حكومەتی نوێی عێراق   لە بەردەم دووڕێیانی هێوركردنەوە و چارەسەركردنی كاتی كێشەكاندایە

حكومەتی نوێی عێراق     لە بەردەم دووڕێیانی هێوركردنەوە و چارەسەركردنی كاتی كێشەكاندایە

 

 

 

پرۆسەی سیاسیی عێراق تا ڕاددەیەك لەو چەقبەستووییەی پێشوو دەربازی بوو، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆك بارزانی دەستپێشخەریی كرد و بەربژێرەكەی كشاندەوە و وادیارە جۆرێك لە ڕێككەوتن لەگەڵ ئیتاری تەنسیقی لەسەر زۆر مەسەلەی پەیوەندیدار كراوە، لەمەشدا سەرۆك بارزانی سەركەوتوو بوو، بەوەی لە پێناو بەرژەوەندیی باڵا و زۆر بابەتی چارەنووسسازدا دەستپێشخەری كرد و سەرۆك كۆماری عێراق دكتۆر لەتیف ڕەشید بووە سەرۆك كۆمارێك كە تا ڕاددەیەكی زۆر بەربژێری سەپاندن نییە، بەڵكو بەربژێری پارتی و ئیتاری تەنسیقیشە و یەكێتییەكانیش دەڵێن بەربژێری ئەوانە، هەرچەندە ئەوان لەناو هۆڵی پەرلەماندا دەنگیان پێ نەدا.

بە بیروبۆچوونی من لەم نزیكانە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراقیش كێشە و گرفتی نابێت و حكومەتەكەی پێكدەهێنێت، زۆربەی بۆچوونەكان بەو ئاراستەیە دەچن بەوەی سەرۆك وەزیرانی نوێ خواستی هەیە كێشەكانی عێراق چارەسەر بكات، بە تایبەتی كە نووری مالیكی پاڵپشتی دەكات و ئێمەش چاوەڕوانی دەستپێكردنی گفتوگۆكانین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا. هەر خۆی لە خۆیدا حكومەتی نوێی عێراق نییەت و ئامادەیی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی هەیە، چونكە خۆی كێشە و مەترسیی كەمی نییە، بەڵام پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك محەمەد شەیاع سوودانی ئیرادە و پاڵپشتی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ناكەوێتە ژێر فشاری دەرەكی و میلیشیاتە چەكدارەكانەوە، یان تاچەند دەتوانێت كۆتایی بەو گەندەڵییە بهێنێت كە وەكو دیاردە و كەلتووری لێ هاتووە و گەورە بەرپرسانی سیاسی لە عێراقدا تێوەی گلاون؟ دیارە جێبەجێكردنی بەڵێن و پەیمانەكان بە توندی دەكەونە ژێر چاودێریی ڕەوتی سەدر، ئەو ڕەوتەی بە قسە وازی لە كاری سیاسی هێناوە و بە كردار لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخەكەیە و شەقامیش كەم نییە كە لەبەردەستیدایە و كەی بیەوێت دەتوانێت بیجووڵێنێت، ڕەنگە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێمە بێت حكومەتێك لە ژێر چاودێری و لێپرسینەوە بێت و ماوەیەكی كەمی لەبەردەمدایە تاوەكو بەڵێن و قسەكانی بەدی دەهێنێت.

