ڕۆشنبیر و بەرپرسیارێتیی سیاسی

ڕۆشنبیر و  بەرپرسیارێتیی سیاسی

 

 

 

لە سایەی ئەو شكست و نائومێدییەی كە لە ئێستادا كۆمەڵگەی عێراقی دوچاری بووە، بە هۆی ئەوەی كە چینی سیاسی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و، لەم بوارەشدا لە ململانێی سەختدان لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات، لە هەمان كاتیشدا ئەو چینە سیاسییە دەستەوەستانن و توانای ئەوەیان نییە بنەمایەكی هاوبەش بدۆزنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ململانێیە سیاسییە، جگە لەوەی كە مەبەستیانە ئیرادەی سیاسی بە زەبری چەك بسەپێنن، بۆیە دەبینین كە ململانێی فیكری و سیاسی ڕەهەندگەلێكی تازەی لای ڕۆشنبیری هۆشیار هێناوەتە ئاراوە، كاتێ بەدوای چارەسەرێكدا دەگەڕێت تاكو ئەو قەیران و نەهامەتی و بێ ئومێدی و گومان و لەدەستدانی متمانەیە بە بنەما ئایدیۆلۆجییەكان تێپەڕێنێت، كە ساڵانێكی زۆرە سەرچاوەی ئیلهامی ئەو ڕۆشنبیرەیە.

ڕۆشنبیری عێراقی بە دەست هەوڵی چینی حوكمڕان، یان دەسەڵاتداری خاوەن سامان و هەژموونەوە دەناڵێنێت، كە ئازادیی لای ڕۆشنبیر كۆتوبەند كردووە و، بێبەشی كردووە لە بیركرنەوە و گوزارشتكردن لە بیروڕاكەی، بەو زمانەی كە خۆی هەڵیدەبژێرێت، چونكە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق هەوڵ دەدەن بە ڕێی توندوتیژییەوە خەڵكەكە بۆ خۆیان ڕابكێشن و، چەمك و تیۆریزە بەسەریاندا بسەپێنن، كە لەگەڵ دید و بۆچوونی ڕۆشنبیری هۆشمەنددا ناگونجێت، ئەو ڕۆشنبیرەی دەیەوێت شان بداتە بەر بەرپرسیارتێی كێشە و دۆزی میللەتەكەی خۆی، خەبات بكات لە پێناو بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی و ئازادی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، دوور لە ململانێی بەرژەوەندییەكانی ئەو حزبانەی تەحەككوم بە شەقامی عێراقییەوە دەكەن.

ئەو ڕۆشنبیرە هۆشمەندەی كە میللەتەكەی خۆی خۆشدەوێت، هەمیشە ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە ناچار بكرێت ئینتیمای بۆ چوارچێوەگەلێكی فیكریی دیاریكراو هەبێت، چونكە دژی توندوتیژی و ناعەقڵانییەتە لە ڕەفتاری سیاسی، هاوكات دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی ڕەت دەكاتەوە.

ئەو ڕۆشنبیرەی كە پابەندە بە دۆزی میللەتەكەیەوە، لە نێو هەموو كۆمەڵگەكاندا ڕۆڵی بنەڕەتی دەبینێت لە هەڵگیرسانی ڕاپەڕینی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئامانجدار، كاریش دەكات بۆ ئەوەی ئەمە بۆ بزاڤ و توانایەكی كارا بگۆڕێت، تاكو كۆمەڵگە پێش بخات و دیموكراسی وەدی بهێنێت.

بێگومان مەسەلەی ڕزگاركردنی كۆمەڵگە لە توندوتیژی و ستەمی ئایدیۆلۆجی، پرۆسەكی ئاڵۆزە و لەلایەن هەموو ڕەوتە فیكرییەكان و ڕێكخراوە سیاسییەكانەوە پێویستی بە كۆششێكی هاوبەش و هۆشمەند و سیستماتیك هەیە، كە دژی ئەوەن دەسەڵات بگۆڕدرێت بۆ ئامانج بە پێی تێڕوانینێكی ئایدیۆلۆجیی دیاریكراو، هەروەها ڕژێمێكی ستەمكار دابمەزرێت بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان.

ئەو ڕۆشنبیرەی بڕوای بە دۆزی میللەتەكەی هەیە، پرۆسەی گۆڕانكاری بەپێی تێڕوانینێكی ئایدیۆلۆجی ڕەت دەكاتەوە، پەیامی ڕۆشنبیری هۆشمەند ئەوەیە كە بە تەواوی مامەڵە لەگەڵ چێكنی سیاسیدا نەكات، كە كار بۆ قۆرخكردنی گۆڕەپانی سیاسی و ڕەتكرنەوەی كەسانی دیكە دەكات، چونكە لە بنەڕەتدا ئینتیماكەی بۆ گەل و نیشتمان و ململانێیە لە پێناو دیموكراسی و ئازادی و دادپەروەری و مافی مرۆڤدا، هەروەها بەشداریكردنی فیكری و داهێنانی پابەند نییە بە كات و شوێنەوە، یان بە چوارچێوەی ئایدیۆلۆجیایەكی دیاریكراو.

