سەرۆك بارزانی لە ڕیفراندۆمدا ڕۆڵی زۆر گەورە و پیرۆز بوو یەكڕیزی و تەبایی لە نێوان حزب و پێكهاتەكان دروست كرد

سەرۆك بارزانی لە ڕیفراندۆمدا ڕۆڵی زۆر گەورە و پیرۆز بوو  یەكڕیزی و تەبایی لە نێوان حزب و پێكهاتەكان دروست كرد

 

 

 

 ڕاپرسی، یان ڕیفراندۆم، بابەتێكی گرنگە لە یاسا و دەستووری زۆربەی وڵاتاندا جێگیر كراوە، ئەم پرسە لای زۆربەی گەلانی جیهان بەشێكی گرنگە لە بەشداریكردنیان لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان، بەتایبەتی لەو بڕیارانەی كە لەسەریان دەچەسپێت چ لە ناوخۆی وڵات، یان دەرەوەی وڵات، مافی چارەی خۆنووسین(self-determination) بە یەكێك لە بیروباوەڕ و بنەما سەرەكییەكانی بەڵگەنامە و دیكۆمێنتەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دادەنرێت، لەوێشەوە ئەو مافەی بە گەلانی جیهان دراوە كە بڕیار لەو بڕیارانە بدەن كە بە سەریاندا دەچەسپێت، تاوەكو لە داهاتوودا لە چۆنێتیی خۆبەڕێوەبردنیاندا وەكو مافێكی سەرەكی لە مافەكانی مرۆڤ و نەتەوەكان بێبەش نەبن و بڕیار لە چارەنووسی سیاسی، یان ئابووری لە ناو سیستەمی سیاسیی ئەو دەوڵەتەدا بدەن، كە تێیدا دەژین، ئەم بابەتانەش هەموویان بەستراونەتەوە بە ڕیفراندۆمەوە.

ڕیفراندۆم تەنیا لەناو ناوچە، یان لە بارەی بابەتێكی گەورە و چارەنووسسازدا جێبەجێ ناكرێت، زۆرجار لەسەر بابەتی بچووك و هەستیاریش ڕاپرسی دەكرێت و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە، وەكو ئەوەی لە هەرێمەكانی سویسرا لەسەر زۆر مەسەلەی بچووكیش تا ئێستاش جێبەجێی دەكەن، بۆ گەلی كوردیش ڕیفراندۆم بابەتێكی چارەنووسسازە، بەتایبەتی كە ئەم هەموو كۆمەڵكوژی و وێرانی و كاولكارییەی بەسەردا هاتووە و گوندەكانی وێران كراون و كیمیاباران و ئەنفال و تەرحیل و تەعریبی بەسەردا جێبەجێ كراوە، وەك: ئەنفالی بارزانی و فەیلییەكان و قۆناغەكانی دیكەی ئەنفال، دوای ئەو بارودۆخەی كە بەسەر گەلی كورد هات لە خەبات و بەشداری لە شەڕ لە جیهاندا، بەتایبەتی لە مەسەلەی هێرشی داعش كە شەهید و قوربانییەكی زۆری داوە و ڕۆڵی كوردی لە خەبات دژی شەڕ لە جیهاندا بەرز كردەوە و پارێزگاریی لە ئاشتیی جیهانی كرد، كە هێزی پێشمەرگە بە سەرۆكایەتیی مسعود بارزانی توانیی هێرشی تیرۆرستانی داعشی تێك بشكێنێت و ناو و ناوبانگی گەورەشی لە مەحافیلە نێودەوڵەتییەكان پەیدا كرد، ئەمە بووە سیمبولی پاراستنی ئاشتی لە جیهاندا. لەم ڕوانگەیەوە لەو قۆناغەدا كورد و كوردستانییان زۆر پێویستیان بەوە هەبوو چ لە ڕووی مێژوو و قوربانیدانەوە بێت، یان لە ڕووی ئەو دەستكەوتانەی بەدەست هاتن، چیتر مافەكانی گەلی كوردستان پێشێل نەكرێت و دەنگی بەجیهان بگات، چونكە لەسەر دەستی مسعود بارزانی-ی مەرجەعی كورد و، هێزی پێشمەرگە و قوربانیدانی گەلی كوردستان، ڕیفراندۆم بوو بە ئەو وەسیلەیەی كە دەنگی كورد بە هەموو جیهان بگەیەنێت. ڕیفراندۆم لەم قۆناغەدا تاكە وەسیلە بوو بۆ ئەوەی دەنگی كورد بە جیهانی پێشكەوتوو كۆمەڵگە ئازادەكان بگەیەنێت، تاوەكو چیتر لە بەرامبەر كۆمەڵكوژی و ئازاردان لە سیستەمی نوێی جیهانیدا پارێزراو بێت، هەڵبژاردنی ئەو بەروارە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم زۆر گرنگ بوو، چونكە لە دوای ئەو كاتە ئەو خیانەت و ڕووداو و كارەساتانەی بەسەر كورد هات، ڕەنگە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی قورس بكردایە، یان ناوچە داگیركراوەكانی لێ بێبەش بكردایە.

ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە ڕیفراندۆمدا زۆر گەورە و پیرۆز بوو، هەر لە یەكڕیزی و تەبایی نێوان حزبە كوردستانییەكانەوە، تاوەكو یەكڕیزی و یەكدەنگی و یەكخستنی نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان، بەتایبەتی لە شاری كەركووك، لەمەش گرنگتر سەرۆك بارزانی ڕۆڵی گەورە و دیاری هەبوو لە پاراستن و نەشكاندنی ئیرادەی گەلی كورد، سەرۆك لە پێناو گەلەكەیدا نەكەوتە ژێر ویست و فشار و هەڕەشەی دەرەكی، سیمبولی نیشاندانی ئیرادەی گەلی كورد و یەكهەڵوێستی بوو بۆ سەركەوتنی ڕیفراندۆم. سەركەوتنی ڕیفراندۆم بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بۆ تەوقیتی جێبەجێكردنی ڕیفراندۆمەكە دەگەڕێتەوە، كە سەرۆك بارزانی ئەم بەروارەی دانابوو.

یەكخستنی نێوماڵی كورد لە لایەن سەرۆك بارزانی-یەوە خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ ئەم دەستكەوتە گەورەیەی ڕیفراندۆم، سەرۆك بارزانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی لێژنەی باڵا و لێژنە پسپۆڕییەكانی پەیوەندیدار بە ڕیفراندۆمی دەكرد، ئاراستەكردنی نەتەوەی كورد و كوردستانییان و لایەنە سیاسییەكان لە لایەن خودی سەرۆك بارزانی-یەوە بوو، كە وای كرد كورد بە دامەزراوەیی كار بۆ بابەتە هزری و نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی بكات، ئەگەر چاوخشاندنەوەیەك بكەین بە مێژووی پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەتایبەتی دەنگدانەكان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و كۆدەنگی و یەكهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكان و، كۆدەنگیی ئیرادەی گەل بۆ سەربەخۆیی و دەنگدانەكانی دیكە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك و خانەقین و ئەنجومەنی قەزای دووز و تەواوی ئەنجومەنەكانی دیكە لە نەینەوا و...هتد، ڕاستەوخۆ ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێت كە مەرجەعی نەتەوەیی و نیشتمانی چ ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لە سەركەوتنێكی یەكجار مەزنی كۆی پرۆسەی ڕیفراندۆمەكەدا.

هەندێك خەڵك و گرووپی دیاریكراو پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكە دەستیان بە پڕوپاگەندە و قسەی دژ بە ڕیفراندۆم كرد، بەوەی دەیانویست خۆڵ بكەنە چاوی خەڵكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر، بەوەی گوایە فشار و هەڕەشە و نامە هاتووە كە ڕیفراندۆم دوا بخرێت، یان نەكرێت، ئەوە بوو سەرۆك بارزانی وەڵامی هەموو ئەم پڕوپاگەندە خراپانەی دایەوە، بەوەی ئەو ئەو كەسایەتییە نییە بكەوێتە ژێر فشار و هەڕەشەوە و، ئەوەی هەیە بەڕاستی بە خەڵكی كوردستان و میللەتەكەی دەڵێت، بۆیە كەركووكییەكان هیچ گومانێكیان نەما كە ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرێت، ئەمەش زیاتر هاندەری دەنگدەری كورد و كوردستانی بوو لە كەركووك، كە بەو ڕێژە بەرزە بەشدار بن.

