مەلا عەبدولڕەحمان مەلا تەها خاوەنی پڕۆژەی تەفسیری قورئان بە زمانی كوردی بۆ گوڵان: مەلاكانی كوردستان لە ڕۆژە سەختەكاندا پێشمەرگە بوون و شەهیدیان داوە
مەلا عەبدولڕەحمان مەلا تەها ناسراو بە مەلا عەبدولڕەحمانی دارەتوو، تا ئێستا 20 كتێبی لە بوارەكانی «شەریعەت و تەبلیغ» نووسیوە و خاوەن پڕۆژەی تەفسیری قورئانە بە زمانی كوردی، لە بنەماڵەیەكی ئایینپەروەر و خاوەن هەستێكی بەرزی نیشتمانی و كەسایەتییەكی بە هەڵوێست و دیندار و كۆمەڵایەتییە، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ ئەم مامۆستا ئایینییە كۆمەڵێك پرسیارمان ئاراستە كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
* تەمەنێكی درێژت لە خزمەتی ئایین و خوداپەرستی و وانەوتنەوە بەسەر بردووە و چەندین كتێبی ئایینی و زانستی شەریعەت و مێژووی ئایینیتان نووسیوە، لە ئێستاشدا پڕۆژەیەكی گەورەت لەبەردەستدایە بۆ ئامادەكردنی تەفسیری قورئانی پیرۆز بە زمانی كوردی، حەز دەكەین باسێكی ئەو ڕەسەنایەتییەی ئایینی پیرۆزی ئیسلاممان بۆ بكەیت كە مەلای كورد پێی بەناوبانگە؟
- بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان. كاتێك موسڵمان شارەزاییەكی بەرزی لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر و مەرجەعە دینییەكان دەبێت و ئەهلی زانست و شەریعەت بێت، ئەو كات ئەو ڕاستییەی بۆ دەردەكەوێت، ئیسلام بۆ خێری بەشەرییەت و كۆتاییهاتن بە كوفر و ستەم و جاهلییەت هاتووە، هەر بۆیە خوای گەورە بە پێغەمبەرەكەی دەفەرموێت: «وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلا رِحْمَةً لِلْعَالَمِينَ»، واتە: تۆمان بۆ ڕەحم و بەزەیی بۆ هەموو بەشەرییەت ناردووە، پێغەمبەریشمان (د.خ) دەفەرموێت: «باشترین مرۆڤـ، باشترینیانە بۆ مرۆڤایەتی»، میللەتی كوردیش هەر بە فیترەت میللەتێكی مرۆڤدۆست و ئاشتیخواز بووە، ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەش بووە، بە هیچ شێوەیەك هەڵینەكوتاوەتە سەر میللەتانی دیكەی ناوچەكە، كاتێك ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش گەیشتە ئەم ناوچەیە و زۆرینەی كورد بووە موسڵمان، ڕەسەنایەتی و ناوەڕۆكی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی وەكو خۆی وەرگرتووە. لەو سەردەمەدا و لە كاتی هاتنی ئیسلام لە دەشتی شارەزوور زانایەكی گەورەی كوردی تێدا هەڵكەوت بە ناوی (جابانی كوردی) كە لای پێغەمبەر (د.