بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیان لە پێنجەمین ساڵیادی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر

بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیان لە پێنجەمین ساڵیادی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر


لەم ڕۆژانەدا یادی ئەو خیانەتە تاوانکارییە دەکەینەوە کە بووە مایەی بنیادنانی دۆخی نامۆ و ئالنگاریی سەخت بۆ هاووڵاتییانمان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەی ئیدارەی هەرێم، هەر لە دووز و خانەقین و مەخموورەوە تا دەگاتە شەنگالی بریندار و کەرکووکی دڵی خۆشەویستی کوردستان.

سڵاو و ڕێز و نوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەو نەبەرد و شەڕ و ڕووداوانەی لە خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر کەوتنەوە و، گشت شەهیدانی کورد و کوردستان لە هەموو قۆناخەکانی خەباتی کورد.

لە پێنجەمین ساڵیادی ئەو خیانەتە شەرمهێنەدا، پێویستە لە سەر سەختیی ئەو ڕۆژانە هەڵوەستە بکەین، بە تایبەتیش کاتێک گەلی کوردستان و تەواوی دەستکەوتەکانی گەلی کورد ڕووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون بوون لە ئەنجامی خیانەتی تاقمێکی گومڕای گومڕاکەر، کە لە هەندێک سەرکردەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێک هاتبوون. وەک بە ئاشکرا لە لایەن سەرکردەکانی یەکێتی خۆیانەوە ڕاگەیەندرا و، لە دیداری تەلەفزیۆنیی تۆمارکراو و لێدوانی فەرمی ئەوە ڕاگەیەندرا. ئەوە بوو یەکێک لە سەرکردەکانیان لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیی تۆمارکراودا ڕایگەیاند کە ڕادەستکردنی ئەو ناوچانە ئەنجامی ڕێککەوتنی یەکێتی بوو لەگەڵ هەندێ هێزی نەیاری دەرەکی و ناوخۆیی دژ بە کورد و کوردستان و، ٣٨ لە کۆی ٥٠ ئەندامی سەرکردایەتی لە بارەگای سەرکردایەتیی یەکێتی کۆ بووبوونەوە و دەرەنجامەکانی ئەو ڕێککەوتنەیان ئیمزا کرد. ئەو سەرکردەیە کە لە کاتی دیمانە تەلەفزیۆنییەکەدا پەڕاوی ڕێککەوتنەکەی بە دەستی خۆی بەرز کردەوە و پێشانی دا، گوتی کە خۆیشی لەگەڵ ئەو ٣٨ کەسە ئیمزای خۆی خستووەتە سەر ڕێککەوتنە شوومەکەیان .

بەمەیش لە پشتەوە خەنجەریان لە گەلی کورد و قوربانییەکان و شەهیدەکانی و قوربانییانی ئەنفال و بێسەروشێنکراوانی دا و، پاشکۆیی و خیانەتەکەیان گەیشتە ڕادەی چۆڵکردنی لەناکاوی هەموو میحوەرەکانی کە وەزارەتی پێشمەرگە لە سەدرەمی شەڕی داعش دایمەزراندبوون و فەرماندەییان بەوان سپێردرابوو. بگرە هەندێک لە هێزەکانیان خستبووە ئامادەباشی بۆ ھاوکاری نەیاران بۆ داگیر کردنی کەرکوك و لوولەی تفەنگەکانیان ئاراستەی پشتی پێشمەرگە قارەمانەکان کردبوو و، بوونە چاوساخ و ڕێنیشاندەر بۆ یارمەتیدانی دوژمن لە گەیشتن بە سەنگەرەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان، بەمەیش ئەم دەستە خیانەتکارە بوون بە (ئەبو ریغال)ی سەردەمەکەمان و، شایانی بەردباران و دوورخستنەوەن. ئەو ڕۆژەیش دێت دادپەروەری ڕێی خۆی بگرێت و ئەمانە بدرێنە دادگە تا سزای دادوەرانە لە بەرامبەر خیانەتی گەل و نیشتمانیان بە سەردا بسەپێنرێت و جێبەجێ بکرێت.