  ئاستی بەشداریی هاونیشتمانیانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، گفتوگۆیەك بوو لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا، سەرۆك بارزانی و هەمووان كۆك بوون بەوەی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەشداریی ڕیفراندۆم بكەن، تەنانەت یەكێتیی نیشتمانی كوردستان یەكێك بوو لەو لایەنانەی كە نەك هەر پشتگیریی ئەمەی دەكرد، بەڵكو وەكو مەرج ئەمەیان دانابوو. لە ڕۆژی 15ی ئەیلوول پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە و 68 ئەندام پەرلەمان بەشدار بوون بە 65 دەنگ بڕیاری ڕیفراندۆم پەسەند كرا، لەسەر داوای سەرۆك بارزانی ڕۆژی 12ی مانگی ئەیلوولی 2017 دەستنیشان كرا كە سەردانی كەركووك بكات و لەگەڵ هەمووان كۆببنەوە و، داوای كرد لە نەتەوەكانی دیكە هەوڵ بدرێت ئەو كەسانە كۆبكرێنەوە كە لە ڕیفراندۆم تێنەگەیشتوون، یان دژی ڕیفراندۆمن، یەكێك لەو كۆبوونەوە سەركەوتووانەی لە پارێزگای كەركووك كرا، بوونی كەسایەتیی دیاری عەرەب و توركمانەكان بوو، سەرۆك بارزانی ئازادانە و ڕاشكاوانە وەڵامی دانەوە. هەوڵەكانی دانانی كۆت و بەربەست لە بەردەم ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەمووی شكست پێ هێنران، لەبیرمە لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانی نێوان یەكێتی و پارتی كە كاك محەمەدی حاجی مەحموود ئامادەی بوو، لەو كۆبوونەوەیەدا هەندێك كەسی ناو یەكێتی ویستیان گرفت دروست بكەن بە بیانووی ئەوەی خەڵكی كەركووك بەشداریی ڕیفراندۆم ناكەن، بەڵام ئەمە وا دەرنەچوو، حزبە كوردستانییەكان و زۆر لایەنی سیاسی و خەڵكی كەركووك لە مەسەلەی ڕیفراندۆمی چارەنووسسازدا بەشدار بوون، ئێمە وەكو كوردستانییانی كەركووك ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە جێبەجێكردنی ماددەی140ی دەستووری دەبینین كە لە كۆتا خاڵیدا دەڵێت: دەبێت بە ڕاپرسی مەسەلەی چارەنووسی كەركووك یەكلا بكرێتەوە.

