پەیوەندیی دراوسێ لە ڕابردوودا   مامۆستا عەزیز جەبار مەنتك   بەرپرسی ناوچەی بنەسڵاوەی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان  

پەیوەندیی دراوسێ لە ڕابردوودا     مامۆستا عەزیز جەبار مەنتك     بەرپرسی ناوچەی بنەسڵاوەی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان   

 

ئەركی جیرانەتی ئەوەندە گەورەیە پێغەمبەری سەروەرمان دەفەرموێت: (مَن كان يؤمن بالله واليوم الآخر فليُكْرِمْ جاره) واتە: ئەوەی بڕوای بە (اللە) جل جلالە و ڕۆژی دوایی (قیامەت) هەبێ، با ڕێز لە دراوسێیەكەی بگرێت .

لە فەرمودەیەكی دی پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێ: (خَيْرُ الأَصحاب عِنْدَ اللَّهِ تَعَالَی خَيْرُهُمْ لصاحِبِهِ، وخَيْرُ الجِيرَانِ عِنْدَ اللَّه تَعَالَی خيْرُهُمْ لجارِهِ) رِواه الترمذي.

واتە: باشترین هاوڕێ لە لای خودای گەورە، ئەو هاوڕێیەیە كە بۆ هاوڕێكەی باشە، هەروەها باشترین جیران ئەو جیرانەیە كە بۆ جیرانەكەی باش بێت.

جارێكیان پێغەمبەر (د.خ) لە ناو هاوەڵانیدا بوو، فەرمووی: ئەگەر ئەم جارە فریشتە جوبرائیل (خ.ل ) بێتەوە لام و باسی مافی دراوسێ بكات، ئەوە باسی میراتگرتن لە یەكتری دەكات، مەبەستی لەوەدا بوو.

دەگێڕنەوە ماڵێكی دەوڵەمەند دراوسێیەكی هەژاریان هەبوو، بەردەوام ماڵە هەژارەكە داوای پێداویستیی ڕۆژانە و هاوكاری لە دراوسێیە دەوڵەمەندەكەی دەكرد. ڕۆژێكیان ژنی دەوڵەمەندەكە بە منداڵەكەی گوت: بڕۆ لە ماڵی دراوسێیەكەمان هەندێك خوێ بە قەرز بێنە، منداڵەكە لە دایكی پرسی و وتی: دایە خۆ ئێمە خوێمان زۆرە. دایكی وتی: ڕۆڵە وس بە، با دراوسێ هەژارەكەم هەست بە نەقسی نەكات. ئەمە ڕەوشتە جوانەكانی پێشینانمان بووە».

لە ڕابردوودا پەیوەندیی نێوان دراوسێكان بە هاوسەنگی و هاوكاری و یەكدەنگی و دۆستایەتی بنیات نرابوو، دراوسێ ببوون بە خۆشەویست و دڵسۆزی یەكتر، ژیانی دراوسێ دوور بوو لەو كێشە و ئاڵۆزییانەی كە ئەمڕۆ دراوسێ بۆ یەكتری دروست دەكەن. لە ڕابردوودا پەیوەندیی نێوان دراوسێ لەسەر بنەمای برایەتی و یارمەتی و تەبایی و هاریكاری یەكدی ڕێكخرا بوو، تا ئەم دواییانە دراوسێ لە هەموو ئەو بۆنە و ڕووداوانەی كە ڕۆژانە دراوسێكانی پێیدا تێدەپەڕین، ئامادەیی دەبوو. لە نێوان دراوسێدا هاوڕێیەتیەكی نزیك و درێژخایەن بەرپا ببوو، ئەو داب و نەریتە ڕەسەنانەی كە دراوسێ لەسەری پەروەردە بوون، وای كردووە لە كاتی شادی و دڵتەنگیدا لە تەنیشتی بوەستێت. گرنگترینیان بە چەند خاڵ دەستنیشان دەكەین:

١- لە ڕابردوودا كاتێك دراوسێیەك لەماڵ دەردەچوون بۆ گشتێك، یان بۆ كارێك و هەر شوێنێك، تا دەگەڕانەوە منداڵەكانیان بە دراوسێكەیان دەسپارد، بە دڵنیایی تەواوەوە ئەو كارەیان دەكرد، كە دراوسێكەیان بێهیوایان ناكات، كە بە باشترین شێوە چاودێری دەكات. دراوسێكەی ئاگاداری منداڵەكانی دەبوو، وەك ئەوەی منداڵی خۆی بن، كە دایكیان ئاگاداریان بووە.