بەڵام، لە گەرمەی یادکردنەوەی شەهیدەکانمان و خێزانە بەڕێزە قوربانیدەرەکانیان و ئەو ساتە سەختانە و، نەهامەتییەکانی دڵسۆزانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە شانازییەوە یادی ئەو داستانانە دەکەینەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی سەرۆک مسعود بارزانی، لە کاتی بەرگری لە هەرێمی کوردستان تۆماریان کرد و، ئەو سەرکەوتنانەی بە سەر دڕندەکانی خراپەکاری و دەستەی خیانەتکار بەدەستیان هێنا، بەمەیش داستانەکانی پردێ و دوای ئەویش سحێلا و شەڕەکانی مەخموور و تەلسقۆف بوونە وانەی مەبدەئی و سەربازیی مەزن بۆ گشت ئەوانەی بیر لە دەستبردن بۆ شکۆی کورد و کوردستان دەکەنەوە.

هەروەها دڵمان پڕە لە شانازی بە توانای هەرێمی کوردستان لە دامرکاندنی قەیرانەکان و سەرکەوتن بە سەر ئالنگارییەکاندا. ئەگەر لە وردەکاریی ئەو قەیرانانە بڕوانین کە ڕووبەڕووی سەرکردایەتی و گەل و حکوومەتی کوردستان بوونەتەوە و، ئەو ڕووداوە مەزنانە و ئەو هێزە دەرەکی و ناوەخۆیی و خۆجێیانەی گەلەکۆمەیان کرد و پیلانیان دژی دەستکەوتەکان و داهاتووی گەل و سەرکردایەتیی کوردستان گێڕا، خۆمان لە بەردەم قەبارەیەکی سیاسیی دامەزراو دەبینین کە بەردەوام کۆڵەکەکانی بەهێز دەبن و بەرەو پێشەوە دەچێت و توانای لەڕادەبەدەری هەیە بۆ بازدان بە سەر کۆسپەکاندا و گۆڕینی قەیرانەکان بۆ هەل و هەڵسانەوە "بە خێرایی" و ڕاستبونەوە لە هەر کەوتنێک و گەڕانەوە بە هێزەوە بۆ پێگە و ڕۆڵی خۆی و بە شێوەیەکی بەهێزتر لە جاران، تەنیا بە پشتبەستن بە گەلە نەبەزەکەی کە پشتیوانی دڵسۆزان و حزبە پێشەواکەیەتی (پارتی دیموکراتی کوردستان)، ئەمەیش لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا چەسپا و سەلمێندرا، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تا ئەمڕۆ، کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموو ئەو هەڵبژاردنانەدا بە زۆرینەیەکی بەرچاو و ڕوون سەرکەوت و، لە دوایین هەڵبژاردندا پلەی یەکەمی لە پارێزگای کەرکووک بەدەست هێنا. ئەمەیش بە شیوەیەکی هاشاهەڵنەگر پێگەی پارتی لای ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە کوردستان سەلماند و سەلمێنەری بڕوا و متمانەی ئەم گەلەیە بە خەبات و سەرکردایەتیی ئەم حزبە و دڵنیاییەتی لەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتیی گەلی کورد دەکات و بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی دەکات.

