ڕێزگرتن لە گەورە زانایانی ئایینی ڕێزگرتنە لە ڕێڕەوی ئایینپەروەران و سیمبولە نیشتمانییەكان
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یادی مەولوودی پێغەمبەر (د.خ)دا لە وتارەكەیدا جەختی لەو بنەما و فەرهەنگە مێژووییەی گەلی كورد و هەڵوێستی مێژوویی ڕێبەرانی ئایینپەروەر و نیشتمانپەروەری بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی كورد كردەوە و تەئكیدی لەوە كرد، ئامۆژگاری زانایان گرنگە، پێشەنگی و گەیاندنی ئیسلام وەك خۆی پێویستە، بۆیە ڕووی كردە زانایانی ئایینی و گوتی: «داوایەكی بچووكم لەم هەموو مامۆستا بەڕێزانە هەیە، كە لە ئامۆژگارییەكانی خۆیان بێبەشمان نەكەن، لە ڕێبەرایەتیكردنی كۆمەڵگەكەمان بێبەشمان نەكەن، ڕێگە بگرن لەوەی كە دینی پیرۆزی ئیسلام وەك ئایین بۆ بەرژەوەندیی كەسی و گرووپ و مەرام و ئەجێندایەكی سیاسی بەكار بێت».
***
كورد هەمیشە خاوەنی فەرهەنگێكی گەورەی ڕێزگرتن لە ئایینی ئیسلام و ئیسلامپەروەران و زانایانی ئایینی بووە، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، ڕێز و بەهای زۆری بۆ زیندووڕاگرتنی بۆنە ئایینیەكانیش داناوە، تا ئەوەی گەیشتووەتە ئاستی پێكەوەگرێدانی هەردوو ئاراستەی ئایینی و نەتەوەیی.
بەو پێیەی هەستی نەتەوەیی هەستێكی ڕەوا و خۆڕسكانەی بەرزی مرۆڤە بەرامبەر گەل و نیشتمانەكەی، هەستی ئایینیش بە هەمان شێوە و وەك هێز و بەهایەكی گەورە لە ناخەوە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێت بۆ هەنگاونان بە ڕووی هەر كار و كردار و بەها و ڕەوشتێكی باش، كە لە خزمەتی ئایین و نەتەوە و نیشتمان بێت.
خۆشبەختانە یەكێ لە شانازییە دیارەكانی گەلی كورد، بەرزڕاگرتنی یادی پڕ شكۆی لەدایكبوونی پێغەمبەرە (درودی خوای لەسەر بێت)، كە گەورە زانایانی كورد بەشی شێریان هەیە لە شیاندن و بایەخدان بەم یادە و هەر لەناو كوردیش گواستراوەتەوە بۆ جیهانی ئیسلامی بەو ئاراستە و ئاستە بەرفراوانەی كە ئێستا هەیە.
كورد و یادی مەولوود هەمیشە بۆنەیەكی زیندووی جەماوەری و هێمای ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستی و تەبایی و میانڕەوی بوون، كەلتوورێكە لەوەی كورد وەك گەلێكی زۆرینە موسڵمان، بەردەوام نییەت و ئیرادەی خێری بۆ مرۆڤایەتی و ژیار و ژینگە ویستووە و خۆشەویستیی پێشەوای مرۆڤایەتی حەزرەتی محەمەد (درودی خوای لەسەر بێت) كردووەتە هەوێنی ئاشتەوایی و سیمبولی پێكەوەژیان و سەقامگیریی كیان و كۆمەڵگە.
ئەمساڵ جیاوازتر لە جاران و لە فیستیڤاڵێكی تایبەت و بە بەشداریی ڕاستەوخۆی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی باڵای حكوومی و ژمارەیەكی بەرچاو لە زانایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت و كەسایەتیی كۆمەڵایەتی و جەماوەرێكی زۆر، ئەم یادە بە فەرمی و كۆمەڵێك بڕگەی جیاوازەوە بەرز ڕاگیرا، تەنانەت لە زۆربەی مزگەوت و ماڵ و شار و دێهات و سەنتەر و بازاڕ و دامەزراوەكانیش ئاهەنگی مەولوود و شادی و خۆشی دەربڕین بەو بۆنەوە بەدی كرا.
ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە گەلی كورد لەمێژ ساڵە ئەم بۆنە و یادە بە زیندوویی دەهێڵێتەوە و بووەتە بەشێك لە كەلتووری ئایینداری و ئاشنایەتی بە خۆشەویستیی پێشەوای مرۆڤایەتی حەزرەتی محەمەد (درودی خوای لەسەر بێت)، كە هەر ساڵە فراوانتر ئاستی ئەم یادە هەڵدەكشێ و دەبێتە مایەی شادی و هەستكردن بە ڕۆحی دینداری، هاوكات دەرفەتێكە بۆ زیاتر و زۆرتر باس و خواسی كەسایەتیی ئەم پێشەوایە و دووپاتی پابەندی بە ئاكار و ڕەفتار و بەها باڵاكان و ئەبدەیتكردنەوە جوانییەكانی كۆمەڵگە و، بەرزكردنەوەی گیانی لێبوردەیی و برایەتی و ئاشتەوایی و میانڕەوی و دووركەوتنەوە لە هزری توندڕەوی و یەكتر بوغزاندن، كە ئەمە كاردانەوەی ئەرێنیی هەمەجۆری لە ئاراستەی پەروەردە و ڕەوشت و هەستی عیرفانی موسڵمانان چێ كردووە و بە قازانج بۆی گەڕاوەتەوە.
لە هاتنە كایەی ئەم نەریت و كەلتوور و فەرهەنگە جوان و ڕەسەنە بۆ ناو كۆمەڵگە و بونیاتی ڕۆشنبیری و هۆشیاری و بە زیندوو هێشتنەوەی ئەم یاد و بۆنە ئایینی و نەتەوەییانە لە هزری تاكی كورد، زانایانی ئایینی ڕۆڵێكی سەرەكی و بەرچاو و پێشەنگیان گێڕاوە و بەردەوامیش هاندەر و پاڵپشتی جددی بوون لە ئاراستەكردنی كۆمەڵگە بەرەو ئەو دەستكەوتە گرنگانەی بوونەتە فاكتەری خێر بۆ گەڵ و وڵات. چونكە گوتاری مەلای كورد هەڵقوڵاوی شەریعەت و تێگەیشتنی دروست و میانڕەوی و عیرفانی بووە، بە درێژایی مێژوو مەلای كورد لە چوارچێوەی ئەو ڕێڕەوە ڕەسەن و زانستییەی گەورە زانایان بناغەیان بۆ داناوە، هەمیشە لە ڕێی پەیام و گوتار و هەڵوێستەوە خزمەتێكی گەورەیان لە ئاست واقع و خواستی خەڵك پێشكەش كردووە و، لە دەستنیشانكردنی برین و دۆزینەوەی چارەسەر هەوڵی جددییان داوە، بۆ ئەوەی باشترین ڕێگەچارە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی دینی و دونیایی پێشكەش بكەن.
هەر بە نموونە زانایانی كورد تا ئێستا پتر لە (80) مەولوودنامەیان بە شێوازی شیعر و پەخشان لە ژین و ژیاننامە و ستایش و وەسفی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بە زمانی شیرینی كوردی نووسیوە، كە ئاماژەن بە گەورەیی ئەم زاتە لە دیدی مەلای كورد لە لایەك و، بەشداریی ئەدەب و نووسینی كوردی لە وەسفی گەورەیی پێشەوای ئۆممەت لە پاڵ زنجیرەی هەوڵە جۆراوجۆرەكانی جیهانی ئیسلامی لە لایەكی دیكەوە، سەرباری ئەمەش زانایان هەمیشە ڕووی دەمی گوتار و داوایان لە نەتەوەی خۆیان خێر بووە و، بانگەوازە خواییەكەشیان بە خەڵات پێشكەش كردووە.
