یونیسێف: کەمی خۆراک مەترسی لەسەر ژیانی ٥٠٠ هەزار منداڵ لە سۆماڵیا دروست دەکات

یونیسێف: کەمی خۆراک مەترسی لەسەر ژیانی ٥٠٠ هەزار منداڵ لە سۆماڵیا دروست دەکات

 

نزیکەی نیو ملیۆن منداڵ لە سۆماڵیا بەهۆی کەمی خۆراک و بەدخۆراکییەوە ڕووبەڕووی مەترسی مردن دەبنەوە.

جەیمس ئێلدەر، وتەبێژی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەهۆی کەمی خۆراک و بەدخۆراکییەوە، نزیکەی نیو ملیۆن منداڵ لە سۆماڵیا مەترسی مردنیان لەسەرە.

ئێلدەر ئاماژەی بەوەدا کە ٣٤٠ هەزار منداڵی سۆماڵی لە کاتی قەیرانی برسێتی خۆراک لە سۆماڵیا لە ساڵی ٢٠١١ توشی كەمیی خۆراك و بەدخۆراکی بوون و گوتیشی ئەمساڵ ئەم ژمارەیە دەگاتە ٥٠٠ هەزار منداڵ.

ئەو لەمبارەیەوە دەشڵێت: ئەمە کابوسێکی بێ وێنەیە لە سەدەی ئێستادا.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) پێشکەشی کردووە، نزیکەی 80%ی سۆماڵ ڕووبەڕووی وشکەساڵییەکی توند بووەتەوە.

حکومەتی سۆماڵیا بە هۆی خراپتربوونی وشکەساڵی لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو باری نائاسایی لەو وڵاتە راگەیاند.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top