رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم و بەشداریی نێچیرڤان بارزانی
رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی ئێلیزابێزی دووەم، شاژنی کۆچکردووی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت. بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی شاهانەی بەریتانیا، دووشەممە 19ـی ئەیلوولی 2022، دوا 10 رۆژە ماتەمینییەکەی کۆچی دوایی شاژن کۆتایی دێت و بەخاک دەسپێردرێت.
رێوڕەسمەکە لە وێستمینستەر ئەیبی، کە کۆشکێکی ئایینی بۆنەکانە بە ئامادەبوونی بەشێک لە سەرۆکی وڵاتانی جیهان بەڕێوەدەچێت و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمیی بەریتانیا ئامادە دەبێت. هەروەها، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و جیڵ بایدن، خانمی یەکەمیی ئەمریکا و نوێنەرانی وڵاتانی کۆمۆنوێڵس کە پێشتر بەشێکبوون لە وڵاتی بەریتانیا بەشداردەبن.
"ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانیا جەختیانکردەوە لە بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی"
رۆژی یەکشەممە 18ـی ئەیلوولی 2022، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا رایگەیاند، لە عێراق دوو کەس بانگهێشتکراون بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە شاژنی کۆچکردووی بەریتانیا، کە یەکێکیان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.
کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە عێراق دوو کەس بانگهێشتکراون بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە شاژنی کۆچکردووی بەریتانیا، کە یەکێکیان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. گوتیشی، "ئەمە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانی جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێ نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشداریبکات."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، رێوڕەسمەکەی بە رووداوێکی زۆر گەورە بۆ بەریتانیا و جیهان وەسفکرد و گوتی، "گردبوونەوەیەکی جیهانییە و سەرکردەی 150 وڵاتی جیهان بەشدار دەبن، سەرکردەکان لەوێ یەکدی دەبین و رەنگە چەند بابەتێکی سیاسیی تاوتوێ بکرێت، بوونی نوێنەری هەرێمی کوردستان ئەوە نیشاندەدات کە پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان هەردوولادا هەیە و لەم ساڵانەدا زیاتر بەرەوپێشچوون."