خ) كەسایەتییەكی خۆشەویست و بە ویقار و گەورە بووە و لە مێژووی ئیسلام و نەتەوەی كورد ناوبانگییەكی باشی هەبووە. بە درێژایی ئەو چەند سەد ساڵەی ڕابردووش كاتێك كورد ئازار دراوە و قەتڵوعام كراوە و بە ناوی دینەوە ئەنفال كراوە، هەرگیز لە شۆڕش و خەباتیدا ڕێگای نەداوە توندوتیژی و دەمارگیری بكەوێتە ناو ئایینەكەیەوە و تۆڵەی خۆی بكاتەوە، بە پێچەوانەوە لە شاخە سەربەرزەكانی كوردستان و لە گوندەكاندا موسڵمان و كریستیان و جوو و كاكەیی و ئێزدی و چەندین ئایین و مەزهەبی جۆراوجۆر هەبووە و هەمووان پێكەوە ژیانیان دەوڵەمەندتر كردووە، لەمەشدا مەلا و مامۆستای ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێزی لە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان گرتووە و، دوای بیری توندوتیژی و بە سیاسەتكردنی ئایین نەكەوتووە، مەلای كورد وێڕای ئەوەی خزمەتێكی زۆری ئایینەكەی كردووە و دڵسۆز و نیشتمانپەروەری خاك و نەتەوەكەشی بووە، لەم پێناوەدا قوربانیی زۆری داوە، لە سەردەمی مەرحوومی مەلا مستەفا بارزانی، مەلای كورد ڕێزێكی زۆری لەلایەن ئەو سەركردەیەوە لێ گیراوە و ئەهلی مەجلیس و فەتوا و خوداپەرستی و ئایینپەرستی بوون و كێشە كۆمەڵایەتییەكانیان چارەسەر كردووە، زۆریشیان شەهید بوون و لەگەڵ نەتەوەكەیان لە ناخۆشی و ڕۆژە سەختەكاندا پێشمەرگە بوون. دروستكردنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیش لەلایەن مەرحووم مەلا مستەفا بارزانی هەر بۆ بەهێزبوونی ڕۆڵی مامۆستایان بووە، شەرەفێكی گەورە و شانازییەكی گەورەیە بۆ ئێمەی كورد ڕێز لەو سەركردە نەتەوەیی و نیشتمانییانە بگرین، كە ڕێزیان لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر و نەتەوەكەیان گرتووە.
مەڕحووم مەلا مستەفا بارزانی جێگا و مەقامی بەرز بێت، لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئایینی شۆڕش و خەباتی كرد، ئێمەش كەسێكمان خۆش دەوێت دیندار و كوردپەروەر بێت. من جارێكیان چوومە حزووری مسعود بارزانی پێم وت: مامۆستا عەبدولكەریم مودەڕیس تۆی زۆر خۆش دەوێت و چەندین جار لەگەڵیدا باسی تۆمان كردووە. مەسعود بارزانی پێمی وت: «وەڵاهی سەرقاڵی و زۆریی ئیش نەبووایە دەچوومە خزمەتی، مامۆستا عەبدولكەریم مودەریس پیاوێكی باش و گەورە بوو، خزمەتێكی زۆری دین و ئایینی كردووە. من مەلا و مامۆستای ئایینیم زۆر خۆش دەوێت». هەر لەو چاوپێكەوتنەدا جەنابی مسعود بارزانی باسێكی بۆ باس كردین و وتی: «مەلا ساڵح پیاوێكی دیندار و مەلایەكی زۆر خۆشەویست بوو لە گوندی عەسكەرتەری لە ئێران بڕنەوێكی كڕیبوو، منیش پێم وت: مەلا ساڵح ئەتۆ شەڕ دەكەیت؟ پێمی وت: بەڵێ، من خزمەتی دین دەكەم و دیفاع لە ئایین و نەتەوە و خاكەكەمان دەكەم. بەمشێوەیە مەلای كورد بۆ خاك و وەتەن و میللەت تێكۆشاوە».