دیپلۆماسییەتی سەرۆك بارزانی زۆر سەركەوتوو بوو، بەوەی بە جوانی گەمەكەی كرد و چیتر ئامادە نەبوو بەردەوامی بە بارودۆخەكە ناهەموارەكە بدات، دوای ئەوەی پێشتر بەڕێز هوشیار زێباری بە بڕیارێكی سیاسی و لە ژێر فشاردا دادگای فیدراڵی ڕێگای نەدا خۆی هەڵبژێرێت و لە بەرامبەردا بەڕێز ڕێبەر ئەحمەدی نارد كە بەربژێرێكی بەهێز بوو، بەڵام گوشارەكانی ئێران و ئیتاری تەنسیقی و بارودۆخەكە ئەوەی دەخواست پاڵپشتیی حكومەتێكی نوێی عێراق بكەین كە ئامادە بێت و نییەتی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدای هەبێت، لە پێش هەمووشیانەوە هەر دوو مەسەلەی نەوت و گاز و پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق، تەنانەت لە كشانەوەی لە هاوپەیمانیی سێ قۆڵی هیچ كەمتەرخەمییەكی نەبوو، ئەوە سەدر بوو هەر جارەو بڕیار و هەنگاوێكی بە تاكڕەوانە دەدا و تا دەهات ئینتاری تەنسیقی بەهێزتر دەكرد، لە بەرامبەردا ئیتاری تەنسیقی و ئێران و ئەمریكاش هەمووان باش دەزانن بە بێ سەرۆك بارزانی مومكین نەبوو ئەم حكومەتە نوێیەی عێراق دابمەزرێت، چونكە بارزانی پێگە و قورسایی خۆی لەناو شەقامی كوردستانی و عێراقی و ناوچەكە و نێودەوڵەتیشدا هەیە، سەرۆك بارزانی وەكو مەرجەعێكی كوردە لە رووی عەمەلی و كردارەوە تایبەتمەندێتی خۆی لەناو كورد نەك هەر لە كوردستانی باشوور بەڵكو لە هەر چوار پارچەی كوردستان هەیە، تەواجودی كورد لە بەغدا واتە تەواجودی بارزانی، ئەمە نەك هەر وەكو عورفێكی لێ هاتووە، بەڵكو بووەتە ئەمری واقیع و عێراقی نوێ لەسەر ئەو بنەمایە بونیاد نرایەوە و یەكپارچەیی خاكی پارێزراوە كە كورد دەبێت هاوبەشێكی بەهێز بێت لە بەغدا و لەناو پرۆسەی سیاسی و ئیداری و لە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقدا، هەر ئەمەش بوو وای كرد بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕۆڵی دكتۆر بەرهەم ساڵح لە سەرۆك كۆماری نیگەران بوون، چونكە بە درێژایی ئەو ماوەیە نەك هیچ ڕۆڵێكی نەبوو، بەڵكو زۆرجار ڕۆڵێكی سلبی هەبوو بەرامبەر بە دۆسێ و بابەتەكانی كورد وەكو پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی و بۆردومانەكانی فڕۆكەخانە و كێڵگە نەوتی و غازییەكان و مووشەكبارانكردنی هەولێر و مەسەلەی كێشەی نەوت و غاز و دەیان بابەت و وێستگەی دیكە. بەرهەم ساڵح یارمەتیدەر نەبوو لە چارەسەركردنی كێشەكاندا، سەپاندنی بەربژێرێك بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار لە حزبێكەوە كە زۆرینەی كورسییەكانی كوردی لە پەرلەمانی عێراق لە دەستدا نییە و خوازیار بوو درێژە بەو تراژیدیایە بدات، ئەمە بەڕاستی نەك هەر لەلایەن سەرۆك بارزانی قبووڵ نەبوو، بەڵكو لای زۆرینەی كوردیش قبووڵ نەكراو بوو، لە كاتێكدا هەر دوو پۆستە سیادییە بەرزەكانی دیكەی وەكو سەرۆك پەرلەمان و سەرۆك وەزیران دەنگیان بۆ مەسەلە چارەنووسسازەكانی نەتەوە و مەزهەب و پێكهاتەكەیان هەبوو، دەبووایە سەرۆك كۆمار ڕۆڵێكی مەعنەوی و تەواجودێكی بەهێزی لە مەسەلە چارەنووسسازەكان هەبێت، كاتێك برادەرانی دیكە سوور بوون لەسەر دكتۆر بەرهەمم ساڵح ئەو پۆستەیان وەكو دەستكەوتێكی شەخسی بەكار دەهێنا، ئەو كات سەرۆك بارزانی سەلماندی كە سەرۆك كۆمار ویست و ئیرادەی گەلەكەی دەوێت و دەبێت كەسێكی مامناوەند بە دەنگێكی كوردی بكرێتە سەرۆك، هەرواش دەرچوو چارەسەرێكی مامناوەندی بوو، لە دواڕۆژدا دەر دەكەوێت كە تا چەند دكتۆر لەتیف ڕەشید ئەوەی لەبەرچاو دەبێت كە بە دەنگی كورد بە تایبەتی پارتی بووەتە سەرۆك كۆمار و دەبێت ڕۆڵی لە چارەسەری كێشەكان هەبێت و هەمووان بە یەكەوە كۆبكاتەوە.

ئەوەی بەلای كورد و سەرۆك بارزانییەوە گرنگە ئەوەیە كە كێشە و ململانێكانی عێراق نەگوازرێتەوە بۆ نێوماڵی كورد و ئەو حكومەتەی لە بەغدا دادەمەزرێت، گوێڕایەڵی خواست و ویستی خەڵكی كوردستان بێت، هەر خۆی لە خۆیدا حكومەت دوو كێبڕكێی بەهێزی لەسەر شەقام هەیە كە سەدر و تشرینییەكانە، لەم ڕوانگەیەوە بۆ ئەم چوار ساڵە هەلێكی باشمان لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكان بكەین. ئیتاری تەنسیقی كە بەشێكی گەورەی ئەم حكومەتە پێك دەهێنێت، لەم قۆناغە و لە ئێستادا بە ناچاری بێت و یان وەكو پیلان و مەرام بێت، یان ستراتیژیەت بێت، ویستی چارەسەری كێشەكانیان هەیە، ئەگەر ئەم حكومەتە حكومەتی خزمەتگوزاری و چارەسەری كێشەكان بێت و لە ژێر فشاری شەقامی سەدرییەكان و تشرینیەكاندا بێت، ئەوا بۆ ئێمەی كورد هەلێكی لەبارە كێشەكانی خۆمان چارەسەر بكەین و نێوماڵی كورد بە تایبەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهێزتر بكەین و بەرەو بونیادنان و ڕاستكردنەوەی ئابووری و سەربەخۆیی ئابووری بچین.

