كۆمەڵەی ئاشتیی عەرەبی: دەستپێشخەرییەكی دەستەبژێری بۆ چارەسەری قەیرانەكان تاچەند حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم دەستپێشخەرییە سوودمەندە؟

كۆمەڵەی ئاشتیی عەرەبی: دەستپێشخەرییەكی دەستەبژێری بۆ چارەسەری قەیرانەكان  تاچەند حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم دەستپێشخەرییە سوودمەندە؟

 

 

 

كۆمەڵەی ئاشتیی عەرەبی وەك ڕێكخراوێكی ناحكوومی لە ئەیلوولی ساڵی 2022 لە عەممانی پایتەختی شانشینی ئوردنی هاشمی (دوای ماوەیەك لە ئامادەكاری و درێژكردنەوەی ماوەكەی لە ساڵی 2018)وە دامەزراوە. ئامانجی ئەم ڕێكخراوە بەشداریكردنە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە ئاڵۆزەكانی ناوچەی عەرەبی، وەك بەشێكی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە بە دەست قەیرانی زۆر و ململانێی چەكداری و شەڕی ناوخۆوە دەناڵێنێت، ئەم دۆخە پێویستی بە دەستپێشخەریی بەردەوام هەیە، بۆ بنیادنانی ئاشتییەكی بەردەوامی گەشەسەندوو، بۆیە كۆمەڵێك لە كەسایەتیی شارەزا و سیاسەتوان و چالاك و ئەكتیڤ لە بوارەكانی عەرەبی و نێودەوڵەتی، كە ڕۆڵی گرنگیان لە سێكتەری ڕۆشنبیری و فیكریدا هەیە، لە ڕێی دیالۆگ و گەنگەشەیەكی زۆر دەستپێشخەرییان كرد، لەوەی بیر لە دامەزراندنی كۆمەڵەیەك بكەنەوە، كە ئامانجی بڵاوكردنەوەی كەلتووری ئاشتی و هۆشیاری بێت، هاوكات لە كاتی پێویستدا ئەركی ناوبژیوانكارێكی پاك و بێلایەن لە نێوان لایەنە پێكناكۆكەكاندا جێبەجێ بكات، بۆ گەیشتن بە چارەسەر و یەكلاكردنەوەی ئاشتییانە و لێكگەیشتنی سیاسی، كە بەرژەوەندیی لایەنەكان بێنێتە دی و پارێزگاریی لێ بكات لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەل و هاووڵاتیان و دەوڵەت.

بۆیە، كۆمەڵەكە ڕێككەوت لەسەر دامەزراندنی هاوبەندییەكی ئاشتی، كە كەلتووری ئاشتی بڵاو بكاتەوە و بهێنێتە دی، هەروەها هاووڵاتیان لە ئاستی گرنگیی ئەم كەلتوورە هۆشیار بكاتەوە، هەروەها بەشداری بكات لە ئەكتیڤكردنی ڕۆڵی لایەنە فەرمییەكان، تاكو ئەركی سیاسی و یاسایی و ئەخلاقی و مرۆییان لە بواری ڕێگەگرتن و خۆپارێزی لە ململانێ چەكدارییەكان و بنیادنانی ئاشتی ڕابپەڕێنن. لەم سۆنگەوە كۆمەڵەكە هەوڵ دەدات پەیوەندیی هاریكاریی چالاكانە لەگەڵ ڕێكخراوە لۆكاڵی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان و لە سەرووشیانەوە نەتەوە یەكگرتووەكان دابمەزرێنێت، لەگەڵ جەخت كردنەوە لەسەر كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەبی لە ڕووی كەلتووری ئاشتی و خستنەڕووی دەستپێشخەری بە مەبەستی ئامانجە باڵاكە «ئاشتی و دیالۆگ وەك تاكە ڕێگە بۆ چارەسەری كێشە و ململانێیەكان».

كەواتە ئامانجی كۆمەڵەی ئاشتیی عەرەبی بریتییە لە:

* بڵاوكردنەوەو پەرەپێدانی كەلتووری ئاشتی و دیالۆگ و وەلانانی توندوتیژی و دەمارگیری و پەڕگیری.

* كاركردن بۆ وەدیهێنانی دادپەروەری و ویژدانخوازی و كۆتاییهێنان بە داگیركاری، هەروەها ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و مافی گەلان لە دیاریكردنی چارەنووسدا.

