ئه‌سپ سواری له‌م ساڵانه‌ى دوایدا به‌ره‌وپێشچوونى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌

ئه‌سپ سواری له‌م ساڵانه‌ى دوایدا به‌ره‌وپێشچوونى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌

كۆڕاز نه‌سره‌دین یاریزانى ئه‌سپ سواری یانه‌ى سلێمانى
ئه‌سپ سواری له‌م ساڵانه‌ى دوایدا به‌ره‌وپێشچوونى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌
یانه‌ى سوارچاكی كۆڕاز یه‌كێك له‌و یانانه‌ى كه‌ له‌ سه‌ر ئاستى پارێزگاى سلێمانى و بگره‌ له‌ كوردستانیش گرنگی زۆر به‌ بوارى ئه‌سپ سوارى و هونه‌ره‌كانى ئه‌م یارییه‌ ده‌دات له‌ شاره‌كه‌، هه‌ر چه‌نده‌ كاره‌كانیان له‌سه‌ر یاریگاكانی خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام یاریزانان و ڕاهێنه‌رانى ئه‌م یانه‌یه‌ خه‌ونى گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌ داهاتوو بۆ ئه‌وه‌ى كاره‌كانیان فراوان بكه‌ن و بتوانن یاریزانى زیاتر بهێننه‌ نێو ئه‌م وه‌رزشه‌، به‌رپرسانى یانه‌كه‌ له‌ هه‌وڵێ ئه‌وه‌ن له‌ داهاتوودا ئه‌م یانه‌یه‌ بكه‌نه‌ نموونه‌یه‌كى به‌رزى یاری ئه‌سپ سوارى له‌ سه‌ر ئاستى پارێزگاى سلێمانى و كوردستان و عێراقیش، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ لاوه‌كانیش كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ له‌و یانه‌یه‌ وه‌رزشیی ئه‌سپسوارى ده‌كات یاریزان كۆڕاز نه‌سره‌دین-ه‌ ئه‌و یاریزانى یانه‌ى سلێمانى و ڕاهێنه‌رى ئه‌سپ سوارى یانه‌ى كۆڕازه‌ ناوبراو له‌ دایك بووى ساڵى 2000ى شارى سلێمانییه‌ و خاوه‌نى بڕوانامه‌ى به‌ دبلۆمه‌ له‌ پرۆگرامین، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیاریكمان لێ كرد ئه‌وه‌یش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌:كارزان كانه‌بی
*بۆچى یارى ئه‌سپ سواریت هه‌ڵبژارد؟
-به‌هۆى باوكم و باپیرانمانه‌وه‌ كه‌ خه‌ریكی ئه‌م بواره‌ بوون به‌ تایبه‌ت باوكم له‌ رووی وه‌رزشه‌وه‌ ئه‌م بواره‌ى پێناساندم.
* له‌ كوردستان ئاستى یارى ئاسپ سواری له‌ چ ئاستێكدا ده‌یبینی؟
-به‌ شێوه‌یه‌كى گشتی له‌م ساڵانه‌ى دوایدا به‌ره‌وپێچوونى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، به‌ڵام هێشتا به‌ پێى پێویست نییه‌.
*بۆچى له‌ كوردستان وه‌كو پێویست گرنگى به‌م یارییه‌ جیهانییه‌ نادرێت؟
-چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى گرنگی پێ ده‌ده‌ن به‌هۆى هه‌وڵى تاكه‌ كه‌سى خۆیانه‌وه‌یه‌ به‌هۆى خۆشه‌ویستى بۆ ئه‌م بواره‌ هه‌وڵى جدی له‌لایه‌ن كه‌سانى به‌رپرس نه‌دراوه‌ بۆ پێشخستنی ئم بواره‌.
*پێت باشه‌ چى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م یارییه‌ بچێته‌ قۆناغێكی تازه‌وه‌؟
