بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی(٦١) شەست و یەکەمین ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول

بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی(٦١) شەست و یەکەمین ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول

جەماوەری ئازیزی کوردستان
تێکۆشەران و ئازادیخوازانی کوردستان و عێراق

دەستپێک، بەبۆنەی (٦١) شەست و یەکەمین ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەین، تایبەت خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە گیانفیداکان و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی و تەواوی ئەو ئازیزانەی بەشدارییان لەو شۆڕشە مەزنە کردووە و ڕۆڵ و نەخشیان بەرز دەنرخێنین.

هاوڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان
بەر لە شەست و یەک ساڵ، ئەو کاتەی کۆماری ئەوسای عێراق لە بەڵێنەکانی پاشگەزبۆوە، دانی نەنا بە مافەکانی گەلی کوردستان، پرەنسیبەکانی شەراکەت و پێکەوەژیانی سیاسی نێو دەستووری عێراقی ژێر پێ خست، تەنانەت ڕێگە مەدەنییەکانی خەباتیشی داخست و بە لەشکرکێشی، ئاگر و ئاسن و شەڕ وەڵامی گەلی کوردستانی دایەوە، ئەوکات گەلی کوردستان بەڕابەرایەتیی (مستەفا بارزانی)، بۆ بەرگریکردن لە گەلی کوردستان و مافەکانی، خاک و سەروەرییەکانی، مانەوە و شکۆ و پیرۆزییەکانی، لە ڕۆژی ١١ ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١، خەباتی چەکداریی دەست پێکرد و ھەموو تواناکانی لە شۆڕشێکدا کۆکردەوە، کە بە درێژترین و کۆکراوەترین و بەرھەمدارترین شۆڕشی نێو مێژووی گەلی کوردستان دەژمێردرێت، کە تائێستایش ھەمووان، بە جیاوازییە ئایینی و نەتەوەیی و سیاسییەکانەوە شانازیی پێوە دەکەین و ھێندە بە قووڵی، مەزنیی و مانا فرەڕەھەندەکانی ڕۆچۆتە نێو مێژوو ، نەوە دوای نەوە پەند و عیبرەتی لێ وەردەگرن و بۆتە سەرچاوەیەکی ڕوون و زەڵاڵیش بۆ وانە گەورەکانی: (کوردایەتی، ڕەسەنایەتی، ڕابوون، وەستانەوە لە ڕووی ستەم، ویقاری پێشمەرگە، گیانفیدایی، عەدالەتخوازی، ڕۆشنبیریی نیشتیمانی، ماف و دیموکراسی، دیالۆگ و ئازادی، ھونەری دانووستان و، دواجار کوردستان یان نەمان).

ھاونیشتیمانیانی ھێژا
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول شۆڕشی ھەمووان بوو، شۆڕشی ھەموو جیاوازییەکان بوو، کۆکەرەوە و ڕوئیاڕوون و ئاییندەبین بوو، ھەر بۆیە زوو بەرھەمەکانی چنییەوە و ڕژێمی بەغدای ناچار کرد، کە غرووری خۆیان بشکێنن و بێن لە دامێنی چیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە، لە نێو خێمە و بارەگا سادەکانی شۆڕشەوە داوای دانووستان لە ڕابەری نەتەوە، سیمبوڵی ئازادیی گەل (مستەفا بارزانی) بکەن، کە ئاکام رێککەوتننامەی مێژوویی ١١ـی ئاداری ١٩٧٠ لێکەوتەوە، ئەو رێككەوتننامەیەی بووە بەڵگەنامەیەكی مێژوویی و بناغەیەكی پتەو بۆ هەموو ئەو دەسكەوتانەی دواتر بەدیهاتن. ئەوەش یەكەمجار بوو كە شۆڕشێكی كوردستانی بتوانێ بە ئامانج بگات و دروشمی خۆی بێنێتەدی و سەركەوتنە سەربازییەكانی بكات بە دەسكەوتی سیاسی و مافی نەتەوایەتی و نیشتیمانی بەدەست بهێنێ. دەبێ نەوەکان ئەم دیمەنە سیاسییانە بخوێننەوە، دەبێ ھەمووان لەو ڕاستییە ڕۆشنە تێبگەین، کە ڕەوایی ماف، ئیرادەی گەل و یەکڕیزیی نیشتیمانی کلیلی سەرکەوتنەکانە و، ئاکام مەزنترین ھێزی دوژمنکارانە تێکدەشکێنن، وەک ئەوەی شۆڕشی ئەیلول و پێشمەرگە قارەمانەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕابەرە خۆنەویستەکەی کردی، ئەم وانانە پتر لە ھەموو کات، بۆ ئەمڕۆ زۆر گرنگ و پێویست و بایەخدارن، تایبەت کە ئەرکگەلێکی زۆرمان بە ئەستۆوەیە و، عێراق و ناوچەکە سیخناخن بە ناڕوونیی سیاسی و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان، بۆیە دەبێ ھێزە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق بە ھەمان گیان و ئیرادەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، قۆڵی چارەسەریی لێ ھەڵماڵن، تا بتوانن ھەمووان بەیەکەوە دەروو و دەروازەیەکی خێر بۆ گەل و ئاییندە سیاسییەکەی بکەنەوە.