 لە 23ی مانگی ئەیلوولی 2017 بە داخەوە ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لە كەركووك و قیادەی یەكێتی لە كەركووك ڕایگەیاند كە ئەوان بەشدار نابن لە ڕیفراندۆم، هەر ئەو ڕۆژە لەگەڵ كاك محەمەدی حاجی مەحموود لەسەر ئەم پێشهاتە نوێیە كۆبووینەوە و بڕیارمان دا حزبە كوردستانییەكان كۆببنەوە، ئەوە بوو لە لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووینەوە و بڕیار درا كە حزبە كوردستانییەكان یەكدەنگ بن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و، ڕۆڵی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە پاڵپشتی و كۆكردنەوەی دەنگی حزبە كوردستانییەكان گرنگ بوو، ڕێزدار مسرور بارزانی بەردەوام لەسەر هێڵ بوو، ئەوە بوو ئێوارەیەكی درەنگ لە لقی 3ی پارتی بەیانێك خوێندرایەوە و برووسكەیەكمان بۆ هات كە سبەی ئامادە بین بچینە لای جەنابی سەرۆك بارزانی، كە پێكهاتبووین لە پارتی و یەكێتی و لێژنەی باڵای سەرپەرشتیی ڕیفراندۆم، ڕۆژی 24ی مانگ چووینە خزمەتی سەرۆك بارزانی، لە پارتی خوالێخۆشبوو دكتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس و بەڕێزان كاك فازڵ میرانی و هوشیار زێباری و ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی حكومەت لەو كاتە و سەڵاح دەلۆ و بەندە بەشدار بووین، كۆسرەت ڕەسووڵ وەكو جێگری سەرۆكی هەرێم و مەلا بەختیار و سەعدی ئەحمەد پیرە و دكتۆر نەجمەدین و ئاسۆ مامەند و ئەبوبەكر سدیق ناسراو بە كاكە ڕەش لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشدار بوون، لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش كاك مەولودی بەرپرسی مەڵبەندی یەكگرتوو لە كەركووك و كاك ڕێبوار تاڵەبانی وەكو نوێنەری ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك و كاك خەلیل لە لێژنەی باڵای ڕیفراندۆم و چەند كەسایەتییەكی دیكە ئامادە بوون، لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆی زۆر كرا، بەداخەوە چەند كەسێكی ناو یەكێتی دەیانگوت كورد لە كەركووك دەنگ ناهێنێت بۆ ڕیفراندۆم، دووانیان لە سەركردایەتی یەكێتی سوێندیان بە هەموو شەهیدانی كوردستان دەخوارد و دەیانگوت ئێمە 50 هەزار دەنگ ناهێنین، بەڵام دكتۆر نەجمەدین بە توندی وەڵامی دانەوە و هەڵچوونیشی پێوە دیار بوو، بەوەی پاڵپشتی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دەكرد و پێی وابوو كورد دەنگ بە بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم دەدات، دواتر لەسەر پێشنیاری سەرۆك بارزانی و بە ڕەزامەندیی هەمووان وا ڕێككەوتین كە جەنابی كۆسرەت ڕەسووڵ سەرپەرشتیی ئەو كۆبوونەوەیە بكات كە بڕیار بوو لە مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك بەڕێوە بچێت، ئەوە بوو بۆ ئێوارە ئەنجومەنی مەڵبەندی یەكێتی پاشگەز بوونەوە لە هەڵوێستەكەی 23ی مانگ و، ڕاگەیاندنێكی دیكەیان بڵاو كردەوە كە بەشداریی ڕیفراندۆم دەكەن، بەڵام ئەم جارە یەكێتی لە كەركووك ڕێگری كرد لە دابەشكردنی سندوقەكانی دەنگدان، هەرچۆنێك بێت ئەم ڕێگرییەشمان هەڵوەشاندەوە، لە لایەكی دیكەوە كەسێكی یەكێتی كە ببووە سەرۆكی كۆمیسیۆن لە ڕیفراندۆم، ئەمیش ئاستەنگی گەورەی دروست كرد و چەند ڕۆژێك پێشتر داوامان لە كۆمسیۆنی هەولێر كرد بوو دكتۆر جووتیار عادل یان نارد، كە ئەو كات لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بوو، ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە تا 25ی مانگ درێژەی كێشا، ئەوە بوو ڕیفراندۆم كرا و جەنابی سەرۆك پەیوەندی كرد و داوای كرد هەوڵی جددی بدرێت كە پرۆسەكە سەركەوتوو بێت، بەڕاستی ژمارەی دەنگدەران لە كەركووك و دەرئەنجامەكە زۆر دڵخۆشكەر بوون كە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

كۆی گشتیی دەنگدەرانی كەركووك 922736

كۆی گشتیی دەنگدەرانی ناوچەی ئارام 724238

كۆی گشتیی بەشدار بووان 657773

كۆی گشتیی دەنگی بەڵێ 612769 واتە 93،158%

كۆی گشتیی دەنگی نەخێر 43703 واتە 6،644%

پووچەڵ 1301 واتە 0،198%

بەشداربوو لە پرۆسەی ڕیفراندۆم 657،773 واتە 71،285 ڕێژەی بەشدار بووی گشتی بوو.

كۆی دەنگدەرانی ناوچەی ئارام كە دەیانتوانی دەنگ بدەن 724238 ڕێژەی بەشداربووی ئارام 90،82%، بە شێوەیەكی گشتی داتا و ژمارەكان ڕێژەیەكی زۆر بەرز و دڵخۆشكەر بوون، بە پێچەوانەی نەیارانی كوردستانەوە كە دەیانگوت ڕێژەی دەنگدان بە بەڵێ زۆر كەم دەبێت.

بەمەش ڕیفراندۆم بووە بەڵگە و دیكۆمێنتێكی دیار و بەرچاو و بووە تاپۆیەكی ڕەش، دوژمنانی كورد دەركیان بەوە كرد كە لە هەر حاڵەتێكدا ڕیفراندۆم بكرێت كوردستانییانی كەركووك دەنگ بە بەڵێ بۆ هەرێمی كوردستان دەدەن و، بۆ هەموو لایەك لە ناوخۆ و عێراق و دەوڵەتانی هەرێمی و جیهان چەسپا كە كەركووك بەشێكی دانەبڕاوی كوردستانە و، ئەم مەسەلەیە یەكلا دەبێتەوە، بۆیە بە ناچاری پەنایان بردەوە بەر داگیركاری.

 

Top