من لەو باوەڕەدا نیم حكومەتی نوێی عێراق بتوانێت هەموو كێشە ئابووری و سیاسی و چەكدارییەكان چارەسەر بێت، ڕەنگە هەنگاو بنێت لە بارەی كەمكردنەوەی نرخ و هەڵاوسان و كەمكردنەوەی گەندەڵی و لاوازكردنی هێزی چەكداری، بەڵام چارەسەری یەكجارەكی چەكداری و میلیشیاتەكانی بۆ ناكرێت، بەڵام خۆ ئەگەر چارەسەری گەندەڵیشی بۆ نەكرێت، بە لانی كەم گەندەڵی ڕاوەستێنێت و لەمەودوا ئەو بودجە و پارەیەی لەبەردەستیدایە بۆ پێگە و پایەی خۆی بە كاری بهێنێت و لە ڕوانگەی ناوچەكە و نێودەوڵەتییەوە هەیبەتێك بگەڕێنێتەوە بۆ حكومەت و سنوورێك بۆ دەستتێوەردانی دەرەكی و میلیشیاتە چەكدارەكان و كارتێلە مافیا و گەندەڵكارەكان دابنێت و، ڕێگا نەدات كار و كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش سەرهەڵبداتەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین حكومەتێكی سەركەوتوو دەبێت و تا ڕاددەیەكی كەمیش بێت لە ئاست خواست و ویستی شەقام و خەڵكی بە گشتی دەبێت. یەك خاڵی دیكە لەناو ئەم هاوكێشەیەدا زۆر گرنگە ئەویش هەڵكشانی بارگرژی و دۆخی ناوخۆی ئێران و دووركەوتنەوەی ئەمریكا و ئەوروپایە لە دانوستانەكانی دۆسێی ئەتۆمیی ئێران، كە لەم دواییەدا ناردنی درۆنە سەربازییەكانی ئێران بۆ ڕووسیا و بەشداریپێكردنی لە شەڕی ئۆكرانیا و لێدانی ژێرخانی ئەو وڵاتە بەتایبەتی لە كەرتی وزە و نەوت و پرد و...هتد نیگەرانی و تووڕەییەكی زۆری ئەمریكای لێ كەوتووەتەوە و ڕەنگە جگە لە گەمارۆ و سزا نێودەوڵەتییەكان بارگرژییەكان زیاتر بن، خۆ ئەگەر میلیشیاتە چەكدارەكانی ئێران لە عێراق ئەم وڵاتە تێكەڵ بەو ململانێ و شەڕە بكەن، ئەوا بارودۆخی عێراق هەمووی پێچەوانەی ئەو ئومێد و گەشبینیەی لێ دێت و عێراقیش زیانی گەورەی بەردەكەوێت. خۆ ئەگەر بارگرژی و ناڕەزایەتییەكانی ئێران تەشەنە بكات، ئەوا ئێران فشار و پاڵەپەستۆكانی لەسەر چەكداران و گرووپەكانی لە عێراق كەم دەبێتەوە، كە ئەمە لە بەرژەوەندیی عێراق دەبێت و دەستوەردانەكان و كۆنتڕۆڵی بڕیارەكانی ناوخۆی عێراق كەم دەبێتەوە، بە تایبەتی كە تا دێت فشار و پاڵەپەستۆی ڕۆژئاوا لەسەر ئێران ڕووی لە زیادبوون كردووە.

 لە دوای هەموو ململانێیەك وڵات پێویستی بە قۆناغێكی هێوربوونەوە هەیە. خۆ ناكرێت پاشاگەردانیی سیاسی و ئابووری و بژێویی ژیان و بێكاری و هەژاری هەر بەردەوام بێت، پێویستی بەوە هەیە بە دۆخێكی ئارامدا تێپەڕ بێت و خەڵكی ئاهێك وەرگرێت و كەمێك لە ڕووی بژێویی ژیان و دامەزراندن و كار و ژیان و ئارامی ببینێت.

 

Top