بەهێزی لە بەرامبەر قسەی خەڵك

بەهێزی لە بەرامبەر قسەی خەڵك

(ولیەم شكسپیر) شاعیر و نوسەری ئینگلیزی دەڵێ " ژیانێك كە مێشكت سەركردایەتی بكات زۆر باشترە، لە ژیانێك كە قسەی خەڵك سەركردایەتی بكات".
قسەی خەڵك زۆرینەیە لەم ژیانەدا و قسە لە سەر هەموو شتێك دەكەن، هەیە سودبەخشە و هەیە زیانی هەیە و هیچ سوود و قازانجێك نابەخشێ جگە لە ئازار و سەر ئێشە و ناو و ناتۆرە و دوو ڕوویی و ئیرەیی پێبردن و ناو زڕاندن و تا دوایی كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ كاریگەری نەرێنی و خراپ لە سەر كەسایەتی و ناو و ناوبەنگی كەسەكان دروست دەكات، زۆر جاران بۆتە هۆی ئەوەی نا ئومێدی كەسی قسە لە سەر كراو و دابڕاندنی لە كۆمەڵگە و قێزەوەنی لە کەسەکان، ڕەنگە لێرە و لەوێ كێشەو گرفتی گەورەی لێ دروست بووە، كاتێكیش لە بنچ و بنەوانی قسەكان دەكۆڵیەوە تەنها قسەن لەلایەن كەسانی قین لە دڵ و دۆڕا و داڕوخاو و بێ دەسەڵات كراون كە مەبەستیان ژیانی ئەو كەسانە تاڵ و ناخۆش بكەن كە لەوان سەركەوتووترن لە هەموو ڕوویەكەوە، ناگەن پێیان لە هەر دیتن و رووبەڕووبوونەوەیەكیش بوێری و ئازایەتی ئەوەیان نییە چاو بتروكێنن بەرامبەریان.
بێگومان لە بیرمان نەچێت هەموو كەسێك لە خۆیەوە بە چاوی هەڵسوكەوت و ڕەوشتی خۆی سەیری كەسەكانی تر دەكات و هەرگیز نابێ چاوەڕێی دوو ڕوو و قین لە دڵێك بین ستایشی كەسەكانی تر بكات و كە خۆی پۆخل و پاتاڵ بێت بە پاكی و بێگەردی وەسفی كەسەكانی تر بكات. بۆیە گرنگە بە هیچ جۆرێك قسە و قسەلۆكی خەڵكانی تر نابێت كاریگەری خراپ دروست بكات و هەردەم نەچینە ژێر باری ئەو قسە سوك و بێ مانایانەی كە لەلایەن هەندێ كەسی بۆگەن گوێ بیست دەبین كە لەسەر كەسانی تر قسە دەكەن، گرنگە قسەكان بخرێتە ژێر پیڵاوەكان تا بەرزتر دەربكەوێ نەوەك بیری لێ بكرێتەوە وەكو پارچەیەك لە تاشە بەرد لە سەر پشتمان دابنێین و ئەوكات ناتوانرێ ڕاست بوەستێین، بۆیە پێویستە هەردەم بەهێز بین ئەوپەری متمانە و بڕوامان بە خۆمان هەبێت و ئەو قسانەی لە پشتەوە دەكرێن ئەو كەسانەن كە لە پشتەوە بە جێماون و ناگەن و ژەهرە بۆگەنەكانیشیان نابێ كاریگەرییان هەبێت.
دەگێڕنەوە " پیاوێكی بە تەمەن لە ناو گوندێكدا بەردەوام قسەی لە سەر خەڵكی دەكردن و شتی بۆ هەڵدەبەستین، ڕۆژێكیان وتی دراوسێكەی كە كوڕێكی گەنجە خەریكی دزیكردنە، چونكە شەوان درەنگ لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و تا بەرەبەیان ناگەرێتەوە. ئەو دەنگۆیە بە خێرایی لە ناو گوندەكە بڵاوبویەوە لە ئەنجامدا كوڕەكە دەستگیر كرا دوایی چەند ڕۆژێك لێكۆلینەوە سەڵمێندرا كە گەنجەكە بێتاوانە ئەو بە شەودا كاری پاسەوانی دەكرد بۆیە شەوان لە ماڵ نییە، گەنجەكە لە دادگا بێتاوان دەرچوو، بەڵام خەڵكی هەر بە چاوێكی ترەوە سەیریان دەكرد و پێیان وا بوو كە بەڕاستی دزە ، بۆیە كوڕەكە زۆر دڵتەنگ بوو سكاڵای بردە لای دادوەر. دادوەر ویستی هەم ناوی كوڕەكە پاك بكاتەوە، هەم وانەیەك بە پیاوە بەتەمەنەكە بدات. هەر بۆیە هەردووكیانی بانگ كرد بۆ دادگا و بە پیاوە بە تەمەنەكەی گوت تۆ تاوانباریت و دەبێت سزا بدرێت. پیاوەكەش گوتی من تەنها چەند قسەیەكم كردووە و ئێستا دەركەوتووە كەوا ڕاست نین و تەواو ئیتر بۆ سزام دەدەیت جەنابی دادوەر، دادوەر بە پیاوەكەی گوت دەمەوێت هەرچیت بەرامبەر ئەو گەنجە گوتووە هەمووی بخەیتە سەر كاغەزێك و دواتر كاغەزەكە پارچە پارچە بكەیت و بە درێژایی ڕێگاكە فڕێی بدە و ڕۆژی دواتر لە دادگا بڕیاری سزاكە دەردەچێت، پیاوە بە تەمەنەكە هەموو قسەكانی نووسی و كاغەزەكەی پارچە پارچە كرد و بە رێگاكە دا بڵاوی كردەوە بۆ ڕۆژی دواتر گەڕایەوە دادگا و دادوەرەكە پێ گوت دەمەوێت بچیت ئەو پارچە كاغەزانە هەڵبگریتەوە كە دوێنی فڕێتداوە، پیاوە بە تەمەنەكەش گوتی دادوەری بەرێز ئەو شتێكی ئەستەمە و مەحاڵە. ئێستا هەمووی بە شاردا بڵاوبونەتەوە و كۆناكرێتەوە، دادوەریش لە وەڵامدا گوتی ڕاستدەكەیت بە شاردا بڵاوبوونەتەوە و كۆناكرێتەوە. ئەو كارەی كە تۆ كردووتە وەكو ئەو پارچە كاغەزانە وایە كە فڕێت داون و ئێستا كۆناكرێتەوە تۆ بوویتە هۆی ناشیرین كردنی كەسایەتی ئەو كوڕە گەنجە و ناو زڕاندنی و ئێستاش ناتوانیت چاكی بكەیتەوە. ئێستا زانیت بۆ تاوانباریت؟ پیرەمێردەكە دركی بە هەڵەكەی كرد و داوای لێبوردنی لە گەنجە كرد و دانی بە هەڵەكەیدا نا. لە بەرامبەریشدا دادوەرەكە سزای پێویستی پێرەمێردەكەی دا و لە بەرامبەر ناوزڕاندن و ناشیرین كردنی كەسایەتی گەنجە بێتاوانەكە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top