"سەرۆک بارزانی" سوارچاکی ڕێگای سەربەخۆییە

 

 

-لە مێژوو و کلتور و فەرھەنگی گەلاندا، یەکێک لەو دەستکەوتانەی شانازییان پێوەدەکرێ کۆدەبنەوە لە (ڕۆژی سەربەخۆیی،ڕۆژی ئاڵا,ڕۆژە نەتەوەییەکان) بە گشتی ھەموو ئەو ڕەمزە نیشتمانیانەی کە ھەیە.

 

-لە فەرھەنگی گەلانێک کە خاوەنی (خاک،ئاڵا،فەرھەنگ،کلتور،ڕەمز،خەباتی درێژخایەنن)ن ئەوەی شانازی پێوە دەکەن، چۆنیەتی خەبات و قوربانیدان بووە لە پێناو گەیشتن بە "ئازادی" و تێکۆشان بۆ (سەربەخۆیی).

 

_گەلی (کوردستان)، گەورەترین نەتەوەی ئەم سەر زەمینەیە کە دەوڵەتی نیە و تا ئێستا تامی سەربەخۆیی نەکردووە، ھەر لە دوای دابەشکردنی "کوردستان" لە ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتیەکانی (لۆزان-سایکس بیکۆ ھتد...)، کورد لە ھەوڵی سەربەخۆییدایە،لە دوای ئەو قۆناغەوە چەندین ھەوڵی مێژوویی شۆڕشی ھەبوون، لە شۆڕشی (شێخ محمود حفید) و (شێخ سەعیدی پیران) و (سمکۆی شکاک) و (بارزانی نەمر) ھتد...

کۆماری مھابادی (١١) مانگە تا شۆڕشی "ئەیلول" و شۆڕشی "گوڵان" و شۆڕشی کوردەکانی "ڕۆژھەڵات" و شۆڕشی کوردان بە گشتی لەچوار پارچەکە تا دەگاتەوە بەدەستھێنانی "ئۆتۆنۆمی" لە ڕێککەوتنامەی ١١ـی ئازاری (١٩٧٠) لەوێشەوە بۆ ڕاپەڕینی کوردانی "باشوور" لە ئازاری (١٩٩١) ئەمانە ھەموو قۆناغ گەلێکی سەختی "شۆڕش" بوون کە ھێزی پێشمەرگە و بەشێکی زۆری خەڵکی ئازای ئەم نیشتمانە بزووێنەر و ھەڵسوڕێنەری بوون.

 

-لە دوای ڕووخانی (سەددام حسێن) لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانن و پڕۆسەی ئازادی (عێراق) لە ساڵی "٢٠٠٣" و بەشداری کارای کورد لە نووسینەوەی (دەستووری عێراق) ،قۆناغێکی نوێی سیاسەت و پەیوەندییەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ھاتە کایەوە.

 

(ھەرێمی کوردستان) گەرچی لە ڕووی خۆسەری و ئیدارەی سەربەخۆیدا بێ کەم و کوڕی نەبوو بەڵام توانیتی تا ڕادەیەکی باش لە پێش دەوڵەتی عێراقەوە چەندین گۆڕانکاری لە ئاوەدانی و بوژانەوە و بابەتی "ئاسایشی نیشتمانی" و ئارامی بۆ خەڵک فەراھەم بکات، ئەم جیاوازییە لە ناوچەکە و جیھانیش ڕوون و ئاشکرا بوو، تایبەتیش پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی (ھەرێمی کوردستان) لەسەر ئاستی دەرەوە ھەنگاوی گەورەی نابوو،"ئەمریکا" و دەوڵەتانی زلھێزیش ھەرێم و پایتەختی ھەرێمی کوردستانیان بە ناوچەی ئارام دەناساند بەو پێیەی لەھێر ھەژموونی ھیچ دەوڵەتێکی ناوچەیی نەبوو.

 

_لە سەرەتاکانی ھێرشی تیرۆریستانی (داعش) بۆ ناوچەکانی کوردستان و زوو چۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی حکومەتی عێراقی یەکە سەربازییەکانی، بەرگری ئازایانەی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانیدا و پاراستنی (ھەرێمی کوردستان)،لە بری دەستخۆشی لەلایەن سەرانی ئەوکاتی "حکومەتی عێراق" بێ ھۆکار مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی بڕی،سەڕەرای گەمارۆی  "ئابووری" و شەڕی تیرۆریستانی "داعش" و سەدان ھەزار ئاوارە و پەنابەران "ھەرێمی کوردستان" بە دروستکردنی پەیوەندی پتەو لەگەڵ ھاوپەیمانان بە ڕادەیەکی باش سەرکەوتنی لەو قۆناغە سەختە بەدەستھێنا سەڕەرای زوڵمی ناحەق و ئاشکرای حکومەتی عێراقی.