٢- لە ڕابردوودا ئەگەر یەكێك لە دراوسێكان نەخۆش بوایە، هەمووان پەلەیان دەكرد بۆ سەردانیكردنی و ماڵەكەیان بۆ پاك دەكردەوە خواردنیان بۆ ئامادە دەكرد .

٣- ئەگەر دایكێك نەتوانێت شیر بە زارۆكی بدات، ئەوا دراوسێكەی دیكەی بۆ چەند ڕۆژێك ئاگاداری شیرپێدانی دەبوو. لێرەوە برایەتی سەری هەڵدا، بۆیە زۆر جار گوێمان لە هەندێك كەس دەبێت، كە برای شیرین.

٤- باوك و باپیران، كاتێك منداڵبوون، بۆ ئێمەیان دەگێڕایەوە كە چۆن دراوسێ لە ڕابردوو لە نێوان خۆیاندا خواردنیان بۆ یەكتر دەبرد. ئەم وێنە جوانە تا ئێستاش لە یادی گەورەكاندا ماوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، ئەوە هەر داب و نەریتی دراوسێكان بووە.

٥- دراوسێكان لە شەوانی هاویندا لە بەردەم یەكێك لە ماڵەكان كۆدەبوونەوە، پێكەوە گفتوگۆی دۆستانە و باسی هەواڵی گەڕەك و خۆشییەكانیان دەكرد، لە شەوانی زستانیشدا میوانی یەكتر دەبوون و بە دەم خواردنی شەوچەرەوە قە سەی خۆشێان دەكرد.

٦- ئەگەر دراوسێیەك بە شەقامەكەدا تێپەڕبووایە و بینیبای دەرگای دراوسێكەی كراوەیە، یەكسەر دەرگاكەی دادەخست، بۆ ئەوەی پیرۆزیی ماڵی دراوسێكەی پارێزراو بێت.

٧- ئەگەر یەكێك لە دراوسێكان گەشتیكی كردبایە، ماڵئاوایی لە دراوسێكانی دەكرد، كە لە گەشتەكەی دەگەڕایەوە، هەمووان دەهاتن بە خێرهاتنەویان دەكرد كە بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە. كە دراوسێیەك گەشتی كردبا، داوای لە دراوسێكانی دەكرد كە ئاگاداری ماڵ و خێزان و منداڵەكانی بن تا ئەو دەگەڕایەوە.

٨- قەرزكردنی هەندێك پێداویستیی چێشتخانە بە شێوەیەكی بەرفراوان لەناو دراوسێكاندا باو بوو، كاتێك خێزانێك نەیاندەتوانی هەموو پێداویستییەكانی ناوماڵیان دابین بكەن، دراوسێ لە یەكتریان وەردگرت .

٩- ئەگەر دراوسێ لە ماڵی خۆیدا نانی تەواوبوایە، لە دراوسێكەی هەندێك نانی وەردەگرت، دواتر دوای نانكردن بۆیان دەگەڕاندەوە.

١٠- دراوسێكان وەك ئەوە دەژیان كە یەك خێزان بن و هەموو شتێكیان بە یەكەوە بەش كردبێت، بۆیە دراوسێ لەو سەوزە و میوەی كە دەیچاند، یان لەو ئاژەڵانەی كە بەخێوی دەكرد، لە شیر و پەنیر و لەبری پێی بفرۆشێت، بە دیاری بۆی دەنارد .

١١- ئەگەر دراوسێكە پێویستی بە بڕێك یارمەتی بوایە، سەرەتا دەچووە لای دراوسێكەی، پێش ئەوەی بچێتە لای كەسوكار و هاوڕێكانی.

١٢- ئەگەر دراوسێیەك شتێك بۆ منداڵەكانی لە فرۆشیارانی سەر شەقام بكڕیبا، بۆ منداڵەكانی دراوسێشی دەكڕێ، چونكە ئەوان وەك منداڵەكانی خۆی سەیری دەكرد.

١٣-كاتێك خانووی یەكێك لە دراوسێكان بچووك بووایە، ئەوە ماڵەكانیان دەكردەوە بۆ ئەوەی ئاهەنگی هاوسەرگیری تێدا ئەنجام بدەن، خەڵكی ماڵەكەش زۆر دڵخۆش دەبوون، ئەگەر خۆشییەكە لەگەڵیان لە ماڵەكەدا ئەنجام درابا.