* ئاڵوگۆڕی شارەزایی و ئەزموون و بنیادنانی توانا لە بواری ئاشتی و خۆپاراستن لە ململانێ چەكدارییەكان.

* هەتا بكرێت ئەركی ناوبژیكاری لە نێوان لایەنە پێكناكۆكەكاندا ئەنجام بدرێت.

* ڕێزگرتن لە فرەچەشنی و فرەیی و یەكدی قبووڵكردن و دداننان بە مافی بەرانبەر لە جیاوازیدا، وەلانانی هەموو شێوەیەكی جیاكاری لەسەر بنەمای ئیتنی و ئایینی و ئایینزایی، یان تایفەگەری.

بۆ دەستكردن بە كاری ئەكتیڤی دامەزراوەیی ئەم كۆمەڵەیە لە 13 تا 14/10/2022 كۆبوونەوەی دامەزراندنی كۆمەڵەكە لە بارەگای كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەبی لە قاهیرە بە چاودێری و ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دكتۆر ئەحمەد ئەبولغەیس و بە بەڕێوەبردنی بیرمەند دكتۆر عەبدولحسێن شەعبان ساز كرا. كۆبوونەوەكە بە وتەیەكی سەرۆكی كۆمەڵەكە (سەرۆكی پێشووتری یەمەن) عەلی ناسر محەمەد دەستی پێ كرد، دواتر وتەی هەماهەنگكاری گشتیی كۆمەڵەكە لەلایەن ئەندازیار سەمیر حەباشنە (وەزیری پێشووی ناوخۆی ئوردن) خوێندرایەوە، دوای ئەو باڵیۆز حیسام زەكی وتەی ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی (كە دوای ماوەیەكی كەم لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەكە ئامادە بوو) خوێندەوە، ئەو خاڵە گرنگانەی كە لە وتەكەی ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبیدا هاتبوو، بریتی بوون لە: ناوچەكە بە قۆناغێكی مەترسیداردا تێدەپەڕێت و كەوتووەتە نێو گێژاوی قەیرانگەلێكی فرەچەشن، كە كاریگەرییان بۆ سەر ئاسایش و بارودۆخی هەرێمی هەبووە، دواتر قەیرانی كۆرۆنا و شەڕی ئۆكرانیای هاتە سەر، ئەوەش ناوچە قەیراناوییەكەی زیاتر ڕووبەڕووی تەحەدیگەلێكی تازە كردەوە، هاوكات وای لە دەوڵەتانی ناوچەكە كرد، ڕووبەڕووی هەڕەشە پێشبینی نەكراوەكان ببنەوە، وەك قەیرانی خۆراك و سستیی ئابووری، وێڕای دۆخی نادڵنیایی كە لووتكەی سیستمی نێودەوڵەتیی گرتووەتەوە، ئەمەش دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز دەكات. ئەمانە بریتین لە تەحەددیگەلێكی زۆر كە تا ئەو پەڕی ئاستیان پێویست بە گەلەكۆمەكێی تواناكان و كۆكردنەوەی وزەی كۆمەڵگە و دەوڵەتان دەكات. بارودۆخی نێودەوڵەتی بە خێرایی تێدەپەڕێت كە لەسەرووی پێشبینییەكانە و بە ئاراستەگەلێكە كە هەرگیز چاوەڕوان ناكرێت، بۆیە یەكەم شت پێویستە دیدگایەكی گشتگیر پێك بهێنرێت و ستراتیژیەتێكی تەواویش بنیاد بنرێت، ڕووداوەكان هەمیشە پێش ئێمە دەكەون و پەرەسەندنی دۆخەكەش لە ناكاو ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.

سەبارەت بە كۆمەڵەی ئاشتیی عەرەبی، ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ڕوونی كردەوە كە كۆمكارەكە «هیوا لەسەر كۆمەڵەی ئاشتی عەرەبی هەڵدەچنێت، بەو پێیەی بەشدارییەكی ڕەسەنە و پێویستمان پێی دەبێت لە پێناو بەرهەمهێنانی بیروبۆچوون و دەستپێشخەرییەكاندا، ئەو تێكەڵەیەی كە كۆمەڵەكە لێی پێك دێت، چەندین بیرمەندی ناسراو و سیاسەتوانی بەرپرسی پێشوو لەسەر باڵاترین ئاست لەخۆ دەگرێت، كە شایانی ئەوەن ڕۆڵ بگێڕن بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكی گەورە لە بەرهەمهێنانی بیروبۆچوون و كاراكردنی دەستپێشخەرییەكان وەكو یەك.»

