زۆریشی بە پڕۆژە و پێشنیارەكانیان داوە

 

 

لاوان داینەمۆی هەموو پێشكەوتن و گۆڕانكارییەكن، ڕێكخراوەكان وەكو نوێنەرانی ئەم توێژە گرنگەی ناو كۆمەڵگە، ڕۆڵێكی گەورەیان هەیە لە بەشداریی لاوان لە هەموو كایەكاندا، لەم ڕووەوە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ مەیسەر عوبێد نەهێلی سكرتێری یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان ساز دا.

 

* پارتی دیموكراتی كوردستان گرنگیی زۆری بە لاوان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان داوە، ئایا ئێوە چۆن دەڕواننە بەشداریكردنی لاوان لە پێشكەوتنی كوردستاندا؟

- یەكێتیی لاوان خاوەنی مێژوویەكی پڕ لە شانازی و خەبات و بەشداریكردنە لە هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەرینەكەی بەهاری 1991، بە درێژایی ئەو ساڵانە تا ساڵی 2003 لاوان ڕۆڵێكی كارایان لە بونیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان هەبووە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان لەسەر بیروباوەڕی بونیادنانەوەی عێراقی نوێ و زامنكردنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان لە عێراقی نوێ، كاری گرنگ و گەورەی كردووە و بەشداریمان لە ئیفێنت و چالاكیی لاوانی جیهانی كرد، هەفتەی ڕابردوو لاوانمان بەشداریی ئەنستیوتی داهێنان و توێژینەوەیان كرد، كە لەلایەن جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە چوو. ئەمە خۆی لەخۆیدا گوزارشتە لەوەی لاوانی كوردستان دانەبڕاون لە داهێنان و بەرەوپێشچوونی جیهانی و لاوانی كوردستانیش لە لاوانی جیهان كەمتر نین. بێگومان گرنگیدانی سەرۆك بارزانی بە زانكۆ و پەیمانگە و پرۆسەی خوێندن، ئاماژەیەكە بە گرنگیدانی خودی سەرۆك بارزانی بە هێز و توانای لاوان بۆ پێشكەوتنی كوردستان، هەر لەم ڕێگەیەشەوە سەدان لاوی كوردستان بوونە خاوەنی بڕوانامەی بەرز و بەشدارییان لە گەشەكردنی هەرێمی كوردستاندا هەبووە، لە بوار و سێكتەرەكانی دیكەی پەرلەمان و یاسادانان و دادوەری و حوكمڕانی و كەرتی تایبەتیشدا لاوان ڕۆڵێكی گەورەیان هەبووە و، بە دەیان كادیر و ئەندامی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە سەرجەم كایەكاندا بەشدار بوون، ئەمەش هەمووی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ژمارەیەكی زۆری لاوان پەروەردەی ڕێكخراوی لاوانی دیموكراتی كوردستان بوون و هەڵگری فكر و دیدگەی گۆڕانكاری و پێشكەوتن و ئارامی و سەقامگیری بوون لە پێناو ژیانێكی باش و خۆشتر.

* ئایا یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان چ پڕۆژە و كار و پلانێكی بۆ ئاسوودەیی لاوانی كوردستان هەیە؟

- چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆری كورتخایەن و درێژخایەنمان پێشكەش بە نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، ئێمە پلان و بەرنامەمان بۆ كار و چالاكییەكانمان لە هەموو ڕوویەكەوە هەیە، بۆ هەموو ناوچە و شار و سنوورێكی هەرێمی كوردستان، تاوەكو لە ڕێگەی ئەو كار و خول و چالاكییانە بتوانین زیاتر خزمەت و ئاسوودەیی بە لاوانمان بگەیەنین و، لە كار و بەرنامەی هاوچەرخی جیهانی دانەبڕێن.