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، ئێمە ڕووبەڕووی دڕندەترین هێزی تیرۆریست دەبینەوە، کە داعشە، لە هەمان کاتیش ڕووبەڕووی بڕیاری ستەمکارانەی دارایی و ئابووریی دژ بە هاووڵاتییانمان دەبینەوە، لە لایەن حکوومەتە فیدراڵە یەك لەدوای یەکەکانەوە و، ڕووبەڕووی ئاڵۆزیی سیاسی و هەندێک تاقم دەبینەوە کە بە خیانەت و پاشکۆیەتی بۆ دەرەوە ڕازی بوون. بەڵام ئەنجام چی بوو؟ هەموو جارێك خاینان و زماندرێژەکانی بێشەرم لە خیانەتکاری ماوەیەکی کورت دەگەشێنەوە و زۆری پێ ناچێت بڵقە میدیاییەکانیان دەتەقێن و لە ڕووی سیاسی و میللیەوە پەرشوبڵاو دەبن. هەموو جارێکیش سەرکردایەتییە داناکەی سەرۆک مسعود بارزانی و ستراتیجی وردی حکوومەتی کوردستان و پاڵەوانێتی و لەخۆبوردوویی هێزەکانی پێشمەرگە و قوربانیدانی گەلی کوردستان ڕووبەڕوویان دەبنەوە و، ئەم هەرێمە بە سەر هەموو ئالنگاری و پیلانەکانی لە دژی داڕێژراون و دادەڕێژرێن، سەردەکەوێت.

بەم شێوەیە و سەرباری ناسۆری یادی خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر، داهاتووی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و کەرکووکی ئازیز گەش دەبێت و، ئامانجەکانمان و خواستە ڕەواکانی گەلەکەمان دێنە دی.

بەزیوەکان و هەرزەکاران و دەمارگرژە سیاسییەکان و ئەوانەی بە دوای ژاوەژاوی میدیایی و دزەپێکراوی گەمژانەوەن، هیچ ڕەگ و ڕیشە و پێگەی ڕاستەقینەیان لای ڕۆڵەکانی گەلەکەیان نییە، بۆیە پەنا بۆ ڕاکردن دەبەن. لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوە و شاندانە بەر کاری خزمەتگوزاری و سیاسی و حکوومی لەبێناو خزمەتکردنی گەلەکەمان جا سەختی و قوربانییەکان هەرچییەك بن، وەك ئەوەی ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیکەین.

هەرێمی کوردستان بە ناوچە جۆراوجۆرەکانیەوە، بە سنووری ئێستایەوە و بە کەرکووك و خانەقین و دووزخورماتوویشەوە، قەوارەیەکی سیاسیی دامەزراوە و بەرهەمی کارێکی حکوومیی نایاب و سەرکردایەتییەکی مەزنە. هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی فیدراڵیی دەستوورییە و دەستووری عێراق دانی بە خۆی و بە بڕیارە جێبەجێکاری و یاسادانانەکانیدا ناوە، هەر لە ساڵی ١٩٩٢ەوە و، ئێمە بە قوربانیدان و خۆڕاگریی گەلەکەمان و پاڵەوانێتیی پێشمەرگە و، خۆڕاگریمان و کاری سیاسیمان لە نێو خاکی خۆشەویستمان لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆک و کەرکووک و خانەقین و دووزخورماتوو و مەخموور و شەنگال و گشت ناوچەکانمان و بە هەموو ئاینزا و نەتەوەکانمانەوە، بنیادی دەنێین. ئێمە پێشوازی لە ئالنگارییەکان دەکەین و بە سەریاندا زاڵ دەبین، ڕووبەڕووی سەختییەکان دەبین و لە نیشتمانی خۆمان دەمێنین، نیشتمان لە ناوەوە بنیاد دەنرێت و شوورەی نیشتمان بە ڕۆڵە بەغیرەتەکان دەپارێزرێت نەک بە بەزیو و بەکرێگیراو و تازەباوەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسیی کورد.

خواستەکانی گەلەکەمان لە کەرکووک و هەموو ناوچەکان دەهێنینە دی و، هەموو ئەو ناوچانە و هەموو بستێکی خاکی کوردستان ڕزگار دەکەین و، یادی خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر تەنیا هەڵوەستەیەکە کە هێزی بەرەنگاربوونەوە و سوربوون لە سەر پرەنسیپەکانمان بەهێزتر دەکات.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کە لە خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر شەھید بوون و لە گشت شەهیدانی کورد و کوردستان

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکان

دکتۆر کەمال کەرکووکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیان
١٦ی ئۆکتۆبەر ٢٠٢٢

Top