لە دوو كۆبوونەوەی دواتر، بیرمەند عەبدولحسێن شەعبان وتەیەكی پێشكەش كرد سەبارەت بە كاری كۆمەڵەكە و ئامادەكردنی پەیڕەو و پڕۆگرامی بنەڕەتی و ناوخۆیی كە پەسند كرا، دوای ئەوە بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەكە خوێندرایەوە.

شایانی بیرهێنانەوەیە نزیكەی (50) كەسایەتیی خەباتگێڕی سیاسی و فیكری لە زۆربەی دەوڵەتانی عەرەبی و لەسەر باڵاترین ئاست (سەرۆك وەزیران، وەزیران، پەلەمانتاران، بیرمەندان، كەسایەتیی ئەكادیمی) بەشدارییان لە دامەزراندنی كۆمەڵەكەدا كرد، هەروەها (25) كەسایەتی لە كۆبوونەوەی قاهیرەدا ئامادەبوون، لە سەروویانەوە: سەرۆك عەلی ناسر محەمەد، ئەندازیار سەمیر حەباشنە، بیرمەند د. عەبدولحسێن شەعبان، وەزیری دەرەوەی سوودان خاتوو مریەم ئەلسادق ئەلمەهدی، وەزیری دەرەوەی مۆریتانیا د. مەكفولە بنت ئەكات، خەباتگێڕی فەلەستینی باڵیۆز عەباس زەكی، ئەكرەم عەبدولـلەتیف ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی فەلەستینی، لە ئیماراتەوە باڵیۆز یوسف ئەلحەسەن، پەرلەمنتار د. عەبدوڵا عوێدات لە ئوردن، باڵیۆز عەلی موحسین حەمید لە یەمەن، د. عاتف مغاوری لە میسر، ڕاوێژكار عەلی عەبدولكەریم لە یەمەن، ڕاوێژكار ئەحمەد ئەلمسلمانی لە میسر، د. مالیك مەهدی لە سوودان، د. شێرزاد نەجاڕ لە كوردستان - عێراق.

لە میانی كۆبوونەوەكەی قاهیرەدا پەیكەربەندیی كۆمەڵەكە چەسپا كە بەم شێوەیە پێكهاتبوو:

* دەستەی گشتی:

* ئەنجومەنی ڕاپەڕاندن لە (11) ئەندام و سەرۆك پێكدین، عەلی ناسر محەمەد سەرۆكایەتیی دەكات، ئەمینداری گشتی ئەندازیار سەمیر حەباشنە، د. عەبدولحسێن شەعبان ئەندامی ئەنجومەن لە پاڵ ئەندامانی دیكە.

* ئەنجومەنی ڕاوێژكاری لە ئەندامانی دەستەی گشتی و دەرەوەی، خاوەن شارەزایی و ئەزموونی زۆر و كارامە.

تا چەند حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق لە كۆمەڵەی ئاشتیی عەرەبی سوودمەندە؟

لەبەر ئەوەی كۆمەڵەی ئاشتیی عەرەبی هەوڵ دەدات توندوتیژی وەلاوە بنێت و كەلتووری ئاشتی لە ڕێی دیالۆگ و ناوبژیكاری بەهێز بكات، بۆیە پێموایە حكومەتی هەرێم دەتوانێت سوود لەو كۆمەڵەیە وەربگرێت بە تێكڕا، هەروەها لە كەسایەتییەكانی خاوەن ئەزموونی دوور و درێژ لە بواری سیاسەت و كەلتوور و فیكر، و گوێ بگیرێت لە ڕاوبۆچوونەكانیان لە ڕووی چۆنێتیی چارەسەركردنی كێشەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵدا، بۆ وەدیهێنانی بەرژەوەندیی هەر دوو لا و بەرژەوەندیی باڵای گەل، بەتایبەتی دەتوانین سوود لەو بڕگەیەی ناو پەیڕەوە بنەڕەتییەكەی كۆمەڵەكە وەربگرین، كە جەخت لە ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و مافی گەلان لە دیاریكردنی چارەنووسیان و ڕێزگرتن لە فرەیی و یەكدی قبووڵكردن دەكاتەوە. 

 

Top