*  ئێوە بۆ كەمكردنەوەوی بێكاری لە ناو لاوانی هەرێمدا بەرنامە و پلانتان چی بووە؟

- نزیكبوونەوەیەكی باش لە نێوان یەكێتیی لاوان و ڕێكخراوە جەماوەرییەكاندا هەیە، پێش بەستنی كۆنگرەی 14 ئێمە لێژنە بووین بۆ دەستنیشانكردنی ئەو كەموكوڕییانەی لە نێوان حكومەت و لاوان هەیە، بۆ ئەوەی بزانین چی بكرێت بۆ ئەوەی بێكاری زیاتر نەبێت و، ئەو پێشنیار و دید و بۆچوونانەی هەمانبوون، هەموومان پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كرد، باوەڕم وایە كە حكومەت خۆی خەریك و سەرقاڵە بەوەی كە لاوەكانی هەرێمی كوردستان بواری كاریان بۆ بڕەخسێنێت و لەو بارەوە پێشنیارەكانی ئێمەشیان لە بەردەستە، باوەڕم وایە لە كەرتی تایبەت و كۆمپانیا بیانییەكاندا زۆرترین لاوای ناوخۆ سوودی لێ وەربگرن و، بتوانن لەو كایە و كۆمپانییانە بواری كاركردنیان بۆ بڕەخسێت و، بڕیاری جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كە دەفەرموێت و بڕیاریشە كە كۆمپانیا و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەتی بیانی و ناوخۆ كاركەرەكانیان 75%ی كەس و لاوانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بن.

*  كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆر و تایبەت بە هێز و توانای لاوانی كوردستان دەدات، ئایا ڕۆڵی ئێوە وەك ڕێكخراوێكی لاوانی كوردستان چییە لەوەی كە لاوان زیاتر لە كایەكانی حكومەت و دەوڵەتدا بەشدار بن؟

- سوپاسی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە زۆر گرنگیی بە بەشداری و ڕۆڵی لاوان داوە، چەندین پلە و پێگە و پۆستی گرنگ و بەهێز لە ناو دامەزراوەكانی حكومەتدا بە لاوان دراون، لە كابینەی نۆیەمدا جەنابی سەرۆكی حكومەت و زۆربەی وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و پۆستە باڵاو بەرزەكان كەسانی لاون، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لاوانی كوردستان بەشداری لە بڕیاردانی وڵاتدا دەكەن، دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕۆڵی لاوان لە حكومەت و دەسەڵاتەكانی دیكەدا زۆرتر دەبێت، ئەوەی ئێمە لە حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دەیخوێنینەوە ئەوەیە كە ڕۆڵ و بەشداریی لاوان زیاتر و كاریگەرتر دەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە هزر و توانا و داهێنانی تازە و هاوچەرخ خۆی لە ناو حكومەت و كۆمەڵگەی كوردستاندا ببینێتەوە، ئەو كارەش بۆ ئەوەیە بەو جۆرە گرنگیی پێ دراوە، چونكە لاوان داینەمۆ و هێز و توانای هەموو كۆمەڵگەن.

* یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان یەكەم ڕێكخراو بوو كە یەكەی نیشتەجێبوونی بۆ لاوانی هەرێم لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە جێبەجێ كردووە، هاوكات چەند ساڵێك ئاهەنگی هاوسەرگیریی بەكۆمەڵی بۆ لاوانی كوردستان ئەنجام داوە و ڕۆڵی لە پێدانی پێشینە بۆ هاوسەرگیری و چەندین كار و پڕۆژەی دیكەدا بینیوە، ئایا ئەو ڕێكخراوە ئێستاش پلان و بەرنامەی لەو جۆرە كار و پڕۆژانەی بۆ لاوان هەیە؟

- پڕۆژەیەكی ئامادەكراومان هەیە كە هەوڵمان داوە لەگەڵ كۆمپانیاكان بە هەماهەنگی و هاوكاریی یەكتر ئەنجامی بدەین، ئەویش ئاهەنگی هاوسەرگیریی بەكۆمەڵە بۆ پتر لە 100 بووك و زاوا، هەروەها بۆ قەرزی هاوسەرگیری و قەرزی بچووك و سندووقی داهێنان، كە پڕۆژەی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و ڕێكخراوی ئازادیی لاوان بوو لە پەرلەمانی كوردستان پەسند كراون، یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەریش دیسان پڕۆژەی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستانە لە پەرلەمان پەسند كراوە و ئێستا ئێمە هەوڵ دەدەین هەم لەگەڵ پەرلەمان و هەم لەگەڵ حكومەت ئەو یاسایانەی كە هەیە، كارا بكرێن، تاوەكو زۆرترین خزمەت بە لاوانی كوردستان بكرێت. سەبارەت بە پڕۆژەی نیشتەجێبوونیش پڕۆژەمان بۆ یەكەی نیشتەجێبوونی لاوان هەیە، هەر وەك ئەوەی كە چۆن ئێمە لە یەكەمەكانی ئەو پڕۆژەیەدا بووین بۆ خزمەتی لاوانمان.