بۆیە ڕێزگرتن لە خزمەت و هەوڵەكانی زانایان و بە گەورە سەیركردن و لەبەرچاوگرتنی كۆششی بێوچانی شەو و ڕۆژیان، ڕێزگرتنە لە سەرچاوەی دروستی پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەكان و ئاراستەی كۆمەڵگە بەرەو هەڵكشانێكی پتر و چاكتر، ڕێزگرتنە لە سیمبول و ڕەمزە دیارەكانی نیشتمان، كە لەوەشدا زانایانی ئایینی جێدەستی خزمەت و خەبات و گیانفیداییان لە هەمبەر پرسی ڕەوای گەل و بەرپەرچدانەوەی هێڕش و هەڕەشەی مەیدانی و فكری و توندڕەوی دوژمنان دیارە، ڕێزگرتنە لەو سەركردانەی وەك هێمای نەتەوەیی ناویان بە زیندوویی ماوەتەوە و ژیانیان لەپێناو خزمەتی ئایین و نەتەوە وەك مۆم لێ كرد و بۆ خۆیان سووتان و ڕووناكییان بە گەل بەخشی.
لەبەر ئەوە جێگەی سوپاس و پێزانین و مایەی دڵخۆشیەكی زۆر بوو، كاتێ لە فیستیڤاڵی یادی لە دایكبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕێزدار مەسرور بارزانی وتەیەكی جوانی لە بارەی بەرزڕاگرتنی مەولوود و نرخاندنی ڕۆڵی زانایان پێشكەش كرد و، دواتریش وەك ڕێزگرتن لە ئەرك و ماندووبوون و خزمەت و پیشەی پیرۆزی زانایانی ئایینی، سوپاس و پێزانینی حكومەتی هەرێمی كوردستانی پێشكەشی ژمارەیەك لە زانایانی بەتەمەن و بەئەزموون و هەڵكەوتووی كوردستان كرد، لەوەش زیاتر خۆی لەسەر ستەیج هاتە خوارەوە و بە پیر زانایانەوە چوو بۆ ئەوەی دەستی خزمەتیان بگوشێ و پێزانینیان پێشكەش بكات.
ئەم دیمەنە وێڕای ئەوەی دڵخۆشكەر بوو، لە هەمان كات مێژوویی و هەڵگری پەیامێكی گەورەیە، بەوەی چۆن لە ڕابردوو زانایان پێشەنگ و مایەی ڕێز و حوڕمەت بوون، بە هەمان شێوە ئێستاش زانایانی ئایینی شەریحەیەكی یەكجار گرنگ و پێویستن بۆ كۆمەڵگە و ئاراستەی كۆمەڵایەتی بەرەو باشبوون و پێشەوەچوون و ئاشتیخوازی.
هەر لەبەر ئەمەش بوو سەرۆكی حكومەت لە وتارەكەیدا جەختی لەو بنەما و فەرهەنگە مێژووییەی گەلی كورد و هەڵوێستی مێژوویی ڕێبەرانی ئایینپەروەر و نیشتمانپەروەری بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی كورد كردەوە و تەئكیدی لەوە كرد ئامۆژگاریی زانایان گرنگە، پێشەنگی و گەیاندنی ئیسلام وەك خۆی پێویستە، بۆیە ڕووی كردە زانایانی ئایینی و گوتی: «داوایەكی بچووكم لەم هەموو مامۆستا بەڕێزانە هەیە، كە لە ئامۆژگارییەكانی خۆیان بێبەشمان نەكەن، لە ڕێبەرایەتیكردنی كۆمەڵگەكەمان بێبەشمان نەكەن و ڕێگە بگرن لەوەی كە دینی پیرۆزی ئیسلام وەك ئایین بۆ بەرژەوەندیی كەسی و گرووپ و مەرام و ئەجێندایەكی سیاسی بەكار بێت».