سیاسەتی ئیحتیوای ڕۆشنبیر و شێواندنی ڕۆڵی و بەكارهێنانی بۆ داكۆكیكردن لە ئایدیۆلۆجییەتی دەسەڵاتخواز و قۆرخكاریی كاری سیاسی، دیارترین خەسڵەت و سیمای ڕژێمە نازی و فاشیزمەكان بووە، كە تا ئێستاش لای ڕژێمە تۆتالیتارییەكان پەیڕەو دەكرێت. جێی داخە كە زۆر لە حزب و ڕەوتە سیاسییەكانی عێراق كە خەباتیان كردووە و بەهەزاران شەهیدیان داوە بۆ لەناوبردنی ڕژێمی پێشووی عێراق، هەوڵ دەدەن ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی نیشتمانپەروەر پەراوێز بخەن، یان بیانكەنە ئامرازێك بۆ داكۆكیكردن لە بیروبۆچوون و تیۆرە سیاسی و فیكرییەكانیان، هەروەها بۆ ئەوەی دەسەڵات پیرۆز بكەن، چ لە ڕێی سەركوتكردن، یان بەشینەوەی ماددە بێت.

سەرەڕای ئەوەی كە چینی سیاسیی باڵادەست لە عێراق سەركەوتوو بووە لە ئیحتیواكردنی هەندێك لەو ڕۆشنبیرانەی كە تەنیا ئینتیمایان بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان هەیە و، توانیویانە بیانگۆڕن بۆ مۆڤگەلێكی سەر لێ شێواو، بەڵام زۆر ڕۆشنبیری دیكە هەن تا ئێستا پابەندن بە مەسەلەی ئازادی و دیموكراسییەوە، هەموو ئەو چەمك و تیۆرانە ڕەت دەكەنەوە كە ڕۆڵیان لە نێو كۆمەڵگەدا بەرتەسك دەكەنەوە، ئەوان لەگەڵ گۆڕانكارییە سیاسی و كۆمەڵایەتی وفیكرییەكانی سەردەمدا دەژین، هاوكات لەگەڵ ئەوەی كە ڕۆژانە ڕوو دەدات لە بواری زێدەبوونی هۆشیاریی مرۆڤ بە ماف و ئازادییەكانی.

پەیامی ڕۆشنبیر بریتییە لە ڕەتكردنەوەی ڕەهای مامەڵەكردن، یان ئینتیما بۆ چینێكی سیاسی كە لە سایەی چەندین پاساوی بێ بنەمای مێژوویی، بیروبۆچوون و تیۆری داهێنراو دەخاتە ڕوو، بە مەبەستی ڕۆئیایەكی نەزۆكانەی سیاسی و ناكۆك لەگەڵ پرۆسەی دیموكراسی و پشتبەستوو بە فرەیی سیاسی و فیكری، هەروەها پەیامی ڕۆشنبیر و ڕۆڵی لە كۆمەڵگەدا بریتییە لە ڕەتكردنەوەی ئیحتیواكەی لە چوارچێوەی ڕێساگەلێكی دیاریكراوی سستی مەزهەبی، هەروەها ڕێگرتن لەوەی كە گوزارشت لە ڕاوبۆچوونی خۆی بكات، سەبارەت بە كێشە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئەخلاقییەكان.

ڕۆڵی ڕۆشنبیر لە ڕێی داهێنانە فیكری و عەقڵانی و بەشدارییەكانی لە بزووتنەوەی نیشتمانیدا بەرجەستە دەبێت، بۆ چەسپاندنی هۆشیاریی عەقڵانی بە مافەكانی تاك و ئازادییە بنەڕەتییەكانییان، بێ ئەوەی پابەندی ئامرازە دیاریكراوەكانی ئایدیۆلۆجی و سیاسیی دیاریكراو ببێت.

ڕۆشنبیری پابەند بە دۆزی گەل و نیشتمانەكەی، بەرپرسیارێتیی ڕۆشنبیریی خۆی بە بەرپرسیارێتیی سیاسی دەبەستێتەوە، هاوكات كاردەكات لە پێناو چەسپاندنی مرۆڤایەتی و ئامانجی سیاسی و دادپەروەریی كۆمەڵگە، بە گوڕ و تینەوە بەشداری دەكات لە پێناو داماڵین و ڕیشەكێشكردنی شكست و بێ سەروبەری و نائومێدی، لەو كۆمەڵگەیەی كە خۆی تێیدا دەژی، دیسان كولتووری ڕەخنەی كەسیی هۆشمەند بڵاودەكاتەوە، لە هەمان كاتیشدا چارەسەری واقیعبینانە دەخاتە ڕوو، كار و پرۆژەكانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن هەڵدەسەنگێنێت و، كەموكوڕییەكان دەستنیشان دەكات، بۆ چارەسەركردنی ئەو كەموكووڕییانەش پێشنیاری گونجاو دەخاتەڕوو.

 

Top