 

-لە دوای تێکشکانی تیرۆریستانی داعش لەلایەن پێشمەرگە و ھاوپەیمانان پێشمەرگە ڕێگەی موسڵی بۆ سوپای عێراق و ھێزەکانی عێراق پاککرد تا بتوانن بچنە موسڵەوە ئەمە بووە وەچەرخانی ئازادکردنی (شاری موسڵ)، لەپاش ئەوە و لەبری سوپاس و دەستخۆشی لە "پێشمەرگە" و خەڵکی کوردستان حکومەتی عێراق بەردەوام بوو لە زوڵم و ستەم تا گەیشتە ئاستی تەعەددا و زوڵمی ئاشکرا لە ھەرێمی کوردستان.

 

_ بە ھەموو لایەنە سیاسیەکان بڕیاری ڕیفراندۆمیاندا کە ئەمە دروستترین و ڕێکترتن بڕیاری مێژوویی گەلی کوردستان بوو.

 

_(ڕیفراندۆم) بە ئامانجی وەرگرتنی بۆچوونی ھاونیشتمانیان بۆ سەربەخۆیی...

پاش ئەوەی "ڕیفراندۆم" لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی کەرکوک سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد بە ڕێژەی( ٪‏٩٣) دەرکەوت دروست خەڵکی ھەرێمی کوردستان دژی ئەو ناحەقییە ئاشکرایەن کە لێیان دەکرێت.

 

"سەرۆک بارزانی" سوارچاکی ڕێگای سەربەخۆییە، بوێرانە،دڵسۆزانە،پێشمەرگانە پێشەوایەتیی ڕیفراندۆمی کرد، ڕیفراندۆم ڕووحی شەھیدانی ئاسوودە کردووە، ئەو شەھیدانەی لە پێناو ھەنگاونان بۆ سەربەخۆیی قوربانییان بە ژیانی خۆیاندا.

 

_دوای ئەوە کورد بێ ئەوەی ھیچ ھەنگاوێکی بنێنت دەوڵەتانی ناوچەیی نابەرپرسانە کەوتنە پیلان و پیلانگێری بە ئامانجی سڕینەوەی یەکجارەکی قەوارەی (ھەرێمی کوردستان)، سەڕەڕای بێ بەڵێنی ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ھاوپەیمانان بێدەنگی لە لەشکرکێشی و جەور و ستەمی حکومەتی عێراقی و بوونی چەندان دەستکێش و نامەردی زەمانە، گەلی کوردستان خۆڕاگر بوون لە ھێشتنەوەی قەوارەی (ھەرێمی کوردستان) و بە تاپۆ کردنی ڕیفراندۆم.

گەر بیرمان تیژ بێت حکومەتی عێراقی ھەموو ھەوڵێکی دەدا تا «ڕیفراندۆم» ھەڵبوەشێنێتەوە بەڵام لەو ھەوڵەی شکستی ھێنا بەمەش ڕیفراندۆم شکستی نەھێنا.

 

_لە پەرێز و خەمی ژیانی خەڵکی کوردستان و نەبوونی ڕێگە چارەی دیکە و شکستھێنانی حکومەتی عێراقی لە سڕینەوەی قەوارەی ھەرێم لە دوای داستانی (پردێ و سحێلا) خاڵی ناچاری گفتوگۆ بوو بە ئامانجی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە ماون.

 

_سەڕەرای گەمارۆی ئابووری،سیاسی،سەربازی،لەشکرکێشی لە زاری یەک سەربەخۆیخواز نەھاتە دەر کە پەشیمان بێت لە دەنگە بەڵێیەکەی،گەرچی خەڵکانیک لەپێناو دەستکەوتی کەسی بوونە دەستکێشی نەیاران و حاشایان لە کوردبوونی خۆیان و خاک و ئاڵای خۆیان كرد بەڵام ئەمانە ھەمووی نەبوونە ھۆکاری سارد کردنەوەی ئەو دەنگە زووڵاڵەی کە داوای (سەربەخۆیی) دەکرد.

