خانمان دەستكەوتێكی مەزن لە كۆنگرەی 14ی پارتی تۆمار دەكەن

خانمان دەستكەوتێكی مەزن لە كۆنگرەی 14ی پارتی تۆمار دەكەن

 

 پارتی دیموكراتی كوردستان بە درێژایی مێژووی دروستبوونی لە خەباتی سیاسی و چەكداری و هزری، بە چەندین قۆناغی سەخت و دژوار و جیاوازدا تێپەڕیوە، كە هەریەكە لەو قۆناغانە وەرچەرخانی بەهێزبوونی كوردستان بوون. پارتی 14 كۆنگرەی بە سەركەوتوویی بەستووە، یەكەمین كۆنگرەی لە 16ی ئابی 1946 لە شاری بەغدا بەسترا. ڕۆژی (3ی نۆڤەمبەری 2022)، كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری دهۆك بە بەشداریی نزیكەی هەزار ئەندام بەڕێوە چوو. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە ڕێژەی 25%ی ئەندامانی كۆنگرە ئافرەت بوون. واتە خانمان لەم كێبڕكێیەدا توانییان بە دەنگی خۆیان سەركەوتنی گەورە تۆمار بكەن. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان دڵخۆشیی خۆیان بۆ ئەو سەركەوتنە دەردەبڕن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

 

پارتی دیموكراتی كوردستان لە پرسی گرنگیدان بە پێگەی ئافرەتان سەرقافڵە بووە و لە كۆنگرەی چوار بۆ یەكەم جار خانمێك بە هەڵبژاردن بوو بە ئەندامی لێژنەی پشكنین و چاودێری و لە شەستەكانی سەدەی ڕابردووشدا ناهیدەی شێخ سەلام بوو بە ئەندامی سەركردایەتیی پارتی و لە كۆنگرەی 13شدا پێنج ئافرەت وەك سەركردایەتیی پارتی و یەكێكیش بە یەدەگ هەڵبژێردران.

ئەمڕۆ بە گوێرەی پەیڕەو و پڕۆگرامی پەسەندكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕێژەی كۆتای ئافرەتان لە كۆمیتەی ناوەندی پارتیدا بۆ 15% زیاد كرا، حەوت ئافرەت بە دەنگی خۆیان بوون بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و یەكێكیش وەكو یەدەك دەستنیشان كرا.

ئاشنا بابان مامۆستای زانكۆیە و لە دەستپێكی وتەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە: «كۆنگرەی پارتی كۆنگرەیەكی جیاواز بوو، لە پاش ١٢ ساڵ كە بە هۆكاری جیاواز و هاتنی داعش و بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە دواخرابوو، بەڵام خۆشبەختانە كۆنگرەی ١٤ بەسترا و بە سەركەوتوویی ئەنجام درا. كۆنگرە هۆكارێك بوو بۆ تازەبوونەوە و گۆڕانكاری، بە خۆشحاڵییەوە ئەم كۆنگرەیە ڕێژەیەكی بەرچاو لە خانمان تیایدا بەشدار بوون، لە كەشوهەوایەكی ئازاد و دیموكراسیدا كێبڕكێیان كرد، خۆشبەختانە هەندێك لەو كاندیدە ئافرەتانە توانییان سەركەوتوو بن، هاوكات كۆمەڵێك گەنج لەو پرۆسەیەدا ئامادە بوون و خۆیان كاندید كردبوو، بە گشتی جۆرە نوێبوونەویەك و جیاوازییەكی بەرچاو و ئاشكرا بە كۆنگرەی 14ی پارتییەوە دیار بوو، هەڵبژاردنی حەوت ئەندام لە كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئافرەتان دەستكەوتێكی گرنگ و جێگەی بایەخە، كە ژنان زیاتر بواریان پێ بدرێت لە سەركردایەتیكردندا هاوبەش بن و لە ناوەندی بڕیارەكاندا ئامادەییان هەبێت، ئەوەی گرنگە لە دوای كۆنگرە، كردار و ڕۆڵ بینینی ئەو كۆمەڵە ئافرەتەیە كە توانست و هەوڵی خۆیان بۆ چەسپاندنی مافەكانی ژنان، خەمی یەكەمیان بێت و داكۆكیكارێكی سەرسەخت بن لە پێناو بەدەستهێنانی یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و بەرنامە و كاری نوێیان بۆ جێبەجێكردنی هەبێت، چونكە ئەوان ئیدی نوێنەرایەتیی ئافرەتانی ناو كۆمەڵگەی كوردی دەكەن و ئەركیان قورستر دەبێت و لە بەرامبەر بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی ئافرەتاندا بەرپرسیاڕێتییان هەیە». گوتیشی: «ئەو گۆڕانكارییەی ئەم جارەی كۆنگرەی ١٤ی پارتی و بەرەوپێشچوونی ئاستی ئافرەتان لە حزب و ئۆرگانەكاندا هۆكارێكە بۆ نوێگەرایەتی و گۆڕانكاری لە داهاتووی پرۆسەی سیاسیدا، ئەو هەنگاوە دەستپێشخەرییەكی گرنگە بۆ هاندانی بەشداری و هاوبەشیی زیاتری ئافرەتان لە بواری سیاسی و حزبایەتیدا كە بتوانن خۆیان بدۆزنەوە و تواناكانیان بەدیار بخەن و، هەوڵ و ماندووبوونیان بەدیار بكەوێت و چیتر پەراوێز نەخرین و، بواری زیاتر بدرێت بە خۆسەلماندنی ئافرەتان و بەرەوپێشچوونیان، دیارە هەر كۆمەڵگەیەك لەسەر ئاستی جیهان ڕێژەی بەشداریی ئافرەتی كەم و پەراوێزخراو بێت، ئەوا ئەو كۆمەڵگەیە كۆمەڵگەیەكی ناكامە و كەموكوڕی زۆری پێوە دیار دەبێت، هاوكات بەرانبەر بە جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بە دابینكردنی مافەكانی ژنان و یەكسانی و دادپەروەری و كاری سیاسیی ژنان لە كایە گشتی و هەستیار و ناوەندەكانی بڕیار، بەردەوام لە ژێر گومان و چاودێری دەبێت».

