ڕوونکردنەوەیەک لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانەوە

ڕوونکردنەوەیەک لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانەوە

لەم ڕۆژانەدا لێرە و لەوێ زۆر باسی پۆستەکانی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاری کەرکووک دەکرێت! بۆیە بە گرینگمان زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە ئامادە بکەین و بیخەینە بەر دەستی دڵسۆزانی گەلی کوردستان.

بەڕێزان هەموو پۆستێک لە ھەرێمی کوردستان و ئەو پۆستانەشی لە بەغدا ئیستیحقاقی گەلی گوردن و مافی گەلی کوردستانن، نەک تاپۆی کەسێک یان پارتیەکی سیاسی یا چەکداری یان کەسایەتییەکی دیاریکراو.

بۆیە زۆر زۆر گرینگە ھەموو تاکێکی گەلی کوردستان باش بزانێت کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی بە یەك لیستی ھاوبەش بەشداری ھەردوو ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیان کرد و زۆرینەی دەنگی گەلی کوردستانیان بەدەست ھێنا و، ھەردوو لا لەسەر دابەشکردنی پۆستە سیادییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ڕێک کەوتن و دابەشیان کرد، چونکە گەلی کوردستان زۆرینەی دەنگی خۆیان بەو لیستە ھاوبەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دابوو.

بەوەی گەلی کوردستان مافی تەواوی بەو لیستە ھاوبەشەی پارتی و یەکێتی دابوو، ھەردوو حزب شەرعیەتی گەلی کوردستانیان بەدەست ھێنابوو، بۆیە توانییان پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەو قۆناخە بە ڕێزدار کاک مسعود بارزانی بسپێرن و سەرۆکی کۆماری عێراقیش بە خوالێخۆشبوو مام جەلال بسپێرن.

بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئیتر ھەتا ھەتا تاپۆ بێت لەسەر ناوی پارتی و سەرۆک کۆماریش تاپۆ بێت لەسەر ناوی یەکێتی. ئەوە دروست نییە و ھیچ کاتیش گەلی کوردستان پەسەندی ناکات!!! چونکە مافی گەلی کوردستانە پۆستەکان بە چ کەس و پارت و لایەنێک بدات بە ئەمانەت بۆ خولێک دوو کەسی شیاو بۆ ئەو دوو پۆستە دیاری بکرێت، ئەویش لە لایەن نوێنەرانی خەڵکی کوردستانەوە لە پەڕلەمانی کوردستان لە کەش و ھەوایەکی ئازاد لە ناو پەڕلەمانی کوردستان بە دەنگدان ئەو دوو پۆستە پڕ بکرێنەوە.

ئیتر ئەو کەسانە کە پەڕلەمانی کوردستان دەسنیشانیان دەکات ھەردوو لە یەک حزب دەبن یا ھەر یەکێکیان لە حزبێک، یان ھەردوو بێلایەن یان یەکیان بێلایەن و یەکیان لە حزبێک بێت. گرینگ ئەوەیە نوێنەرانی خەڵکی کوردستان ئەو بڕیارە بدەن نەك حزبێکی دیرایکراو کە خەڵکی کوردستان دە نگێکی سنوورداری پێی داوە و بە ھیچ شێوەیەك نەتوانێت زۆرینەی دەنگی ناو پەڕلەمان بەدەست بهێنێت. لەبەر ئەمە، گرینگە لایەنێک کە ناتوانێت ‏ھیچ پۆستێکی سیادی نە لە کوردستان و نە لە عێراق بە دەست بهێنێت و، بیەوێت بە ناشەرعی و گوێنەدان بە دەنگی گەل و ڕێزنەگرتن لە گەل و پشت بە نەیارانی گەلی کوردستان پۆستێک بەدەس بهێنێت!!! با ئەو لایەنە بە خۆدا بچێتەوە و ھەڵەکانی خۆی چاک بکات، بەڵکو لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا گەلی کوردستان کەمێک ئەرێنیتر ھەڵیان بسەنگێنن و دەنگی زیاتریان پێ بدەن و چەند کورسیەکی زیاتر بێنن.

بۆ بابەتی کەرکووکیش بە ھەمان شێوە، زۆرینەی دانیشتووانی کەرکووک کوردن و لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لیستی برایەتی لە (٤١) کورسیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك (٢٦) کورسیی ھێنا بۆیە پارێزگاری کەرکووک ئیستحقاقی کوردە و، دەبێت کورد پارێزگارێک دیاری بکات ودابنێت، لە بەر ئەوەی ئەو بابەتە مافی کوردە بۆیە مافی گەلی کوردستانیشە لە ڕێگای نوێنەرەکانی گەل لە پەڕلەمانی کوردستان ئەو پارێزگارە دیاری بکات و دابندرێت.
بۆیە گرینگە گشت لایەنەکان ڕێز لەگەلی کوردستان بگرن و بۆ چارەسەری کێشەکانیان پەنا بەرن بۆ گەل و ڕێز لەدەنگی نوێنەرانی گەل لە پەڕلەمانی کوردستان بگرن .

دکتۆر کەمال کەرکووکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووك - گەرمیان
٢٢-٩-٢٠٢٢

Top