ھاوڵاتییانی ئازیز
لەم یادە پڕ شکۆیەدا نابێ ڕۆڵی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان نەخەینە بەر دید و زیھنی ھەمووان، تایبەت لاوانی کوردستان و ئەو نەوە تازەیەی، کە ژیرانە دەتوانن ئەمڕۆ بە دوێنێوە گرێ بدەن و لە پێناو ئاییندەسازیدا لە نێو کۆڕی کار و بەخشش و خەباتدا سەرگەرمی داھێنانن، بەوپەڕیی سەربەرزییەوە دەڵێین: لە نێو ئەو شۆڕشە مەزنەدا، دواتر لە شۆڕشی گوڵان، ڕاپەڕین، پرۆسەی ئازادیی عێراق و شەڕی نەگریسی داعش، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین قوربانی داوە، زۆرترین شەھیدی نەزری نیشتیمان کردووە، زۆرترین دەسکەوتیشی وەدەستھێناوە و لە کوێ شەڕ ھەبووبێ قەڵغانی بەرگری بووە و لە کوێش سەقامگیری و ئارامی ھەبووبێ، لەوێ دەستی ئاشتی و بازووی ئاوەدانی بووە، ئەمڕۆش بە ھەمان گیان و بە ھەمان گڕوتین و بڕواوە بەردەوام دەبێت لە خەبات، قوربانیدان، بەرگریی نیشتیمانی، چەسپاندنی ئاشتی و ئاوەدانی و، لەو پێناوەشدا لەگەڵ ھێزە سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان کار دەکات و تێدەکۆشێت.

لە کۆتاییدا، بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی پر ئیفتیخاری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، دەڵێین:
دروود بۆ گیانی بەرزەفڕی شەھیدانی گەلی کوردستان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی جوانەمەرگ.

دروود بۆ ڕێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەو سەرۆکە تێکۆشەرەی (٦٠) شەست ساڵە پێشمەرگەی ڕێگای ئازادییە.

دروود بۆ ئازادیخوازان، بۆ ھەموو ئەوانەی پێخەمەت ئازادی، دیموکراسی و پێکەوژیانی ئاشتییانە خەبات دەکەن.

دروود بۆ ھاوڵاتییانی کوردستان، ئافرەتان، لاوان، قوتابیان، پیر و جەوان و تێکڕای چین و توێژەکانی کوردستان.

دروود بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو پارتە (٧٦) حەفتاوشەش ساڵە پێشڕەوی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدان و دەسکەوتەکانە.

پارێزراو بێت دەسکەوتە دیموکراسییەکانی کوردستان، کە خۆی لە پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعیەکانی ھەرێمی کوردستان بەرجەستە دەکات.

شکۆدارتر بێت (٦١) شەست و یەکەمین ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول.

بژی کورد، بژی کوردستان…

مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٢

Top