 

_دەستدانە ھەر خەبات و جووڵەیەکی سیاسی و چەکداری، پێویستی بە چەند تشتێک ھەیە، لەوانە بوێری،ئازایەتی،گرنگتر لە ھەموو یەکگرتوویی،ئەوەی کە کورد جیادەکاتەوە لە گەلە ئازاکانی دیکەی دونیا،بەداخەوە بە درێژایی مێژوویی ناسیۆنالیستی کوردی بابەتی یەکڕیزی کێشەیەکی گەورە بووە، گەلێ جار پەڵەیەک بووە بە نێوچاوانەوە،بۆچوونی ئێمە نا زۆر بەی توێژەران و تێگەیشتووانەی دونیا ھەر ئەوە بووە،ئەوەی کە دێتە دی و دەبێتە لۆژیک،ھاوئاھەنگیە،جا ئەوە بە ھەر جۆرێک بێت ئاساییە،بەڵام ئەوەی لە ھەرێمی کوردستاندا بینرا،ئاواتی ئاواتخوازانی دژایەتی کردنی سەربەخۆیی دروستکردنی لۆژیک بوو بە ئاراستەی خزمەتی بێگانە و نەیاراندا!

 

_ئەوەی لە دونیادا ئێستا باوە،گۆڕینی ئاراستەی چاوتێکردنی خەڵکە، بە نموونە دەشێ دزێک ببێتە دەستپاک، خاکفرۆشێک خۆی بکاتە پاڵەوانی مەیدان، ترسنۆکێک خۆی بکاتە قارەمان، گوزەری ئێستا وەھاییە، ھەتا ئەو سیفاتەنەت تێدا بوو دەتوانی پێچەوانەکەی لە خەڵک بگەینێت و زۆر ئاسان بووە،تاکە ھۆکار بۆ ئەوە نەبوونی ھوشیاری بەشێک لە کوردەکان یاخود خۆشباوەڕی و ھەڵخەتاندیان بە ماددە و ئیمتیازات، دەتوانرێ قەناعەتیان پێ بھێنرێ دەی لە ھەر شوێنیکیش مەبدەئیی و لۆژیکانە بیرکردنەوە نەبوو، خاک وێران دەبێت.

 

_بۆ تەقیمی ڕاستیەکانی ڕووداوێک ھەرگیز گوێ لە خاوەن کردار ناگیرێت گوێ لە بەرامبەرەکەشی ناگیرێت، تەقیمی حەقیقەت لەسەر قسەی نەیار بکرێت گرینگیە، زۆرێک لە نەیارانی کورد کە دژی خاک و ئاڵا و نەتەوەی کورد بوون، لە پاڵ دژایەتی کردن،ڕاستیشیان وتووە،ھەمیشە ناو و پێگەی ئەو کەسانەیان ئاشکرا کردووە کە دەستکێش و ھەڵسوڕێنەڕییان بوون،ھەڵسوڕێنراوان گەلی جار شانازی بە لادان و کارە قێزەونەکانیان دەکەن، ئەمە نامۆ نیە و لە زۆر شوێنی دیکەدا ھەبووە.

 

"ڕیفراندۆم مێژوویی پڕ سەروەری"

 

"ڕیفراندۆم" وەک شۆڕشە گەورەکانی تری مێژووی کورد دەچێتە نێو لاپەڕە فەخرییەکانی گەلی کوردستانەوە وەک ئاواتی بەدی ھاتووی سەکردە شۆڕشگێڕەکانی کورد و شەھیدان و سەرجەم سەربەخۆیخوازان دێتە ھەژمار، ئەوانەشی دوای ئەم قۆناغە بوونە نۆکەر و دەستێکشی نەیاران بۆ ھەمیشە ناویان بە قێزەونی دەمێنیتەوە، چ بیانوو و قسەیان بۆ تاوانەکانیان ناھێڵدرێتەوە،دەشێ زۆر بڵێن و شانازی بکەن بەڵام بە دڵنیاییەوە لای خەڵک ھوشیار و تێگەیشتوو ھەر ئەو دەستێکشانەن کە بۆ پارە و ئیمتیازات،خاکیان لە خاک دابڕاند.

 

_ئەوانەشی کە نەبوونە دەستێکشی بێگانە و سەربەزییان ھەڵبژارد لە ھەر بیر و ڕا جیاوازێکدا بن،جێگەی ڕێزن لای خەڵکی و ناویان گەورە دەمێینتەوە،ئەوانەی سڵیان نەکردەوە و دژی دژە ووڵاتان بوون.

Top