مەڕحووم مەلا مستەفا بارزانی گرنگیی ڕۆڵی مەلای ئایینی ئیسلامی بۆ ڕزگاركردنی نەتەوەكەی باش زانیبوو، بۆیە ڕێزێكی زۆری لێ گرتوون. مەلایەكی كورد لە كەركووكەوە دێتە لای مەرحووم مەلا مستەفا بارزانی و زانایەكی زۆر بەرز دەبێت و پێشتر چاوی بە مەلا مستەفا بارزانی كەوتبوو، ئەو مەلایە لە سلێمانی ئیجازەی مەلایی لە لای مامۆستا مەلا عەبدوڵای جروستانی وەرگرتبوو، مامۆستا سێ ڕۆژ چاوەڕوانی دەكات، ئەو كات مەلا مستەفا بارزانی چووبوو بۆ ئێران و مسعود بارزانی نەیدەناسی، مەلا بێزار دەبێت و ڕاست دەڕوات. هەر ئەو كاتی مەلا مستەفا بارزانی لە ئێرا هاتەوە و بە هاتن و ڕۆیشتنی مەلاكەی زانیبوو، خێرا بە خۆی بە دوو سێ جێب دەچێت لە ڕێگا دەیبینێت. مەلا مستەفا لە ئۆتۆمبێل دادەبەزێت و دەست لەسەر پشتی مەلا دادەنێت و پێی دەڵێت: باشە تۆ بۆ كوێ دەچیت مامۆستا؟ مامۆستا بە مەلا مستەفا بارزانی وتبوو: بە خوا دوو سێ ڕۆژە خزمەتی باشیان كردبووم و نانم خوارد و شوێنم باش بوو، بەڵام من بۆ بینینی تۆ هاتبووم و سەبووریم تەنیا بە بینینی تۆ دێتەوە، كە نەمبینیت، بێزار بووم و ڕاست ڕۆیشتم. مەلا مستەفا سەرۆك مسعود بارزانی بانگ دەكات و پێی دەڵێت: «مەسعود لە پشتی منەوە وا ڕێز لە پیاوانی ئایینی دەنێیت؟ ئەم مەلایانە میراتگری پێغەمبەرن (د.خ) خۆشەویست و ئازیزی منن. مسعود بارزانی زۆر نیگەران دەبێت و دەڵێت: وەڵاهی من مامۆستام نەبینیوە و نەشمزانیوە، دەبێت عەفوم بكەیت». من ئەم قسەیەم لە سەرۆك بارزانی خۆی بیست و پێمی وت: ئەوەندەی لەسەر ئەو مامۆستا ئایینییە مەلا مستەفا بارزانی لێم تووڕە بووە، هەرگیز لە هیچ كاتێكی دیكە وا لێم تووڕە نەبووە».
* دیارە مەلای كورد بەردەوام دژی توندوتیژی بووە و ڕێگای نەداوە فكری نامۆ تێكەڵ بە دینەكەیان بێت، نموونەی پێكەوەژیان و كەلتووری یەكترقبوڵكردن بوون، ئایا ئەم بەها بەرزەی ئایین لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە و چۆن دەپارێزرێت؟
- ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئایینی خێروخۆشییە بۆ مرۆڤایەتی، خودای گەورە و میهرەبان ئەگەر بیویستایە هەموو بەشەرییەتی دەكردە موسڵمان، بەڵام سەپاندنی ئایینی بە زۆرەملێ ڕەت كردووەتەوە، لە ئایەتێكدا خودای گەورە دەفەرموێت: «وَلَوْ شَاءَ رِبُّكَ لَآمَنَ مَن فِي الْأَرْضِ كُلُّهُمْ جَمِيعًا * أَفَأَنتَ تُكْرِهُ النَّاسَ حَتَّيٰ يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ». واتە ئەی پێغەمبەر (د.خ) دەتەوێت بە زۆر خەڵكی بە ئیسلام بكەیت، (لَسْتَ عَلَيْهِمْ بِمُسَيْطِرٍ) لەمەوە هاتووە كە خودای گەورە و میهرەبان بە پێغەمبەری (د.خ) فەرمووە توندوتیژ و خۆسەپێن مەبە لە سەریان، مەلای كوردیش جوان لە دینەكەی تێگەیشتووە و ڕێگای نەداوە ئایین بۆ مەرام و مەبەستی سیاسی و تێكەڵ بە ململانێی حزبایەتی بكرێت و، فكری نامۆی توندوتیژی بهێنرێتە ناو دینەكەوە و زیان بە بەشەرییەت و موسڵمانێتی بگەیەنرێت. لە ئاخری زەمان توندڕەوی و توندوتیژی و لادان لە دین پەیدا دەبێت، ئەم بیرۆكە و شتانە لە دەرەوەی سنوورەكان و لەناو كۆمەڵگە دواكەوتووەكان و بۆ بەرژەوەندیی دونیایی و بەدەستهێنانی دەسەڵات بۆمانی دەهێنن.