د. نادیە تەلعەت سەرۆكی بەشی جوگرافیا لە كۆلیژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین، سەبارەت بە هەمان پرس سەرەتا بە بۆنەی سەركەوتنی كۆنگرەی 14ی پارتی، پیرۆزبایی لە سەرۆك مسعود بارزانی و هەردوو جێگرانی سەرۆك و تەواوی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی دەكات و پیرۆزبایی لە خانمان دەكات بۆ تۆماركردنی ئەو سەركەوتنە گەورەیەی لە كۆنگرە بەدەستیان هێنا، هاوكات گوتی: «خانمان لەناو كایەی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەردەمی دروستبوونیەوە تاوەكو ئەمڕۆ ڕۆڵێكی كارا و بەرچاویان گێڕاوە و دەگێڕن، هەموو كات لە جێبەجێكردنی كار و ئەركەكانیان پێشەنگن و ڕۆڵی خانمان لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی هاوشانی ڕۆڵی پیاوانە». گوتیشی: «هێنانە پێشەوەی خانمان و بەشداری و پاڵپشتیكردنیان لە كۆنگرەی 14ی پارتیدا لەلایەن سەرۆك مسعود بارزانی كە مەرجەعی كوردانە گرنگییەكی تایبەتی پێ دراوە، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە گشت كایە سیاسییەكاندا باوەڕی تەواوی بە هێز و تواناكانی خانمان هەیە. ئومێدەوار و خوازیارم بۆ قۆناغەكانی داهاتوو خانمان متمانەی زیاتریان پێ ببەخشرێت و بەرپرسیارێتی باشتریان پێ بسپێردرێت، تاوەكو هەنگاو بە هەنگاو هاوشانی پیاوان لە تۆماركردنی سەركەوتنی یەكجارەكی بەشدار بن. خوازیارین».

ناسك سەعید بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، جەخت لەوە دەكاتەوە كە «پارتی وەكو حزبێكی كاریگەر و خاوەن هەژموون لە ناوچەكە و لە كوردستاندا، هەمیشە ڕۆئیا و دنیابینیی جیاوازی بۆ تەواوی ئەو پرسانە هەبووە كە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بۆ نموونە پرسی ئافرەتان یەكێكە لەو پرسانەی كە پارتی لە ساتەوەختی دامەزراندنیەوە بە گرنگییەوە سەیری كردووە، كاتێك یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لەسەر ڕاسپاردەی بارزانیی باوك دادەمەزرێت، نیشانەی ئەوەیە كە پارتی دەیەوێت ئافرەت بەشدارییەكی كارای لە پرۆسەی سیاسی و پلاندانان و ئاراستەكردنی هەبێت، جیاوازتر لە هەموو حزبەكانی دیكە پارتی پێگەیەكی بەهێزی بۆ ئافرەت داناوە و یەكەم ئافرەت كە هاتە ناو سەركردایەتی پارتی خوالێخۆشبوو ناهیدەی شێخ سەلام بوو، ئەمەش وای كردووە كە هەمیشە پارتی ببێتە ناوەندێك كە تێیدا ئافرەت گەشە بكات و بگەنە ئەو ئاستەی كە خۆیان دەیانەوێت، تاوەكو لە چوارچێوەی ئەو ئەجندایەی كە پارتی بڕوای پێی هەیە، موماڕەسەی كاری سیاسیی خۆیان بكەن».

ناسك سەعید لە درێژەی وتەكانیدا گوتی: «ئەمڕۆ لە كۆنگرەی 14ی پارتیدا ئافرەتان بە ڕێژەی 15% لە كۆنگرە بەشداربوون، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە پارتی لەگەڵ ڕەوتی پێشكەوتنەكانی سەردەم هەنگاو دەنێت، ئەو ڕێژەیەش تەنیا بۆ ناو كۆنگرە نییە، بەڵكو دواتر ئەو دەسەڵاتە شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو دامەزراوەكانی دیكەش، ئەمەش بۆ هەموو ئافرەتان جێگەی دڵخۆشییە، لە هەمان كاتیشدا ئەمە دیوێكی جوانی پارتی پیشانی جیهان دەدات، بەوەی كەوا حزبێكی تەمەن 76 ساڵ، بەڵام بە عەقڵییەتێكی مۆدێرن و پێشكەوتوو، باوەڕی بەوە هەیە كە دەبێت ئافرەت ئەو كاراكتەرە بەهێزە بێت كە بە حەقیقی ڕۆڵی خۆی ببینێت. بۆیە جارێكی دی ئافرت لە ناو پارتیدا بە تمووح و گوڕوتینێكی زیاترەوە كاردەكەن و دەتوانن وەكو كاراكتەرێكی سەرەكی ڕۆڵی یەكلاكەرەوە ببینن و وێنایەكی جوان پیشانی كوردستان و جیهان بدەن».

 

Top