* هۆكاری ئەو كۆچەی لاوان لە هەرێمی كوردستان بۆچی دەگێڕیتەوە؟

- سرووشتی مرۆڤ وایە لە تەمەنیدا حەز دەكات زۆرترین شوێن ببینێت و زۆرترین شت بزانێت، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان جگە لەوەی لە ناوچەیەكی زۆر ئاڵوز و سەخت و ناخۆشدا دەژین و خاوەنی پاسپۆرتی خۆمان نین، بەڵكو پاسپۆرتی عێراقمان هەیە كە لە هەرە خراپترین پاسەپۆرتەكانی وڵاتانە و ناتوانرێت سەفەری پێ بكرێت و زۆربەی وڵاتانی دونیا و بە تایبەت ئەوروپا و ڕۆژئاوا ڤیزای پێ نادەن، ئەمە یەكێكە لە هۆكارەكانی كۆچی خەڵك و لاوانمان، هۆكاری دیكەش هەیە كە بێكاری یەكێكە لە هەرە هۆكارە كاریگەر و پاڵنەرەكان، كۆچبەرانی لاوانی ئێستای كوردستان زیاتر دانیشتووی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین و پشدەرن، كە لەو ناوچە و شوێنانە تا ڕاددەیەكی زۆر گەنج بێبەشن لە مومارەسەكردنی ژیانی ئاسایی خۆیان و دەڤەرێكی تا ڕاددەیەك ناسەقامگیرە و بێكاری تێدا زۆرە، ئەم هۆكارانە هەر هەمووی بەیەكەوە وای كردووە، لاوان بۆ ژیانێكی باشتر هانا ببەنە بەر ڕێگەی مەرگ و هەندەران كە ڕێگەكان زۆرجار زۆر بە ئەستەم ڕووناكیی تێدایە.

* ئایا پەیوەندیتان لەگەڵ ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان چۆنە؟

- ئێمە لەگەڵ هەموو ڕێكخراوەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان پەیوەندیی بەردەوام و باشمان هەیە، كار و هەماهەنگییش لە نێوانماندا ئەنجام دەدرێت، لە ساڵی 2021 لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی سكرتێری هەموو ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی حزبە سیاسییەكان و بەرپرسی بەشی پەیوەندیی ڕێكخراوەكان، كۆنفڕانسێك ئەنجام درا، كە تێدا ئەنجومەنێكی لاوان دامەزرا، بەندە وەك سەرۆكی ئەو ئەنجومەنە هەڵبژێردرام، هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان ڕێكخراوی لاوانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان زۆر باشە و پەیوەندیی باش و بەردەوامیشمان لەگەڵ لاوانی جیهان هەیە و، ئەندامین لە یەكێتیی لاوانی جیهان و لە زۆربەی كۆنفڕانس و بۆنەكان لەگەڵیاندا ئامادە دەبین.

* وەك دیتمان كۆنگرەی 14ی پارتی گۆڕانكارییەكی گەورە و گرنگی تێدا ڕووی دا، بەتایبەت لە بەشداریی لاوان چ پیاو، چ ئافرەت، ئێوە خوێندنەوەتان بۆ ئەو هاوچەرخی و نوێبوونەوەی پارتی چییە، كە دەزانین كۆنگرە گێڕانەوەی متمانە و نوێكردنەوەی ئومێد و پیشاندانی ئێرادەی بڕیاردان بوو؟

- سەركەوتنی كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەنابی سەرۆك بارزانی پیرۆز بێت و پیرۆزبایی لە هەموو ئەو هەڤاڵانە دەكەم كە بوونە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی، باوەڕ و متمانەمان بەوە هەیە كە ئەو هەڤاڵانە دەتوانن خزمەت بە پارتیمان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەن، كۆنگرەی 14ی پارتی زۆر شەفاف و ئازاد بوو، هەر ئەندامێكی كۆنگرە بە ویست و تێڕوانینی خۆی دەنگی داوە و هەڵبژاردنێكی زۆر پاك و بێگەرد ئەنجام درا و ڕێژەیەكی بەرچاو لە لاوان بەشدار بوون و دەنگیان بۆ كۆمیتەی ناوەندی هێنا، بەشداریی لاوان وەك مەكتەبی سیاسیش ڕێژەیەكی زۆر بەرزە و ئێمە باوەڕمان وایە لە قۆناغەكانی داهاتوودا كاری باش دەكرێت و جووڵەیەكی زۆر باشتر لە ناو حزبدا دێتەدی، ئەو گۆڕانكاری و هاتنە پێشەوەی لاوان لە ناو حزبدا گەرموگوڕییەكی زۆری بە ئێمەش بەخشیوە وەك یەكێتی لاوان، چونكە كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان نوێبوونەوە و پتەوبوونی متمانەی نێوان پارتی و خەڵكی كوردستانە.

Top