* هەر ئەمە بووە وای كردووە مەلا و مامۆستایان و زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام پاڵپشتیی پێشمەرگە و شۆڕشیان كردووە. لەگەڵ دروستبوونی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان تا چەند ڕۆڵ و پێگەی مەلای كورد بۆ پرسی نەتەویی بەهێزتر بوو؟
- پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەت بدەمەوە، دەبێت بزانیت خۆشەویستیی نیشتمان لە ئایینەوە سەرچاوەی گرتووە. پێغەمبەر (د.خ) كە لە مەدینە بە هۆی زوڵم و ستەمی كافرەكانەوە دەرچوو، ڕووی لە مەككە كرد و وتی: «تۆ لە هەموو شتێك لای من خۆشەویستتری». بۆیە خۆشەویستیی نیشتمان لە ئیمانەوەیە. مەلای كوردیش خاك و نیشتمانەكەی خۆش ویستووە و بەرگریی لێ كردووە، تاوەكو ئایین و خوداپەرستی بە ئازادانە بكات. هەرچی سەركردەی گەورەی كورد هەیە، تا مەلا مستەفا بارزانی ئەهلی مزگەوت و مامۆستای ئایینی و دەرچووی حوجرە بوون. فەرموودەیەكی پێغەمبەر (د.خ) هەیە، دەفەرموێت: «خيركم المدافع عن عشيرته، ما لم يأثم». واتا باشترینی نەتەوەكەتان ئەوەیە بەرگری لە هۆز و نەتەوەكەتان بكات، مادام گوناح و هەڵە ناكەن. ئەوانەی كوردن و دەڵێن كورد نین، ئەمە گوناحێكی گەورەیە، چونكە خودا بە كوردی خەڵقی كردووین: «يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَيٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا * إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ * إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ». مەلا دەلگەیی لەسەر ئەوەی لە وتارێكیدا وتبووی سەڵاحەدینی ئەیووبی كوردە، لە بەغدا زیندانی كرا. تا مامۆستا مەلا عەبدولكەریم مودەڕیس و كاكم چوونە بەغدا و كاك مسعود بارزانی نووسراوێكی بۆ نووسیبوون وتبووی دەبێت ئازادی بكەن، ئەوە بوو ئازادیان كرد. دوژمنانی ئەم میللەتە كوردە موسڵمانە لە چواردەورەمان زوڵم و قەتڵوعاممان دەكەن و فیتنە و دووبەرەكی و پشێویمان بۆ دەنێنەوە، چونكە باش دەزانن ئەوەی كوردی بۆ پاشەوە بردووە، حزبایەتی و دووبەرەكی بووە، هەر یەكەو لە ئاوازێك دەخوێنێت و ئامادە نین لە دەوری مەرجەع و سەركردەیەكی مێژوویی و دەستپاك كۆببنەوە و گوێڕایەڵی بكەن بۆ خێری نەتەوە و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی.
مەلای كورد هەمیشە خزمەتی نەتەوە و بەرگری لە نیشتمانی بە بەشێكی ئیمان و ئیسلام زانیوە، بۆیە بە هەموو توانایەكەوە لە ناو شۆڕشدا بوون و پشتگیرییان لە پرسی كورد كردووە. مەلا و زانای ئایینی لەگەڵ مەرحووم مەلا مستەفای بارزانی وەك لایەنێكی هاریكار و تەواوكار خزمەتیان دەكرد، كە یەكێتیی زانایان دامەزرا و بارزانی ویستی توانای هەموو مەلای كورد لە دەوری ئەو ڕێكخراوە كۆبكاتەوە و خۆیان بە ئامانجی تایبەتیی ئایینی و پیشەیی و نەتەوەیی خزمەت بكەن، مەلای كورد وەك پێشەنگ و جێگەی ڕێز بمێننەوە و خاوەن بڕیار و هەنگاوی خۆیان بن.