١٤- ئەگەر یەكێك لە دراوسێكان شتێكی نەخوازراوی لێ ڕووی بدابایە، دراوسێ یەكەم كەس بوو بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری، چونكە نزیكترین كەسی بووە.

١٥- جاران دراوسێ وەك باوك و برا و سەرپەرشتیار وا بوون. ئامۆژگارییەكانیان دەبیسترا و جێگای ڕێز و پێزانین بوون. كە گەنج بووین، گوێمان لە قسەی باوك و دایكمان دەگرت، كە چۆن وەسفی دراوسێكانیان دەكرد، بە شێوەیەك وامان لێ دەهات كە دراوسێكە بەشێكی گرنگی ژیانمان بێت، وەك ئەوەی خزم و كەسوكاری ئێمە بن.

١٦- جاران دراوسێكان یەكدەست و بنەماڵەیەكی بە یەكەوە گرێدراو بوون، كوڕەكانیش لە نێو دراوسێكانیاندا پەروەردە دەكران، كاتێك لە ماڵەوە دەچوونە دەرەوە چاودێرییان دەكرد و، لێپرسینەوەیان لە هەڵەكانیان دەكرد، هەروەك چۆن لێپرسینەوەیان لە كوڕ و كچەكانی خۆیان دەكرد. بە بێ ئەوەی هیچ ناڕەزایەتییەك لە لایەن دراوسێوە دەر ببڕێت. هەروەها پەروەردەی دراوسێیی بەهای خۆی لە دەست نەدەدا، بە گواستنەوەی ماڵ، یان مردن.

١٧- دراوسێكان لە كۆندا لە سەختی و نەبوونی دەژیان، بەڵام یەكتریان لەبیر نەدەكرد، بە ئارامی و ئاسوودەی پێكەوە دەژیان و بە دوای خۆشەویستی و چاكەدا بۆ یەكتردا دەگەڕان.

 ١٨-ئەگەر دراوسێ خەمبار بووایە، هەڵگری خەمەكەی دەبوون، ئەگەریش دڵخۆش بوایە، لەگەڵیدا شاد دەبوون.

١٩- ئەگەر دراوسێ داوای یارمەتی دەكرد، یارمەتییان دەدا، لە ڕق و قینە و دوژمنایەتی و ناتەبایی یەكتر و ئازاردانی دراوسێ دوور دەكەوتنەوە.

٢٠- دراوسێكان ڕەچاوی هەستی یەكتریان دەكرد، بۆیە مەحاڵ بوو شادییەك بكرێت لە تەنیشت ماڵێك كە پرسە و سەرەخۆشی تێدا بێت، دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە بنەماڵەی كۆچكردوو، خۆشییەكەیان بە ڕەزامەندیی دراوسێ دەردەبڕی.

٢١- ئەگەر كێشە لە نێوان دراوسێكاندا دروست بووایە، بە هۆی ناكۆكیی نێوان منداڵانەوە، پیاوەكانی گەڕەك بۆ چارەسەركردن و كەمكردنەوەی كێشەكە ئاشتەواییان دەكرد.

٢٢- ئەگەر كوڕێك بیویستبایە هاوسەرگیری بكات، پرسیاری لە خزمانی هاوسەرەكەی و لە دراوسێكانی دەربارەی ئەو دەكرد. كاتێك كوڕی دراوسێ هاوسەرگیری دەكرد، پیاوانی دراوسێ بەشدارییان دەكرد لە ڕۆژی هاوسەرگیری و ئاهەنگێگڕان و هاوكاریی ماددی بۆ هاوسەرگیرییەكە.

٢٣- ئەگەر یەكێك دراوسێی كۆچی دوایی كردبا، هەموویان تووشی خەم و پەژارە دەبوون، دراوسێكانیان بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ناشتن و پرسەكەیدا دەكرد و خواردنیان پێشكەش بە ماڵی كۆچكردوو و میوان و كەسوكاری دەكرد.

٢٤- ئەگەر یەكێك لە دراوسێكان خانووەكەی بفرۆشتبا، سەرەتا دراوسێی ئاگادار دەكردەوە بۆ كڕینی خانووەكەی، ئەگەر دراوسێ نەیویستبا، بە كەسێكی دەفرۆشت كە بۆ دراوسێكانی باش بێت.

Top