-گرینگی پێدانى تایبه‌ت له‌لایه‌ن كه‌سانى شاره‌زا، دانانى كه‌سانى شیاو له‌و شوێنانه‌ى به‌رپرسه‌ له‌ بواره‌دا، هێنانى ناوبژیوانى شاره‌زا و به‌توانا له‌ بواره‌كه‌دا، كردنى یاریگاى تایبه‌ت به‌ وه‌رزشه‌كانى سوارچاكی نه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت.
*ساڵانه‌ كردنه‌وه‌ى پاڵه‌وانێتى به‌به‌شدارى ژماره‌یه‌ك یاریزانانى شاره‌كان ده‌بێته‌ هۆكارى پێشكه‌وتنى ئه‌م یارییه‌؟
- به‌لێ بێگومان كاریگه‌رى باشى ده‌بێت له‌ سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونى بواره‌كه‌دا.
*كێشه‌و گرفته‌كانتان چین له‌م وه‌رزشه‌؟
- نه‌بوونى كه‌سانى پسپۆڕ و شاره‌زا له‌ بواره‌كه‌دا،هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى كه‌سانێك بۆ ناو ئه‌م یارییه‌ كه‌ هیچ بنه‌مایه‌ك و پێشینه‌یه‌كیان نییه‌ له‌ باره‌ى یارییه‌كان و پاڵه‌وانێتیه‌كان، نه‌بوونى ناوبژیوانى تایبه‌ت به‌ وه‌رزشه‌كانى ئه‌سپ سوارى، پشتگوێ خستنی حكومه‌ت بۆ ئه‌م بواره‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووى گرفتى ئه‌سپ سوارین له‌ كوردستان.
* بۆ حه‌ز یاخود بۆ وه‌رزش ئه‌م یارییه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌یت؟
- بێگومان هه‌ردووكیان به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ستراون.
*له‌ ئه‌سپ سواری هیچ كات دووچارى كێشه‌و گرفت بوویته‌وه‌؟
- به‌ دڵنیاییه‌وه‌ تووش بووین، به‌ڵام به‌ هۆى باوكمه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كات سه‌رۆكى یه‌كێتى سوارچاكی كوردستان بوو گرفتی زۆر گه‌وره‌مان نه‌هاتۆته‌ سه‌رێ.
*هیواو و ئاواتت وه‌كو كچه‌ ئه‌سپسوارێك؟
-هیوا و ئاواتم ‌ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌ك باوكم ببمه‌ پاڵه‌وانى ئه‌سپسوارى له‌ سه‌ر رێچكه‌ى باوكم ئه‌م یارییه‌ پێشبخه‌م.
* به‌رنامه‌ى داهاتوو چیه‌ بۆ ئه‌م وه‌رزشه‌؟
-به‌رنامه‌ی داهاتووم ئه‌وه‌یه‌ به‌شدارى له‌ پاڵه‌وانێتى عێراقی بكه‌م له‌ شارى به‌غداد بڕیاره‌ به‌رێوه‌بچێت و بتوانم ئاست و ئه‌نجامى گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنم.
*وه‌كو ڕاهێنه‌رێك به‌ نیازی چیی بۆ ئه‌سپ سواری له‌ یانه‌كه‌تان كه‌ به‌ ناوى خۆته‌وه‌یه‌؟
- به‌توانم له‌و یانه‌یه‌ كه‌ وه‌كو ڕاهێنه‌ر ده‌ست به‌كارده‌بم بۆ دروستكردنى چه‌ند یاریزانێك كه‌ تواناى به‌شدارى كردنی پاڵه‌وانێتیه‌كانیان هه‌بێت.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-هیوادارم ئه‌م بواره‌ پێشوه‌چوونێكى باش به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت و ئاواتى من و چه‌ندین یاریزانى كورده‌، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و خه‌مخۆرییه‌ به‌رده‌وامه‌ى بۆ سه‌رجه‌م وه‌رزشه‌ جۆراوجۆره‌كانى كوردستان.

 

Top